English|فارسی
kurdistan.jpg
kurdustanukurd.jpg
kurdchanal.jpg
radio.jpg

avatar
17 Sep 2009

پەیامی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی 17 ساڵەی شەهیدكرانی دوكتور شەرەفكەندی وهاوڕێیانیەوە


هاونیشتمانانی خەباتگێر!
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان!
ئەندامان، لایەنگران‌و دۆستانی حیزبی دێموكراتی كوردستان!
حەڤدە ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی 26ی خەرمانانی 1371(17ی سێپتامبری 1992) دا دوكتور سادقی شەرەفكەندی سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان، فەتاحی عەبدولی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزب‌و بەرپرسی پێوەندی­یەكانی دەرەوەی حیزب لە ئورووپا، هومایوونی ئەردەڵان كادری حیزب‌و نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئەڵمان‌و نووری دێهكوردی تێكۆشەری ئێرانیی دۆستی حیزب، لە رێستورانێك بە ناوی میكۆنووس لە شاری بێرلین پێتەختی ئەڵمان كەوتنە بەر دەسڕێژی چەكی تیرۆریستەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و شەهید بوون.
تێرۆری د.سادقی شەرەفكەندی‌و هاورێیانی كەمتر لە سێ ساڵ دوای تێرۆری گەورەپیاوی ناوداری كورد د.عەبدولرەحمانی قاسملوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان‌و عەبدولڵا قادری ئازەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە شاری ڤیەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش بە دەستی تێرۆریستانی كۆماری ئیسلامی رووی دا. هەر بۆیە لە لایەك بەهۆی ئەوەی كە لە ماوەیەكی ئاوا كورت دا حیزبی دێموكرات و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كوردستان دوو رێبەرو چەند كادری رێبەریی لە دەست دا، خەسارێكی گەورەو زەبرێكی بە ژان بوو. لەلایەكی دیكەش بە هۆی ئەوەی كە دووەمین جار بوو رێبەرانی پلەیەكی كورد ئاوا بە ئاسانی لە داوی تیرۆریستانی كۆماری ئیسلامی دەكەوتن، زۆر جێگەی داخ بوو. ئەزموونێك كە كوردو بزووتنەوەكەی لە پێوەندی لەگەل ئەم دوو رووداوە تاڵە دا لە فێلبازی‌و رق‌و كینی دوژمنانی كورد لە لایەك‌و كەمترخەمیی رێبەرانی كورد لە پاراستنی گیانی خۆیان­دا دەستی كەوتوە، بەداخەوە بە نرخێكی زۆر گران تەواو بوو.
دوكتور سادقی شەرەفكەندی لەو تێكۆشەرە بە توانایانەی كورد بەگشتی و حیزبی دێموكراتی كوردستان بە تایبەتی بوو كە توانی دوای تێرۆری رێبەری لێوەشاوەی كورد، حیزبی دێموكراتی كوردستان وەك بەرچاوترین هێزی بزووتنەوەی میللی دێموكراتیكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە باشی ئیدارە بكاو لە راستی دا جێگەی د.قاسملوو بە لێهاتوویی‌و كارزانیی خۆیەوە پڕ بكاتەوە. ئەو بەهۆی لێبڕاوی‌و باوەڕی پتەوی بە خەبات‌و تێكۆشان نەی­هێشت دوودڵی‌و ناهومێدی باڵ بەسەر بزووتنەوەی كورد دا بكێشێ‌و ئەزموونێكی لەو قۆناغە تاڵ‌و ئەستەمە بەدەستەوە دا كە دوای شەهیدبوونی خۆشی كەڵكی زۆری بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستان هەبوو.
د. سادقی شەرەفكەندی یەكێك لەو بژاردانەی كورد بوو كە لە حیزبی دێموكراتی كوردستان دا رۆلێكی زۆری لە دەوڵەمەند كردنی ئەدەبیاتی سیاسی‌و تیئۆریزە كردنی سیاسەتەكانی حیزب دا هەبوو. خاوەنی بیروبۆچوونی وردو ئیستدلالی بەهێز لە دیاریكردنی سیاسەتەكانی حیزب و لە دیفاع لە هەقانیەتی مافی نەتەوایەتی‌و دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەكەیدا بوو. شارەزایی‌و هەرلەوكاتەش دا خاكەرایی، راستگۆیی‌و شەفافیەت لەبیروبۆچوون دا لەو تایبەتمەندیانە بوون كە نفووزو خۆشەویستیی ئەویان لە نێو هاوسەنگەرانی دا بردبووە سەرێ‌و بە هۆی ئەم تایبەتمەندیانەوە ببوو بە رێبەرێكی بە بڕشت‌و جێگەی متمانەو پەناگە لە كاتی تەنگانەو رۆژانی سەخت دا.
دووەم خاڵی جێگای سەرنج و پێزانین لە پێوەندی لەگەڵ تیروری میكونووس دا هەڵوێستی شیاوو جێگەی ئافەرینی دەزگای قەزایی ئەڵمانە كە لە دادگای میكۆنووس دا رێبەرانی كۆماری ئیسلامیی بە بڕیاردەری ئەم جینایەتە زانی‌و مەحكووم‌و ریسوای كردن. ئەم هەنگاوە لە لایەك نەی­هێشت پەروەندی میكۆنووس وەك پەروەندەی تیروری ڤییەن ببێتە فیدای سات‌و سەودای بازرگانی‌و لە لایەكی دیكەش زەبرێكی قورسی لە ئابڕوو و ئیعتیباری كۆماری ئیسلامی لە نێو بیروڕای گشتیی جیهان دا.
shehidani26ixermanan.jpg
هاونیشتمانانی بەڕێز!
د.سادقی شەرەفكەندی‌و هاوڕێیانی لە كاتێك­دا بە دەستی تێرۆریستانی سەر بە كۆماری ئیسلامی شەهید بوون كە لە كاتی وتووێژ لەگەل ژمارەیەك لە تێكۆشەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە مەبەستی لێك نزیك كردنەوەی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن دا بوو. د. شەرەفكەندی زۆر بە باشی لەو راستی­یە گەیشتبوو كە یەكێك لە هۆیەكانی مانەوەی كۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵات، پەڕش‌وبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن‌و لە ئاكام دا لاوازیی ئەوانە. حەڤدە ساڵ دوای ئەم رووداوە بەداخەوە ئێستاش ئەو ئاواتە نەهاتۆتە دی‌و كۆماری ئیسلامییش دوای ئەم رووداوە دەیان كەسایەتیی دیكەی كوردو ئێرانی لە دەرەوەو لە نێوخۆ تێرۆر كردوەو درێژەی بە دەسەڵاتی جەهەننەمیی خۆی داوە. ئەگەر كۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنە سەركاری­یەوە بە زمانی چەك‌و لە رێگەی هێزی نیزامی‌و تێرۆرەوە تێكۆشەرانی سیاسیی كوردو ئێرانیی لە نێو بردوەو سەركوتی كردوون، ئەمڕۆ هەر بەم شێوەیەوە هەر بەم رێگەیە دا تێكۆشەرانی مەدەنی‌و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵكی ئێران سەركوت دەكا. ئەم رێژیمە خۆپێشاندانی ئیعترازیی خەڵكی ئێران لەدژی كودیتای 23ی جۆزەردان، هەر بەوە شێوەیە سەركوت كرد كە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی پێ سەركوت دەكرد.
كەوابوو كۆماری ئیسلامی دوژمنی هاوبەشی هەموو خەڵكی ئازادیخوازو هەموو هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە. لە هەلومەرجێكی ئەوتۆدا بە تایبەتی كە رۆژلەگەڵ رۆژ كۆماری ئیسلامی پێگەی خەڵكیی لەدەست دەداو ناڕەزایەتیی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران لەم رێژیمە پەرە دەگرێ، پێویستیی هاوكاری‌و هەماهەنگی لە نێو هێزە ئازادیخوازەكانی سەرانسەری ئێران دا زیاتر خۆی دەنوێنێ. لە هەلومەرجێكی ئەوتۆ دا لەسەر هێزە ئازادیخوازەكانە كە وێڕای هەوڵدان بۆ دۆزینەوی میكانیزمی لێك نزیك بوونەوە‌و هەماهەنگی‌و هاوكاری لەگەڵ یەكتر، سروشتی ئەو بزووتنەوە ئازادیخوازو مەدەنی­یەی خەڵكی ئێران بناسن‌و پشتیوانیی لێ بكەن‌و هەوڵ بدەن‌و هاودەنگی‌و هاودڵی­یەكی بەرین لە هەموو ئازادیخوازانی دەرەوەو ژوورەوە پێك بێنن. ئەم هەنگاوە هیوا بە سەركەوتن بەهێز دەكاو داهاتوویەكی روون دەخاتە بەر چاوی خەڵكی وەزاڵە هاتووی ئێران.
حیزبی دێموكراتی كوردستان لەو پێناوە دا لەگەڵ هەموو هێزە ئازادیخوازەكانی ئێران كە باوەڕیان بە دێموكراسی‌و دابین بوونی مافە نەتەوایەتی­یەكانی گەلانی ئێران هەیە، ئامادەی هاوكاری­یە. حیزبی دێموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە باوەڕی بەو سیاسەتە هەبووەو ئێستاش ئامادەیە كە بە هاوكاریی هەموولا رێگە چارەیەك بۆ نزیكبوونەوء هاوكاری لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەكان بدۆزێتەوە.
خەڵكی ئازادیخوازو خەباتگێڕی كوردستان!
ئەندامانء دۆستانی حیزبی دێموكراتی كوردستان!
تێرۆری د. سادقی شەرەفكەندی‌و هاورێیانی حەڤدە ساڵ لەمەوبەر هەرچەند زەبرێكی قورس‌و بەژان بوو كە وەبزووتنەوی كورد بەگشتی‌و حیزبی دێموكراتی كوردستان بە تایبەتی كەوت، بەڵام بە خۆشی­یەوە رێگای د. شەرەفكەندی هەروا بەردەوامەو بێگومان تا وەدیهاتنی ئامانجەكانی هەر بەردەوام دەبێ. ئەوە دەرسێكە كە د. سادقی شەرەفكەندی دوای شەهیدبوونی ماموستای گەورەمان د. قاسملووی نەمر بە كردوە فێری كردین. لە ماوەی حەڤدە ساڵی رابردوو دا حیزبی دێموكراتی كوردستان هەورازو نشێوی زۆری دیوە بەڵام هەروا لە مەیدان دایە. ئەگەر لەو كاتەوە وردە وردە بە هۆی هەلومەرجی سیاسیی ناوچە، تاكتیكی خەباتی چەكدارانەی وەلا ناوە، لە بواری كاری تەشكیلاتی‌و دیپڵۆماسی‌و راگەیاندنەوە حوزوورێكی چالاكترو بەربڵاوتری هەیە. ئەو حوزوورە لەلایەك بۆ وشیاریی رۆڵەكانی كوردو پێویستیی درێژەدان بە خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایتی­یەكانیان دەگەڕێتەوەو لەلایەكی دیكەش بە ئیلهام لە بیرو باوەڕو تێكۆشانی د. شەرەفكەندی‌و شەهیدانی دیكەی رێبەرە.
مەبەستی كۆماری ئیسلامی لە تێرۆری د. سادقی شەرەفكەندی‌و هاوڕێیانی لەنێوبردنی حیزبی دێموكراتی كوردستان‌و لاواز كردنی بزووتنەوەی كورد بوو. ئەگەر چاوێك بە هەلومەرجی سیاسیی ئەمڕۆی كوردستان دا بخشێنین كۆماری ئیسلامی لەو ئامانجەی دا تووشی ناكامی بووە. ئەمڕۆ جگە لەوەی كە حیزبی دێموكراتی كوردستان هەروا لە مەیدان دایە، چەند هێزی ئازادیخوازی دیكەی كورد لە مەیدان دان. ئەم هێزء لایەنانە هەرچەند بەداخەوە یەكیەتی‌و هەماهەنگی­یەكی چاوەڕوانكراویان لە نێوان دا نیە، بەڵام بە خۆشی­یەوە لە رووی بیرو باوەڕی نەتەوایەتی ئازادیخوازی‌و زۆر مەسەلەی دیكەوە خاڵی هاوبەشیان زۆرە. هەربۆیە ئیمكانی هاوكاری‌و هەماهەنگیی نێوانیان لە داهاتوو دا زۆرە. جگە لەمەش ئەمڕۆ لە نێوخۆی كوردستان بەهۆی وشیاریی نەتەوەیی‌و پەرەگرتنی بیری ئازادیخوازیی كۆمەڵگەی كوردستان لە رووی سیاسی‌یەوە كۆمەڵگەیەكی چالاكە. سەركوت، گرتن‌و ئەشكەنجە درانی تێكۆشەرانی مەدەنی‌و تەنانەت كوژرانی رۆڵەكانی كورد لە حەرەكەتە ئیعترازی­یەكانی خەڵكی كوردستان دا بە دەستی هێزەنیزامی­یەكانی كۆماری ئیسلامی نەی توانیوە پێش بە چالاكی‌و تێكۆشانی ئازادیخوازانە‌و مەدەنیانەی ئەوان بگرێ. مەیدانی خەبات‌و تێكۆشانی ئازادیخوازانی كورد چ بە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوە‌و چ بە بزووتنەوی ئازادیخوازانە‌و مەدەنیانەوە لە نێوخۆ، بەرین‌و بەربڵاوتر بۆتەوە. دەرك كردن‌و رێزگرتن‌و پشتیوانیی ئەم لایەنانە لە یەكتر، سەركەتن‌و دەسكەوتی زیاتر لە داهاتووی ئێران دا بۆ كورد دەستەبەر دەكا. حیزبی دێموكراتی كوردستان هەروەك زۆر جاری دیكە رای‌گەیاندوە وێڕای پشتیوانی لە حەرەكەتی ئازادیخوازانە‌و مەدەنیانەی نێوخۆ، ئامادەی دۆستایەتی، هەماهەنگی‌و هاوكاری لەگەڵ هەموو هێزە سیاسی­یەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە‌و لە هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێران دا ئەو ئەركە بە ئەركێكی پێویست‌و خێرای هێزە سیاسی­یەكانی كورد دەزانێ.
لە یادی حەڤدەی ساڵەی تێرۆری د. سادفی شەرەفكەندی‌و هاوڕێیانی دا جارێكی پەیمان نوێ دەكەینەوە كە تا سەر درێژەدەری رێگای شەهیدان بین‌و تا گەشتن بە ئامانجەكانی ئەوان رێگایان بەر نەدەین.
بەرز‌و پیرۆز بێ یادی شەهیدان دوكتور سادقی شەرەفكەندی، كاك فەتاحی عەبدولی‌و كاك هومایوونی ئەردەڵان‌و نووریی دێهكوردی.
حیزبی دێموكراتی كوردستان
دەفتەری سیاسی
26/6/1388
17/9/2009

بگه‌رێوه‌| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| Balatarin Balatarin
start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact