ئاماده كردن: "كوردستان"
ئاماژه:یه‌كێك له رووداوه گرینگه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌یه. رۆژی 31ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 1358 پاش ئه‌وه حیزبی دێموكراتی كوردستان له شاری نه‌غه‌ده دووه‌مین میتینگی خۆی به‌ست ده‌ستی پێكرد. هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی ئه‌م میتینگه‌وه كه هێشتا دوكتور قاسملوو ره‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانی وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش نه‌كردبوو ته‌قه ده‌ستی پێ‌كردو میتینگه‌كه تێك درا. ئێستا كه سی ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ، زۆر بابه‌ت هه‌یه كه بخرێنه به‌ر باس و له‌م راڤه بكرێن.
له‌م باره‌یه‌وه وتووێژێكمان له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌ن زاده پێك هێناوه كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌كه‌یه‌تی.
كوردستان: سه‌ره‌تا پێمان خۆشه له زمانی جه‌نابته‌وه ببیسین كه هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نه‌غه‌ده بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: به‌خێر بێن بۆ ئه‌و چاوپێكه‌وتنه دیاره ده‌بێ پیاو به‌داخ و كه‌سه‌ره‌وه باسی رووداوی شه‌ڕی نه‌غه‌ده بكا. ئه‌وه شه‌رێك بوو كه به‌دخوازانی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و ئازه‌ربایجانی توانیان به سه‌ریان دا بسه‌پێنن. هۆكاره‌كه‌ی ـ ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ به كورتی باسی بكه‌ین ـ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و ئه‌سڵه كه مخالفانی ماف و ئازادییه‌كانی گه‌لی كورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان قه‌ت حه‌زیان له ته‌بایی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه نه‌كردوه‌و هه‌میشه هه‌وڵیان داوه حه‌ساسییه‌ت له نێوان رۆڵه‌كانی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه له‌و شاره‌دا دروست بكه‌ن. مێتینگێك كه له‌و شاره دا گیرا ئه‌گه‌ر له خوێن وه‌رنه‌درابایه ده‌ی‌توانی سه‌ره‌تایه‌ك بێ بۆ پێكه‌وه ژیانی برایانه‌و هاوخه‌باتی له نێو ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌داو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه سه‌ر نه‌گرێ و سه‌ر نه‌كه‌وێ، ئه‌وانه ئه‌و پیلانه‌یان گێراو ئه‌و شه‌ره خوێناوییه‌یان به‌رپاكرد.
كوردستان: باس له‌وه ده‌كرێ كۆمه‌ڵێك تاقم و لایه‌نی سه‌ر به رێژیم ده‌ستیان هه‌بووه له هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا ڕاتان له‌و پێوه‌ندییه دا چییه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: ئه‌و ناوانه‌ی هاتنه نێو باسه‌كه‌و كاریگه‌رییشیان هه‌بوو، ناوێكی ناسراو بوون. وه‌ك ئینسانی خۆفرۆشی حیرفه‌یی له زه‌مانی شاش دا توانیبوویان خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و خواسته‌كانی ده‌وڵه‌ت بگونجێنن و له زه‌مانی جه‌مهوریی ئیسلامی‌یش دا توانیبوویان خۆیان بگونجێنن. ئه‌وانه‌ی ناویان ده‌بردرا دوو عونسوری ناسراو بوون به ناوه‌كانی مه‌عبوودی و قه‌تاری، به‌ڵام له عه‌ینی حاڵ دا له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی هه‌ورازتریشه‌وه له نێو رێژیمی جمهوریی ئیسلامی‌دا پشتیوانی‌یان لێ ده‌كرا. ئه‌وانه بوون كه ئه‌و شه‌ڕه‌یان هه‌ڵاییساند، یانی ناكرێ هه‌ر بڵێێن به‌قایای رێژیمی پاشایه‌تی بوون، و كۆماری ئیسلامی ده‌خاله‌تی تێدا نه‌بووه، ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی مخالفی ئه‌وه بایه ده‌ی‌توانی پێشیان پێ بگرێ یان رووداوه‌كانی دوایی به‌و جۆره‌ی كه هاتنه پێشێ نه‌ده‌هاتنه پێش. ئه‌وانه خۆیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی‌یش رێك خستبووو خۆیان كردبوو به پارێزه‌رانی ئیسلام!
كوردستان: مامۆستا ئه‌و تاقم و لایه‌نانه یان ئه‌و ده‌ستانه‌ی ئێستا جه‌نابت ئیشاره‌ت پێ كردن له‌و كاره دا مه‌به‌ستیان تێكدانی برایه‌تیی كورد‌و ئازه‌ری بوو یان مه‌به‌ستیان لێدانی پایه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستان بوو؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: به بێ شك مه‌به‌ستیان زه‌ربه وه‌شاندن له حیزبی دێموكراتی كوردستانیش بوو، ئه‌گه‌ر له جێیه‌كی دیكه بایه ده‌ی توانی هه‌ر دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ حیزبی دێموكراتی كوردستان بێ به‌لاَم له‌و شاره كه شاری پێكه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌ی كورد‌و ئازه‌ربایجانییه‌كانه، ده‌كرێ بڵێین ئه‌و هه‌ده‌فه هه‌ده‌فی یه‌كه‌م بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه نه‌توانن پێكه‌وه بژین. له پاشان ئه‌وه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ر دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ دێموكرات، وا بكه‌ن كه ئه‌و شه‌ڕه له جیاتی ببێته شه‌ڕی حیزبی دێموكرات و به‌كرێگیراوانی كۆنه‌په‌رستی، ئه‌و مۆركه‌ی لێ بدرێ كه شه‌ڕی كورد و ئازه‌ربایجانیانه‌و ئه‌و حه‌ساسییه‌تانه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ له نێو ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا په‌ره پێ بده‌ن و ئاوره‌كه خۆش بكه‌ن.
كوردستان: له‌و نێوانه دا ته‌بعا كه‌سانێك نه‌خشیان هه‌بوو وك ئیمام جومعه‌ی ورمێ مه‌لا حه‌سه‌نی نه‌خشی ئه‌و له‌و راستایه چ بوو؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌من له بیرم بێ نه‌خشی ئاغای حه‌سه‌نی نه‌خشی پشتی په‌رده بوو. ئه‌وانه‌ی له ژوورێ دا راسته‌وخۆ ده‌خاله‌تیان هه‌بوو هه‌ر ئه‌و دوو ناوه بوون كه ناوم بردن مه‌عبوودی و قه‌تاری، له ژێر حیمایه‌تی ناراسته‌وخۆ یان بڵێین پشتی په‌رده‌ی ئاغای غولام ره‌زای حه‌سه‌نییش دا بوو.
كوردستان: مامۆستا ئه‌و شه‌ڕه چوار رۆژی خایاندوه، پێمان خۆشه بزانین له‌و چوار رۆژه دا چ رووی‌داوه؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: له‌وه چوار رۆژه‌دا ئه‌من له‌وێ نه‌بووم. ئه‌من له سه‌فه‌رێكی كه‌مێك درێژخایه‌ن هاتبوومه‌وه، شه‌وێ له مالێ بووم، روحی شاد بێ دوكتور قاسملوو هات لوتفی كرد، بۆ به خێر هاتنه‌وه‌م، پاشان باسی ئه‌وه‌ی كرد مێتینگمان هه‌یه له نه‌غه‌ده ئه‌گه‌ر پێت خۆشه وه‌ره. ئه‌منیش گوتم پێم خۆش بوو بێم، به‌ڵام هه‌م ماندووم، هه‌میش ده‌زانم میوانم دێن. چونكی ئه‌من ماڵ و منداڵم هێنابۆوه بۆ مه‌هاباد. ده‌مزانی دوست و خزم و براده‌رم دێنه لا، بۆیه ئیدی ئه‌من نه‌چووم. به‌هه‌رحاڵ رووداوه‌كانی به‌م شێوه‌یه بوون كه له ئه‌وه‌ڵه‌وه مێتینگ ده‌ست پێ ده‌كا له ستادیۆمێكی نه‌غه‌ده كه ئه‌من شوێنه‌كه‌شم نه‌دیبوو له جێ‌دا شاری نه‌غه‌ده باش ناناسم. ئه‌وه‌نده‌ی تێدا نه‌بووم، مێتینگ به قسه‌كانی دوكتور قاسملوو ده‌ست پێ ده‌كا. پاشان له ده‌ره‌وه‌ی ستادیۆمه‌كه ته‌قه‌یه‌ك ده‌ست ده‌كرێ و ته‌قه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌كرێ. ئه‌وه‌ڵ جار پێیان وایه نه‌بن ته‌سادوفه، كاك حه‌مه‌ده‌مین سیراجی كه له‌وێ ده‌بێ ده‌عوه‌ت به ئارامش ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه ناره‌حه‌ت نه‌بێ و مێتینگه‌كه ئیدامه‌ی هه‌بێ. به‌ڵام كه ته‌ماشا ده‌كه‌ن شته‌كه جددییه ئه‌و جار دوكتور قاسملوو ده‌ستوور ده‌دا كه بڵاوه‌ی بكه‌ن و به ئارامی شاره‌كه به جێ بێڵن. ئه‌مما له لایه‌ك شه‌ڕفرۆشه‌كان ده‌یانویست ئه‌و شه‌ڕه ئیدامه‌ی هه‌بێ و له لایه‌كی دیكه‌وه سه‌ره‌تای ئینقلاب بوو هه‌ستی ئینقلابیگه‌ری به‌هێز بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ی ئێمه‌ش كه به‌شێكی زۆریان له شاری جۆراوجۆره‌وه هاتبوون چه‌كیان پێ بوو. كه رووی چه‌كه‌كان ده‌كرێته ئه‌وان، ئه‌وانیش مه‌جبوور ده‌بن دیفاع بكه‌ن و جواب بده‌نه‌وه. شه‌ڕ عاده‌ته‌ن به لایه‌ك هه‌ڵ داییسێ، به‌ڵام به هه‌ردوو لا ده‌توانرێ پێشی پێ بگیرێ، هه‌لاَییساندنی ئاسانه‌و كووژانه‌وه‌ی به زه‌حمه‌ته، ئیدی وای لێ دێ كه شه‌ڕه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وام ده‌بێ. رێبه‌رایه‌تیی حیزب كه له مهاباد بوو، خودی دوكتور قاسملووش گه‌ڕایه‌وه بۆ مهاباد. هه‌وڵێكی زۆری دا له رێگه‌ی ئوستانداری ورمێوه. له رێگه‌ی فه‌رماداری مه‌هابادو به ته‌ماس گرتن له گه‌ڵ مه‌ركه‌ز بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی پێ بهێندرێ. به‌ڵام وا دیاربوو ئه‌وانه پیلانێكیان به‌ده‌سته‌وه بوو كه ده‌یانویست تا سه‌ر ئیدامه‌ی بده‌ن. بۆیه سێ رۆژی ئه‌وه‌ڵێ هیچ نه‌كرا. كووچه به كووچه‌و ماڵ به ماڵ و مه‌نتیقه به مه‌نتیقه شه‌ڕه‌كه ئیدامه‌ی هه‌بوو، به كرده‌وه وه‌كوو گوتم شه‌ڕه‌كه بوو به شه‌ڕی نێوان كورد‌و ئازه‌ربایجانی، ئه‌گه‌ر ئیشتبا نه‌كه‌م شه‌ڕه‌كه 3ی مانگی بانه‌مه‌ڕ كۆتایی پێ هات. هه‌یئه‌تێكی حیزبی و كه‌یخودایان و پیاوماقووڵانی مه‌هاباد له نێو ئه‌وانیش دا فه‌رمانداری مه‌هاباد له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێك له پیاو ماقوولاَن و ریش سپییانی ئازه‌ربایجانی، ئوستاندارو یه‌ك دوو شه‌خسییه‌تی رووحانی له ورمێوه له مه‌حمه‌دیارـ شارێكی چوكه‌ڵه‌یه له‌نێوان مهابادو نه‌غه‌ده‌ـ كۆبووینه‌وه. پێشتریش ئه‌رته‌ش ئیعلانی كردبوو كه بۆ ئارام كردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌و بۆ دامركاندنه‌وه‌ی شه‌ره‌كه دێته نه‌غه‌ده. ئێمه له‌وێ دانیشتبووین پاش باس و مناقشه‌یه‌كی زۆر په‌یامێكی موشته‌ره‌كمان ئیمزا كرد كه له رادیۆ بخوێندرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لا ده‌ست له ته‌قه هه‌ڵ بگرن و هه‌ر كه‌سه بچێته‌وه ماڵه خۆی و ئه‌وه له رادیۆش خوێندرایه‌وه. له‌و كاته‌دا بوو كه تانگه كانی ئه‌رته‌ش گه‌یشتنێ، هاتن به نێو مه‌حمه‌دیار دا تێ په‌ڕین. به‌ڵام دیار بوو نه‌خشه‌یه‌ك بوو له پێش دا دارێژرابوو. ئه‌رته‌ش چۆ ئه‌وێ، به‌لام نه‌چوو بۆ دامركاندنه‌وه‌ی شه‌ڕ.به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌فعی ئازه‌رییه‌كان ده‌خاڵه‌ت بكا‌و ناوچه كوردنشینه‌كانی كوتا.
كوردستان: هۆكاری ته‌قویه‌تی ئازه‌رییه‌كان چی بوو؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: به بێ شك ده‌لایلی كۆن و ته‌نانه‌ت نوێشی هه‌بوون: ئه‌وه‌ڵه‌ن حه‌ساسییه‌تی هه‌موو رێژیمه‌كانی ئێران به پاشایه‌تی و ئیسلامییه‌وه پتر به كورد‌و به‌تایبه‌تی به حیزبی دێموكراتی كوردستان هه‌یه، له پاشان ئه‌وانه‌ی شه‌ڕه‌كه‌یان هه‌لاَییساند ئه‌گه‌رچی خائین به نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجانیش بوون، له باری هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌و ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی، ئازه‌ری بوون. مه‌عبوودی و قه‌تاری هه‌ردووكیان ئازه‌ری بوون، حه‌سه‌نی بۆخۆی هه‌ر له‌وان بوو. له به‌ر ئه‌وه وایان ئه‌رته‌ش تێ گه‌یاندبوو كه ئه‌وه ته‌وتئه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌و هه‌مان ئیتهامی سواو‌و بۆگه‌نیوی جیاوازیی خوازی و ته‌جزیه ته‌له‌بی یان زیندوو كردبۆوه، ده‌زانین ئازه‌ربایجانییه‌كان له باری مه‌زهه‌بییه‌وه كه حكوومه‌تی ئێستا حكومه‌تێكی مه‌زهه‌بییه شیعه‌ن. له حاڵێك دا كورد له‌و مه‌نته‌قه‌یه سونین، ته‌نانه‌ت هه‌وڵیان دابوو حه‌ساسییه‌تی مه‌زهه‌بییش دروست بكه‌ن. له حالێكدا نه له نێو كورددا‌و نه له نێو حیزبی دیمۆكراتی كوردستاندا به‌تایبه‌تی حه‌ساسییه‌تی مه‌زهه‌بی قه‌ت جێی نه‌بووه. ئه‌وه‌له‌ن كورد سوننی نیه. كورد سوننیی هه‌یه، شیعه‌ی هه‌یه. ته‌نانه‌ت موسڵمان و غه‌یره موسلمانیشی هه‌یه. كه‌وابێ ئه‌وان توانیبوویان ئه‌و ئیحساساته‌ش ته‌حریك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ربه له كورده‌كان و له حیزبی دێموكراتی كوردستان بده‌ن. لێره‌دا پێم خۆشه زۆر به واقعبینییه‌وه ئیشاره به‌وه‌ش بكه‌م كه ئێمه وه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستان كه رێكخه‌ری مێتینگه‌كه بووین له هێندێك شت دا ئینتقادمان پێ واریده، یانی ئێمه نه‌مان توانیبوو، له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه بووبێ كه ماوه‌یه‌كی زۆربوو له وڵات دووربووین، نه‌مان توانیبوو حه‌ساسییه‌تی وه‌زعه‌كه هه‌ڵ سه‌نگێنن، ئه‌و مێتینگه له جێ دا له نه‌غه‌ده نه‌كه‌ین یان ئه‌گه‌ر له نه‌غه‌ده ده‌یكه‌ین له مه‌نته‌قه‌یه‌كی دوورتر‌و په‌ناتر بیكه‌ین .
كوردستان: مه‌به‌ستی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌وه‌ی كه له نه‌غه‌ده ئه‌و میتینگه‌ی گرت چی بوو؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: عه‌رزم كردی هه‌ده‌فی حیزبی دێموكراتی كوردستان دوو شت بوو جالیبه بێ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌وه هه‌ده‌ف بێ، راست وه‌ك ده‌ورانی كۆماری كوردستان بوو كه بۆ یه‌كه‌م جار ئاڵای كوردی له مه‌هاباد هه‌ڵكرا بۆ دووه‌م جار له نه‌غه‌ده بوو، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش له 11ی ره‌شه‌مه له مه‌هاباد بۆ یه‌كه‌م جار اعلان كرا كه حیزبی دێموكرات تێكۆشانی ئاشكرای خۆی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌و وا به دروست زانرا كه له نه‌غه‌ده‌ش بۆ دووه‌م جار وه‌كوو نه‌ریتێك، بێ ئه‌وه‌ی ئیشاره‌یه‌ك به‌و رابردووه بكرێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ته‌سادوفیش بووبێ، له‌و شاره‌بكرێ. مه‌به‌سته‌كه‌ش ئه‌وه بوو كه له نێو شاری نه‌غه‌ده‌ی وه‌ك شارێكی موهیم ئه‌و خه‌سڵه‌تی تێكه‌ڵاوییه هه‌یه، له‌وێدا قسه بكرێ. له وتارێكدا كه نه‌نوسرابوو به‌ڵام قه‌رار وابوو دوكتور قاسملوو بیدا، به ته‌واوی ته‌ئكید له سه‌ر برایه‌تی و هاوكاری و هاوپه‌یمانیی نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه كرابۆوه یانی قه‌رار بوو له سه‌ر ئه‌وه پێ دا بگیرێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌فحه‌یه‌كی تازه له پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا بكرێته‌وه‌و پێكه‌وه بۆ هه‌ده‌فه‌كانیان كه هه‌ده‌فی موشته‌ره‌كن، تێ بكۆشن. پێم وابێ دوژمنانی ماف و ئازادییه‌كانی ئه‌و دوو نه‌ته‌وانه به هه‌ست كردن به‌و وه‌زعییه‌ته هه‌وڵیان دا ئه‌و مێتینگه بشێوێنن .
كوردستان: مامۆستا وه‌ك دوایین پرسیار پێت وایه خه‌ساره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه چی بوون ؟
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده: خه‌ساره‌كانی ئه‌و شه‌ره یه‌كجار زۆر بوون له باری گیانییه‌وه ده‌كرێ بڵێین نزیك به 200 كه‌س ـ موبالغه زیاتر ده‌كرێ ـ به‌ڵام نزیك به 200 كه‌س له هه‌ردوو لا شه‌هید بوون. ژماره‌یه‌كی له‌وه زیاتر بریندار بوون ماڵێكی زۆری كورده‌كان ـ به تایبه‌تی ـ رووخان، خه‌سارێكی زۆر به خه‌ڵكی گه‌یشت، خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر ته‌قریبه‌ن به‌شی هه‌ره‌زۆری كورده‌كان ئاواره بوون و ماوه‌یه‌كی یه‌ك جار زۆری پێوه‌خرا تا بگه‌ڕێنه‌وه. ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ ئه‌و كوردانه‌ی له‌وێ ئاواره بوون هه‌موویان نه‌گه‌راونه‌وه به ده‌لیلی ئه‌وه كه ماڵ و كاشانه‌و هه‌موو شتێكیان تێدا چوو بوو. بچنه‌وه كوێ؟ ئه‌وه یه‌كێك له خه‌ساره‌كانی بوو. به‌ڵام به باوه‌ری من خه‌ساری هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پێوه‌ندیی نێوان كورد‌و ئازه‌رییه‌كانی تا حه‌ددێكی زۆر شێواند یانی ناحه‌زانی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه له پیلانه‌كانیان دا سه‌ركه‌وتن كه ئه‌و حه‌ساسییه‌ته له نێوان ئه‌و دوو میلله‌ته دا دروست بكه‌ن و ئه‌وه به زیانی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌و به تایبه‌تی به زیانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و میلله‌تی كورد بوو چونكه ئه‌و خاكه زیاتر میلله‌تی كورد‌و حیزبی دێموكراتی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی كورد لێی به‌رپرسیارن تا هێندێ هێزی دیكه. كه له لاوه‌ڕا ده‌یان هه‌وێ ده‌ستی تێ وه‌رده‌ن یا ئاژاوه‌ی تێدا بنێنه‌وه‌و له گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لای حیزبی دێموكراتی كوردستان ئه‌و برینانه به ئاسانی سارێژ نه‌بوونه‌وه ره‌نگه ئیستاش پاشماوه‌یان هه‌ر مابێ. به خۆشییه‌وه وه‌كوو ئاگادارین ئه‌و پێوه‌ندییانه تا راده‌یه‌كی زۆر گه‌راونه‌ته‌وه جێی خۆی، به‌ڵام پاش نزیك به 30ی ساڵ یان بڵێم پاش 30ی ساڵی ته‌واو .


