English|فارسی
kurdistan.jpg
kurdustanukurd.jpg
kurdchanal.jpg
radio.jpg

avatar
23 Jul 2010

راگەیەندراو (به‌ بۆنه‌ی پێکهاتنی پلینۆمی كومیتە ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌وه)


بە ئاگاداریی بیرورای گشتیی دەگەیەنین پلینۆمی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستان كە سەر لە بەیانیی رۆژی سێ شەممە 19ی پووشپەڕی 1389 بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی ئه‌سڵی، جێگرو راوێژكاری كومیتەی ناوەندی دەستی پێ كردبوو، دوای دوو رۆژ كاری بەردەوام ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 30 پووشپەڕ كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا.
لە سەرەتای كارەكانی پلینۆم دا كە بە ڕێز گرتن لە گیانی شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستان و ئێران دەستی پێكرد، بەرنامەكانی كاری پلینۆم لەلایەن كاك خالید عەزیزی سكرتێری گشتیی حیزبەوە خرایە بەرباس و پەسند كرا.
یەكەم بڕگەی بەرنامەی كاری پلینۆم بریتی بوو لە لێكدانەوەیەكی سیاسی لەسەر بارودۆخی ئێران ورۆژهەڵاتی كوردستان كە لەلایەن سكرتێری گشتیی حیزبەوە پێشكەش كرا. كاك خالید عەزیزی لە سەرەتای باسەكەی دا ئاوڕی لە دوایین گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و كوردستان دایەوەو لەم بەشە دا بە خستنە رووی فاكتۆرە جۆراوجۆرەكانی شوێندانەر لەسەر گۆڕانكارییەكانی داهاتووی ئێران لە راستی دا روانگه‌یه‌کی نوێی له‌م پێوه‌ندییه‌دا هێنایه‌ گۆڕێ. سکرتێری گشتیی حیزب له‌ خستنه‌ڕووی روانگه‌که‌ی دا بە تایبەتی پێداگریی لەسەر جۆراجۆرییەكانی نێو جوغرافیاو گۆڕەپانی سیاسیی ئێران كرد و لە ژێر رووناكایی كاریگەریی فاكتۆرەكانی وەك جۆراوجۆریی نەتەوەیی، مەزهەبی و سیاسی دا پێی وابوو جارێ زوویە باس لە ساخ بوونەوە لە سەر پلاتفۆرمێكی گشتگیر بۆ داهاتووی ئێران بكرێ. ئەو هەر لەم بارەیەوه‌ پێداگریی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو دۆخەی ئێستا لە ئێران دا لە گۆڕَێ دایە لە جۆرێك رێنسانس دەچێ كە لەودا روانگەو بنەما فكری، مەزهەبی و فەرهەنگییەکانی دەسەڵات لە لایەنی جۆراوجۆرەوە دەخرێتە ژێر پرسیارو بەو پێیە كۆمەڵێك روانگەو جیهانبینیی نوێ لە حالی شكڵ گرتن دان كە دەكرێ بڵێین دەبنە بناخەی ئەو گۆرانكارییانەی لە داهاتووی ئێران دا پێك دێن.
سكرتێری گشتیی حیزب لە بەشێكی دیكە لە لێكدانەوەكەی دا دۆخی ئێستای بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێرانی هەڵسەنگاندو پێی وابوو، ئەگەر چی لە رواڵەت دا بزووتنەوەكە لە سەر شەقامەكان دا وەك مانگەكانی دوای هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ژێر قورسایی سەركوت دا توانای خۆ دەرخستنی نییە، بەڵام لە رێگای رەخنەگرتن و رۆشنگەرییەوە توانیویەتی پرسیار بخاتە سەر دەسەڵاتی وەلیی فەقیه وەك سەرەكیترین دەسەڵاتی نێو سیستمی كۆماری ئیسلامی و بەو چەشنە خەریكە فاكتۆری مەزهەب لە دەست دەسەڵاتداران دەربێنێ.
كاك خالید عەزیزی لە بەشێكی دیكەی لێكدانەوەكەی دا ئاماژەی بە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات كرد و لەم بارەیەوە پێی وابووكە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە زۆر پرشوبڵاوە بەڵام هەوڵێكی بەرچاو لە گۆڕێ دایە بۆ ئەوەی بتوانێ لە دەوری پلاتفۆرمێكی هاوبەش كۆ بێتەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ كێشەكانی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وهەروەها ئەو گەمارۆیانەی لە ئاكامی درێژەی سەركێشییەكانی كاربەدەستانی تاران بە سەر ئێران دا سەپاون، سكرتێری گشتیی حیزب پێی وابوو كە کۆده‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ دژی سه‌ره‌ڕۆیی و لاساری ئێران له‌ حاڵی په‌ره‌سه‌ندندایه‌.
سكرتێری گشتیی حیزب لەبارەی قورسایی فشارە نێو نەتەوەییەكانی سەر ئێرانەوە گوتی كە ئەم فشارانە بە تایبەت لە یەك ساڵی رابردوو دا ولە ئاكامی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كۆمەڵانی خەڵك دا زیاتر و جیدی تر بووە. به‌ تایبه‌تی ئێستا پتر له‌ جاران پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌ دێموکراتیکه‌کان باسی لێ ده‌کرێ و له‌ هه‌ڵوێستی دنیای ده‌ره‌وه به‌رامبه‌ر ئێراندا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌.‌
بەشێكی دیكەی لێكدانەوە سیاسییەكەی كاك خالید عەیزی بۆ رۆڵ و سەنگی كورد لە گۆڕانكارییەكانی ئێستا و داهاتووی ئێران تەرخان كرابوو. ئەو، لەم بەشە دا وێڕای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی، باسی ئەوەی كرد كە لەگەڵ ئەوەدا كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی پلاتفورمێك و زۆرتر خەریكی خستنە رووی رەخنەو روانگەكانیان سەبارەت بە كۆماری ئیسلامین، قامكی لەسەر ئەو خاڵە گرنگە دانا كە ئەمڕۆ بەتایبەتی لە سایەی ئەو ئەزموونە مێژووییەی لە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی دا لە كوردستان هەیەو ئەو حەرەكەتە مەدەنی و جەماوەرییانەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچن، هەم كۆماری ئیسلامی و هەمیش دنیای دەرەوە له‌وه‌ گه‌یشتوون كە سەنگی كورد سەنگێكی دیارو بەرچاوە.
لە دوایین بەشی لێکدانه‌وه‌ سیاسییەكەی سكرتێری گشتیی حیزب دا باس لە پێداچوونەوە بە روانگەكانی حیزب لەسەر هاوپەیمانەتییەكان كراو لەو بەشەدا سكرتێری گشتیی حیزب هەم لە پێوەندی لەگەڵ هاوپەیمانەتی لەگەڵ هێزو لایەنە سەرانسەرییەكان داو هەمیش لە پێوەندی لەگەڵ حیزب و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەكانی نێو جوغرافیای ئێران روانگەیەكی خستەروو. له‌م پێوه‌ندییه‌دا کومیته‌ی ناوه‌ندی ده‌فته‌ری سیاسیی راسپارد له‌ ده‌رفه‌ته‌کانی داهاتوودا ئه‌م روانگه‌یه‌ تاوتوێ بکا.
دوای كۆتایی هاتنی لێكدانەوە سیاسییەكەی سكرتێری گشتی، بەشدارانی پلنیۆم روانگەو بۆچوونەكانیان هێنایە گۆڕێ.
راپۆرتی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی حیزب بڕگەیەكی دیكەی بەرنامەی كاری پلنیۆم بوو. لەم بڕگەیەدا كاك مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و به‌رپرسی کومیته‌ی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات راپۆرتێكی تێروتەسەڵی لە پێوەندی لەگەڵ كاروتێكۆشانی بەشە جۆراوجۆرەكانی كومیتەی كاروباری دەرەوەی حیزب لە نێوان دوو پلنیۆمی كومیتەی ناوەندی دا پێشكەش كرد. لەو راپۆرتەدا بەرپرسی كومیتەی كاروباری دەرەوەی حیزب باسی لە دۆخی تەشكیلاتی حیزب لە وڵاتانی ئورووپا، ئەمریكا، كانادا، ئوسترالیا كردو لە هەڵسەنگاندنێك دا پێی وابوو بەتایبەت لە دوای كۆنگرەی 14ی حیزبەوە كومیتەی دەرەوەی وڵات بە جێگیركردنی سیستمێكی نوێ توانیویەتی بوژاندنەوەیەك لە تەشكیلات و كومیتە حیزبییەكان دا دروست بكا، بە چەشنێك كە ئێستا ئەندامانی حیزب زیاتر لە جاران لە چالاكی و تێكۆشانی حیزبی و نەتەوەیی دا بەشدارن.
ناوبراو هەر لەم پێوەندییەدا باسی خاڵە لاوازەكانی ئەم بەشە لە كاروباری حیزب لە دەرەوەی وڵاتی دا كرد. كاك مستەفا شەڵماشی لە درێژەی راپۆرتەكەی دا دۆخی ئێستای پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی خستە بەرباس و پێی وابوو لەم بەشەش دا لە ئاكامی ئەو رێكخستنەی لە دوای كۆنگرەی 14ەوە لە وڵاتە جۆراوجۆرەكان دا كراوە، بەرەو پێشچوونێكی بەرچاو بەدی دەكرێ و چاوەڕوان دەكرێ لە ئاكامی ئەو بەرەوپێشچوونەدا حیزبی دیموكراتی كوردستان لە نێو كۆڕو كۆمەڵە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها حیزب و رێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان و دامەزراوە فەرهەنگی¬یەكانی وڵاتە جۆراوجۆرەكان دا پێگەیەكی شیاوتر وەدەست بێنێ و بەم پێیەش دەرفەتی زیاتر بۆ خستنە رووی پرسی كورد و لەقاودانی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی و راكێشانی پشتیوانیی دەوڵەتەكان و كۆڕوكۆمەڵەكانی لایەنگری مافی مرۆڤ بڕەخسێنێ.
بەرپرسی كومیتەی كاروباری دەرەوەی حیزب لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی دا باسی لە دۆخی تێكۆشانی رێكخراوە سینفی و مەدەنییەكانی وەك یەكیەتیی ژنانی دیموكراتی كوردستان و یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان كردو لەم بارەیەشەوە پێی وابوو كە ئەم دوو رێكخراوە توانیویانە بەرەو بوژانەوەو ئەكتیوبوونێكی زیاتر لەپێشوو بچن. دوای كۆتایی هاتنی راپۆرتی كومیتەی كاروباری دەرەوەش بەشدارانی پلنیۆم روانگەو بۆچوونەكانیان لەم پێوەندییەدا هێنایە گۆڕێ.
دوایین بڕگەی بەرنامەی كاری پلنیۆم بۆ هەڵسەنگاندنی بوارەكانی بەڕێوەبەری و ئۆرگانیزمی حیزب تەرخان كرابوو. لەم بەشە دا كاك مستەفا مەولوودی جێگری سكرتێری گشتیی حیزب باسی لە پێویستیی پێداچوونەوە بەم دوو بوارەدا كردو بەدوای ئەودا بەشداران بۆچوونەكانی خۆیان لەمبارەیەوە هێنایە گۆڕێ و خاڵە لاوازو بەهێزەكانیان دەستنیشان كرد. لە كۆتایی ئەم بەشەدا بڕیار درا دەفتەری سیاسیی حیزب دەستەیەك لە كەسانی شارەزا بۆ ئامادە كردنی پرۆژەیەك رابسپێرێ.
دوای كۆتایی بەرنامەی كاری پلنیۆم، سكرتێری گشتیی حیزب وێڕای كۆبەندیی باسەكانی پلنیۆم، لە لایەن كومیتەی ناوەندیی حیزبەوە سوپاسی لە خەڵكی كوردستان كرد كە ئەمساڵیش لە ساڵرۆژی تیرۆری دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی دا بەشێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیی خۆیان لە سیاسەتی سەركوت و تیرۆری كۆماری ئیسلامی دەربڕی و رێزیان لە یادی د. قاسملوو گرتەوە. جارێكی دیكە ئەو راستییەیان سەلماند كە بە تیرۆر و لەناوبردنی رێبەرانی ئەو جوولانەوەیە، نەتەنیا جوولانەوەكە دانامركێ بەڵكوو بڕواو ئامانجه‌کانیان پتر له‌ نێو نه‌ته‌وه‌که‌یان دا پێشوازی لێ ده‌کرێ و خه‌بات له‌ پێناوی ئازادیی و مافی نه‌ته‌وه‌یی دا رۆژبەرۆژ زیاتر په‌ره‌ ده‌ستێنێ.
پلنیوم، ئێواره‌ دره‌نگانی چوار شه‌ممه‌، به‌ دوای جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌کانی دا کۆتایی به‌ کاره‌کانی ‌هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
31/4/1389
22/7/2010

بگه‌رێوه‌| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| Balatarin Balatarin
start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact