ئا: ئازاد بانه‌یی
به داخ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٣٠ پووشپه‌ڕی ١٣٨٩ی هه‌تاوی، " مامۆستا سه‌ید جه‌لاله‌دین حوسه‌ینی" ڕێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری ڕێکخراوی خه‌باتی کوردستانی ئیران به نه‌خۆشییه‌کی کت‌وپڕ له شاری هه‌ولێری پایته‌یختی هه‌رێمی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینی کوڕی مامۆستا شێخ ساڵه‌حی سه‌رقووڵ و برای مامۆستا شێخ " عێزه‌دینی حوسه‌ینی،یه". ناو براو یه‌کێک له‌و مامۆستا ئایینیه شۆڕشگێڕانه بوو که به درێژایی ته‌مه‌نی چ له سه‌رده‌می حکومه‌تی ملهوڕی حه‌مه‌ڕه‌زا شای په‌هله‌وی و چ له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات داریه‌تی ڕژیمی کۆنه‌په‌رست و دژ به کوردی کۆماری ئیسلامی دا، سه‌ری بۆ دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان دانه‌نه‌واند و تا دوایین کاته‌کانی ژیانی له خه‌بات ڕانه‌وه‌ستا.
مامۆستا شێخ جه‌لال له یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵکی بانه دژ به حکومه‌تی پاشایه‌تی ڕێبه‌رایه‌تی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ی گرته ده‌ست و له ڕێکخستنی خه‌ڵک دا ده‌وریکی کاریگه‌ری گێڕا و پاشانیش به دامه‌زراندنی ده‌فته‌ری مامۆستا له و دواییش دامه‌زراندنی کومیته ئینقلاب له ناو شاری بانه دا، ئه‌رکی کۆکردنه‌وه و ڕێکخستنی هیزه گه‌لی و شۆڕشگێڕه‌کانی له‌و شار و دوروبه‌ری گرته ئه‌ستۆ. له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوشاری بانه‌ش دا ده‌فته‌ری مامۆستا ده‌وریکی گرینگی له به‌رگری له هێرشی دوژمنی داگیرکه‌ر دا گێڕا.
پاش گیرانه‌وه‌ی ناو شاری بانه له لایه‌ن هێزی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامییه‌وه، مامۆستاش وه‌ک گشت ئه‌و شۆڕشگێرانه‌ی که دژ به داگیرکه‌ری و چه‌وسانه بوون، ڕێگه‌ی شاخی گرته به‌ر و چه‌کی سه‌ربه‌رزی پێشمه‌رگایه‌تی کرده شان. پاش هاتنه ده‌ره‌وه له ناو شاری بانه دا، به پشتیوانی چه‌ندین شۆڕشگێڕی دیکه‌ی وه‌ک شه‌هید سه‌ید خه‌لیل و شه‌هید سه‌ید عه‌بدولکه‌ریمی حوسه‌ینی کوڕی مامۆستا و ڕه‌وانشاد مامۆستا مه‌لا خدری سارتکێ، له گوندی بله‌کێی ناوچه‌ی بانه، ڕێکخراوی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ئیسلامی کوردستانی ئێڕانیان دامه‌زراند، که به درێژایی چه‌ند ساڵ خه‌باتی چه‌کداری له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ئه‌و ڕێکخراوه‌یه ده‌ورێکی باشی له لێدان و ته‌فروتوونا کردنی دوژمنی داگیرکه‌ر دا هه‌بوو.
له کۆنگره‌ی سێهه‌م دا ناوی ڕێکخراوی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ئیسلامی کوردستان کرا به ڕێکخراوی خه‌باتی کورستان ئێران و له کۆنگره‌ی چواره‌م دا مامۆستا شێخ جه‌لال وازی له پۆستی سکرتێری خه‌بات هێنا و ئه‌و پۆسته‌ی بۆ کوڕه‌که‌ی کاک بابه شێخ حوسه‌ینی به‌جێ هێشت.
به له ده‌ست چوونی مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینی گه‌لی کورد شؤڕشگێڕی ڕاسته‌قینه و دڵسۆز و خه‌مخۆری خۆی له ده‌ست که ڕه‌نگه قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی زۆر ئاسته‌م بێت.
ڕۆحی شاد سڵاو له ته‌مه‌نی پڕ له شانازیی
نه‌مان بۆ ڕژیمی کۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامی ئیران
بژی کورد هه‌ر ئاوه‌دان بێت کوردستان


