ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده
ناو‌کی سه‌ره‌ڕۆیی (هه‌سته‌ی ئیستبداد) له کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بۆ جارێکی دیکه و ئه‌مجاره‌یان له زمانی سادقی لاریجانی سه‌رۆکی قووه‌ی قه‌زایی رێژیمه‌وه به‌دژی ده‌ره‌تانی خوێندن و توێژینه‌وه له زانکۆکانی ئێران له بواری زانسته ئینسانییه‌کان‌دا فه‌توا ئاسا لێدوانی دا. لاریجانی له قسه‌کانی دا ره‌خنه‌ی له په‌ره‌پێدانی زانسته ئینسانییه‌کان به‌تایبه‌تی تیئۆری‌یه‌کانی کۆمه‌ڵناسی گرت و ئه‌وانی به ناته‌با و ناکۆک له‌گه‌ڵ پێشفه‌رزییه‌کانی ئایین و شه‌ریعه‌تی ئیسلام له قه‌ڵه‌م دا.
سه‌ره‌ڕای به‌رهه‌می هزری و فه‌لسه‌فیی هێندێک له بیرمه‌ندانی جیهانی ئیسلام به‌تایبه‌تی له سه‌ده‌کانی پێش نیوه‌ڕاست‌دا، ئاشکرایه که ئورووپا و جیهانی رۆژئاوا لانکه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و مه‌ڵبه‌ندی گه‌شه سه‌ندنی زانسته ئینسانییه‌کان به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵناسی بوون. بێگومان لێدوانه‌کانی لاریجانییش که درێژه‌ی هێرشێکی ته‌بلیغاتیی پێشتر ده‌سپێکراو بۆ سه‌ر زانسته ئینسانییه‌کانه، پێش هه‌موو شتێک ئه‌و رێباز و قوتابخانه هزرییانه نیشانه ده‌گرێ که هه‌ڵقووڵاوی ئورووپا و به‌گشتی رۆژئاوان.
به‌ڵام ناوبراو له نۆره ته‌کفیری خۆی‌دا ناڕاسته‌وخۆ له‌و بیرمه‌ندانه‌شی هه‌ڵپێچا که هه‌ڵقووڵاوی جیهانی موسڵمان و ته‌نانه‌ت خوودی ئێرانن و به روانینێکی کراوه‌وه له‌گه‌ڵ پرسی ئایین له دونیای ئه‌مڕۆ‌دا مامه‌ڵه ده‌که‌ن و له‌و باوه‌ڕه‌دان که بۆ گونجاندنی ئیسلام له‌گه‌ڵ جیهانی نوێ پێویسته زانسته هزرییه‌کانی سه‌رده‌م بکرێنه ئامرازی راڤه کردنی ده‌قه ئاسمانییه‌کان.
وه‌ک گوترا ئه‌م لێدوانه‌ی لاریجانی شتێکی تازه و ئیزۆله نییه و پێشینه و به‌سته‌رێکی دوور و درێژ و هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ ماهییه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هه‌یه. خاڵی ده‌سپێکی ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته هه‌ره ده‌مارگرژ و کۆنه‌په‌رستانه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌مێک پاش ئینقلاب کاتێک به‌هۆی ئه‌وه که رێژیم هێشتا نه‌یتوانیبوو هه‌موو جیابیران و ئازادیخوازان ته‌سفیه بکا و ده‌شیزانی که زانکۆ گرینگ‌ترین مه‌کۆی په‌روه‌رده بوون و تێکۆشان و خۆرێکخستنی ئازاد ئه‌ندیشانه، له بانه‌مه‌ڕی 1358 دا و له چوارچێوه‌ی ئه‌و شته‌دا که به ئینقلابی فه‌رهه‌نگی ناودێر کرا دانیشگاکانی ئێرانی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ داخست و ته‌نها کاتێک رێگه‌ی سه‌رله‌نوێ کرانه‌وه‌یانی دا که چوارچێوه و رێوشوێن و نێوه‌رۆکی خوێندن و توێژینه‌وه‌ی تا ئه‌و جێگایه که بۆی کرابوو له‌گه‌ڵ زه‌رفییه‌ته سیاسی و ئیدئۆلۆژیکه به‌رته‌سکه‌کانی خۆی گونجاندبوو.
به‌و حاڵه‌ش به درێژایی سێ ده‌هه له ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که سانسۆر و خه‌فه‌قان زانکۆکانیشی له‌ژێر به‌رگی تاریک و ئه‌ستووری خۆی‌دا داپۆشیبوو، به‌ڵام سروشتی زیندووی کۆمه‌ڵگای ئێران و هوشیاری و خه‌للاقییه‌تی نوخبه‌کانی ئه‌و وڵاته و تینووێتیی خوێندکار و خوێنده‌وارانی لاو بۆ ناسین و ده‌سڕاگه‌یشتن به باس و خواسه سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌کانی جیهانی ده‌ره‌وه، هه‌ر هه‌موویان ببوونه هۆی ئه‌وه که رێژیم نه‌توانێ به‌ته‌واوی کۆنتڕۆڵی نێوه‌رۆکی مه‌نهه‌جه‌کان بکا و پێش به گه‌یشتنی هزری جیهانی به ته‌یفه دانیشگایی‌یه‌کانی ئێران بگرێ.
هه‌تا ئه‌وه که دوای رووداوه‌کانی پاش کوودێتای هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردوو رێژیم ته‌نیا به کوشتن و راونان و کێشانه دادگای چالاکان و خۆپێشانده‌ران رازی نه‌بوو و بۆ به‌ناو دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌کی و ده‌ستنیشانکردنی ماکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان خۆی به ناچار زانی که شتێکی موجه‌ره‌دیش که بریتی بوو له زانسته ئینسانییه‌کان بکێشێته نێو ساڵۆنی دادگا نماییشییه‌کانی و کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندی رۆژئاوایی که هێندێکیان ته‌نانه‌ت له ژیان‌دا نه‌ماون له‌سه‌ر کورسیی ئیتهام دانیشینێ هه‌تا به ده‌ردی "گالیله"یان به‌رێ. دواتر شه‌خسی خامنه‌یی له خه‌رمانانی 1388 دا زانسته ئینسانییه‌کانی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شک و گوومان له بنه‌ماکانی دین له قه‌ڵه‌م دا و فه‌رمانی پێداچوونه‌وه به نێوه‌رۆک و سنووره‌كانی خوێندن و توێژینه‌وه له‌و بوارانه‌ی ده‌رکرد.
ئێستا پاش تێپه‌ڕینی ساڵێک به‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی پاش هه‌ڵبژاردن و له‌سه‌ر پێ مانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیعترازیی خه‌ڵک، به هه‌موو نیشانه‌کان ڕا دیاره که ئه‌و شته که تا ئێستا زۆرتر له قالبی ته‌بلیغات و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌خشی زانسته هزرییه‌کان له به قه‌ولی باڵی توندڕه‌وی رێژیم هاندانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان‌دا خۆی ده‌نواند، ئه‌مجار ئیدی خه‌ریکه به شێوه‌ی کۆنکرێت و سیستماتیک ده‌خرێته قالبی جێبه‌جێ کردنه‌وه. به‌تایبه‌تی که پێشتریش به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی علوومی هه‌ردوو کابینه‌ی مه‌حموودی ئه‌حمه‌دینژاد چه‌ندین جار به توندی هێرشیان کردبووه سه‌ر ئه‌و مامۆستایانه‌ی له روانگه‌ی وانه‌وه سێکوولارن و سه‌رپه‌رستیی توێژینه‌وه‌ی کراوه و بیرفره‌وانی خوێندکاران ده‌که‌ن. که‌وابوو شه‌پۆلی سه‌رله‌نوێی پاکسازیی ئه‌و مامۆستایانه و پێداچوونه‌وه به مه‌واده ده‌رسییه‌کان و به کورتی ئه‌وه که ناویان ناوه "ئینقلابی فه‌رهه‌نگیی دووهه‌م" که له راستیدا ئه‌نفالی زانسته به‌ڕێوه‌یه.
ئه‌گه‌ر هه‌زار ساڵ پێش ئێستا له ئه‌نده‌لووس رووناکبیری گه‌وره‌ی ئیسلام، "ئیبنی روشد"، به تاوانی ئه‌وه شاربه‌ده‌ر ده‌کرا و کتێبه‌کانی ده‌سووتێنران که ده‌یگووت ئیمان و ئه‌قڵ ده‌سته‌خوشکن، ئه‌مڕۆ له ئێران رێژیمێک سی ساڵ پاش هاتنه سه‌رکاری و له سه‌رده‌می نه‌مانی سنووره‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی هزر و مه‌عریفه‌ت و په‌ره گرتنی ئامرازه‌کانی پێوه‌ندی‌دا، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و توند و تیژی‌یه فیزیکی‌یه‌ی بۆ حه‌زف و له مه‌یدان ده‌رکردنی موخالیفانی خۆی به‌کاری ده‌با، له‌وپه‌ڕی زه‌بوونی و په‌له‌قاژه‌دا تازه لێ ده‌بڕێ که به قه‌ولی خۆی هێرشی نه‌رمی ده‌ره‌وه به قه‌ده‌غه کردنی ئه‌و شته که ئه‌و رێژیمه به هه‌وێنی ئه‌و هێرشه نه‌رمه‌ی ده‌زانێ واته زانسته ئینسانییه‌كان، به‌رپه‌رچ بداته‌وه.
دیکتاتۆره‌کان هه‌میشه ده‌توانن زۆر شت له ئازادیخوازان بستێنن، به‌ڵام ئازادیی بیرکردنه‌وه هه‌رگیز.


