ناوەندی هەواڵ - ئوتریش: له ڕێکه‌وتی 17/7/2010 له شاری ڤییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش، به به‌شداری سه‌دان کوردی دانیشتوی هه‌نده‌ران و نوێنه‌رایه‌تی حیزب و ڕیکخراوه کوردستانی و که‌سایه‌تیه سه‌ربه‌خۆکان له رووبه‌رووی ده‌روازه‌ی ئه‌و بینایەی که 21 ساڵ له‌مه‌وه‌به‌ر ڕێبه‌ری ناوداری کورد‌و سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکرات د. قاسملو و هاوڕێیانی به ده‌ستی چەپەڵ و ناجوانمێرانه‌ی ترۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران شه‌هید کران په‌رده له سه‌ر مۆنومێنتی ئەو نەمرانە لادرا.
له کاتژمێر 2 داونیوهڕۆ به‌رنامه به خوێندنه‌وه‌ی سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب د له لایه‌ن تێکڕای به‌شدارانه‌وه مڕاسمهکه دەستی پی کرد و ئینجا خۆلەکێک بێ ده‌نگی بۆ ریزگرتن له گیانی پاکی شه‌هیدان راگەیندرا .
له سەرەتای رێوڕەسمەکە لە لایەن خاتوو نه‌سرینی قاسملو هاوسه‌ری شه‌هید د. قاسملو و کاک عه‌تا نه‌سیری به‌رپرسی کۆمیته‌ی مۆنومێنتی شه‌هیدانی ڤییه‌ن په‌رده له سه‌ر مۆنومێنته‌که لادرا، پێویسته بگوترێ که مۆنومێنته‌که به ئاڵای پیرۆزی کوردستان داپۆشرابو.
کاک عه‌تا نه‌سیری له وته‌یه‌کی کورت دا به‌خێر هاتنی میوانه‌کانی کرد‌و و سوپاسی به‌شداربوانی کرد. پاشان خوشکه نه‌سرینی قاسملو له وته‌یه‌کی کورت دا خۆشحاڵی خۆی له‌وه ده‌ربڕی، که وه‌ها کارێک له یادی 21 ساڵه‌ی شه‌هیدانی ڤییه‌ن دا کراوه‌و به ههنگاوێکی زۆر باشی وه‌سفکرد.
پاشان په‌یامی حدکا له لایه‌ن به‌ڕێز کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی یه‌وه پێشکه‌شکرا و هەروەها کاک رەحیمی محەممەدزادە پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد. پەیامی کۆمیته‌ی ئاشتی و یه‌کبون په‌یامێکی دیکەی ئەم بۆنەیە بوو که له لایه‌ن کاک که‌ریمی فه‌رخه پوره‌وه پێشکه‌ش کرا. که‌سایه‌تی تێکۆشه‌ر و دۆستی هه‌ره نزیکی ده‌ورانی خه‌بات و تێکۆشانی د. قاسملووی نەمر، مامۆستا عبدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده وته‌یه‌کی بەم بۆنەوە و له یادی ئه‌م رێبەرە مەزنەدا پێشکه‌ش کرد.
مامۆستا سه‌رەتای قسه‌کانی به سڵاو له ڕێبوارانی ڕێگای پڕ له شانازی د. قاسملو ده‌ستپێکردو ئاواتی خواست که تێکڕای ڕێبوارانی ڕێگه‌ی ئه‌م شه‌هیده مه‌زنه‌ی گه‌له‌که‌مان به یه‌کگرتن و ته‌بایی و برایه‌تی هه‌رچی زیاتر به وته به‌نرخه‌که‌ی دوکتۆر قسملوی شه‌هید که ده‌ڵێ: "باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان دهرێژهدانی ڕێگایانه" وه‌فاداری ده‌رببڕن. وتیشی ئه‌م وه‌فاداریه ته‌نیا و ته‌نیا به یه‌کگرتن و وه‌لانانی ناکۆکی و دهمارگرژیهکان دێته دی.
به‌ڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا وتی: ئه‌وه‌ش یه‌کێکه له عهزهمهتیهکانی دوکتۆر قاسملو، ئه‌گه‌ر دوکتۆر قاسملو له حه‌یاتی دا هه‌مو هه‌وڵی ئه‌وه بوو که نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و هێزه سیاسیه‌کانی به برایەتی و ئاشتی به‌یه‌که‌وه هه‌ڵسوکه‌وت و بکەن، ئه‌وه‌تا دوای 21 ساڵ شه‌هید بونیشی ڕێبوارانی له‌ده‌وری یه‌ک کۆده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به دۆست و دوژمن نیشان بده‌ن که ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دیمۆکرات هه‌مو کات ده‌توانن روو به دۆست و دوژمن یه‌کڕیزی نیشان بده‌ن و به ئامانجه‌کانی قاسملو وه‌فادار بن.
له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانی دا مامۆستا ده‌ستخۆشی له کاک عه‌تا نه‌سیری وه‌ک که‌م ئه‌ندام و تێکۆشه‌ری دێرینی حیزب و هه‌روه‌ها هاوسه‌ره‌که بەڕێزەکەی خاتوو ئاره‌زوو کرد. مامۆستا له درێژه‌ی وته‌کانی دا گوتی ئه‌گه‌ر له وڵاتی ئوتریش ئه‌م نوسراوه‌یه‌ی که نزیکه‌ی چوارساڵ له‌مه‌وه‌به‌ر من شانازیم بوو بیده‌م به کاک عه‌تا و هاوڕێیان بۆ نوسینی له سه‌ر ئه‌م مۆنومێنته وشه به وشه به ته‌ئیدی دام و ده‌زگا پەیوهندیدارهکانی ئوتریشی نه‌گه‌یشتوه، به‌ڵام ئه‌وان هاوکاری ئێمه‌یان کردوه‌و ئه‌گه‌ر ئێستا به جێگای ترۆریسته‌کانی جمهوری ئیسلامی ترۆریسته ئێرانیه‌کان نوسراوه، دنیا ده‌زانێ که ترۆریستیه ئێرانیه‌کان کێن و چ که‌سانێک له ئێران دا ترۆریستن.
دوابه‌دوای وته‌کانی مامۆستا په‌یامی هه‌ریه‌ک له یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئه‌نجومه‌نی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، مه‌ڵبه‌ندی کوردی له ڤییەن، ، ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه کوردستانیه‌کان (فایکۆم) له لایه‌ن نوێنهرایهتیهکانهوه پێشکه‌ش کرا.
کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌م بۆنه‌وه په‌یامێکی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م یادهڕۆژه ناردبوو.
ناوه‌رۆکی تێکڕای ئه‌م په‌یامانه هه‌ڵگری داوایه‌کی گرینگ بوو، ئه‌ویش یه‌کگرتنی هه‌رچی زوتری هێزه‌کوردستانیه‌کان به گشتی و ته‌بایی و برایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دیمۆکرات و ڕێبوارانی ڕێگای شه‌هیدی مه‌زن دوکتۆر قاسملو به تایبه‌تی.
دوکتۆر گوڵمرادی مرادی یه‌کێکی تر له کهسایهتیەکانی بەشداری رێورەسمەکە بوو که له‌م یادهڕۆژهدا په‌یامی پێشکه‌ش کرد.
کاک ئه‌حمه‌دی شێربه‌گی به ده‌نگه پڕ له هه‌ست و به جۆش و خرۆشه‌که‌ی په‌خشانێکی به سۆزی به‌م بۆنه‌وه پێشکه‌ش کرد.
کاک سه‌دیقی بابای تێکۆشەری دێرینی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکرات په‌یامێکی کورتی پێشکه‌ش کرد.
له به‌شیکی دیکه‌ی ئه‌م رێورەسمە دا نوێنەرانی هه‌ریه‌ک له حدک، حدکا، پژاک و فایکۆم تاجه گولینه‌یان له به‌رده‌م مۆنومێنتی شه‌هیدانی ڤییه‌ن دانا.
کۆتایی ئه‌م ئەم رێورەسمە سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب بوو که به ده‌نگی کاک ئه‌حمه‌دی شێربه‌گی و هاوڕێیەتی تێکڕای به‌شدار بوان گوترایەوە.
پێویسته بگوترێ خه‌ڵکانێکی زۆرله دۆستان و لایەنگران و ئه‌ندامانی هه‌ر دوو حدک و حدکا و هه‌روه‌ها ئه‌ویندارانی قاسملوی ڕابه‌ر له زۆربه‌ی وڵاته‌کانی ئوروپاوه بۆ به‌شداری له‌م ڕێوڕه‌سمه دا هاتبونه وڵاتی ئوتریش.
ئه‌م رێوڕه‌سمه له فه‌زایه‌کی ته‌واو دۆستانه‌دا کاتژمێر چوار و نیوی دوانیوه‌ڕۆ شوێنی ڕێوڕه‌سمه‌که‌یان به‌جێ هێشت.
وێنەهەواڵی ئەم رێورەسمە لێرەوە ببینە

