ناوەندی هەواڵ: لە بەرەبەری ٢٢ی پوشپەڕ، بیست و یەکەمین ساڵرۆژی تاوانی تیرۆری دوکتور عەبدورەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە لایەن دیپلۆمات - تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، بەکرێگیراوانی رێژیم لە بۆکان دەستیان بە هەڕەشە و گوڕەشە بە مەبەستی ترساندنی خەڵکی ئەو شارە کردووە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی ناوەندی هەواڵ رۆژانە چەند کەس لەمۆرەکانی رێژیم بە ناو شار دا دەگەڕێن و بە دوکانداران رادەگەیەنن کە هەرکەس لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ دا دوکانەکەی دابخا ئەوا بە یەک میلیۆن تمەن جەریمە و شەش مانگ زیندان حوکم دەدرێ.
هەروەها دەگوترێ کە رێژیم ژمارەیەکی ١٥٠ کەسی لە هێزە چەکدارەکانی خۆی لەو شارەدا بە ناوی گاردی ویژە بە مقەستی ئاسن بڕ ئامادە کردووە تا لە رۆژی ٢٢ی پوشپەڕ دا قفڵەکانی دوکانداران ببڕن.
ئەو جموجۆڵانەی رێژیم بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی شاری بۆکان لە کاتێکدایە کە خەڵک بە بێ گوێدان خۆیان بۆ مانگرتن و دەربڕینەوەی نارەزایەتی بەرامبەر بە تیرۆری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئامادە کردووە.
لە لایەکی ترەوە رێژیم لەو شارە دەستی داوەتە هێرش بۆ سەر خاوەن ماتۆڕەکان و بە بێ بیانوو دەست بە سەر ماتۆڕی خەڵک دا دەگرێ. هەروەک راشیانگەیاندووە کە لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ دا مۆڵەتی تەقە کردن لە ماتۆڕ سوارانیان پێ دراوە.


