لە کاتێکدا دیوار و بەرپەنجەرەی ماڵەکانی ئیسپانیا لە خۆشیی سەرکەوتنی تیمی فوتباڵی وڵاتەکەیان بە ئاڵای وڵات رازاوەتەوە و رۆژانە خەڵکی ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانەکانی شارە جۆراوجۆرەکان دا خەریکی شایی و لۆغانن، رۆژی شەممە ١٠ی ژولای ٢٠١٠ و رۆژێک بەر لە کۆتایی یاریەکانی جامی جیهانی، حەشیمەتێکی یەکجار زۆری کاتالۆن لە شاری بارسلۆنا کە هەژماریان بە زیاتر له میلیۆنێک مەزەندە دەکرا، لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاردا کۆبوونەوە و خوازیاری بەربڵاوتر بوونەوەی مافە نەتەوەییەکانیان لەو هەرێمە بوون. ئەو خۆپیشاندانە لە سەر بانگەوازی نیزیکەی ١٤٠٠ رێکخراوی سیاسی و مەدەنی پێکهات کە سەندیکا کرێکاریەکان و ناوەندە بازرگانیەکانیش بەشدارییان تێدا کردبوو.
زۆربەی یاریکەرە سەرەکیەکانی تیمی میللی ئیسپانیا لە یانەی بارسلۆنا یاری دەکەن کە ناوەندی هەرێمی کاتالۆنە و ئەو هەرێمەش لە چوارچێوەی وڵات و یاسای ئیسپانیا دا مافی خودموختاری پێدراوە.
خۆپیشاندەرانی کاتالۆن کە بە پێی هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ هەژماریان بە یەک میلیۆن و نیو مەزەندە دەکرا، دژی ئەو بڕیارەی دادگای باڵای ئیسپانیا وەستانەوە کە بەرگری کرد لە بە نەتەوە ناسینی کاتالۆنیەکان. ئەوەش دوای پەسەند کردنی کۆمەڵێک دەسەڵاتی تازە لە لایەن دادگاکانی ئیسپانیا بە هەرێمی کاتالۆن بوو کە دادگای بەرزی وڵاتەکە رەدی کردەوە. ئەو دەسەڵاتانە بریتی بوون لە بە دەستەوە گرتنی یاساکانی دادوەری، ماڵیات، کۆنترۆڵی فرۆکەخانە و بەندەرەکان، و یاساکانی پێوەندیدار بە مافی کۆچبەران. دادگای بەرز رایگەیاند کە یاسای ئیسپانیا تەنیا ئیسپانیایی لەو وڵاتەدا بە نەتەوە دەناسێ و ئەو دەسەڵاتانەشی لە کاتالۆنیەکان ئەستاندەوە.
بڕیاری دادگای بهرزی ئیسپانیا کۆتایی بە چوار ساڵ مشتومڕ هێنا که لە نێوان کۆنەپارێزان و لیبراڵەکان بۆ دانی مافی زیاتر بە ١٧ هەرێمی وڵاتەکە لە ئارا دا بوو.
کاتالۆن هەرێمێکە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە ناوچە پڕ پیت و بەرەکەتەکانی ئەو وڵاتە دەژمێردرێ. ئەوان زمانی تایبەت بە خۆیان ههیه و بە دوای ریفراندۆمێک لە ساڵی ٢٠٠٦ ناوچەکەیان بە شێوەی ناوچەیەکی خودموختار بەڕێوە دەبەن. لە سەردەمی دەسەڵاتداریی دیکتاتۆر فراسیسکۆ فرانکۆ (١٩٧٥-١٩٣٩) زمانی خوێندن و تەنانەت قسە کردن له کاتالۆنهکان قهدهخه کرابوو.
خۆپیشاندەرانی رۆژی شەممە ئاڵای نهتهوهیی کاتاڵۆنیان هەڵگرتبوو و دروشمی "ئێمە بۆخۆمان نەتەوەین و بڕیار دەدەین" و "ماڵاوا ئیسپانیا"یان بەرز کردبۆوە.
خوزە مونتیلا، سەرۆکی هەرێمی کاتالۆن رێبەریی خۆپیشاندانی دەکرد.
کێشەکانی نێوان کاتالۆن لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئیسپانیا بە پێچەوانەی بەرەنگاریی توندوتیژانەی هەرێمی باسک پتر لە خەباتی مەدەنی دا خۆی دەبینێتەوە. کاتالۆنیەکان بە بنیاتنانی یانەی فوتباڵی بارسلۆنا لە ساڵی ١٩٨٩ بەرەنگاری تیمی دەوڵەتیی رێئاڵی مادرید بوونەوە. تیمی بارسلۆنا بە هۆی کێشە سیاسیەکان لە رابردوودا گوشارێکی زۆری لە سەر بووە و زۆر جار حاکمانی مادرید بە زۆر ناچاریان کردوون بە تیمی پایتەختی بدۆڕێنن. کراس و شۆرتی وەرزشیی ئەو تیمە کە لە رەنگەکانی شین و هەناری پێکهاتووە، وەک هێمای کاتالۆن و بە پیرۆز سەیری دەکرێ و هەر بۆیەش هیچ بانگەشەو رێکلامیکی بازرگانیی لە سەر نانوسرێ.
لە ناو تیمی میللی ئیسپانیا دا هەشت یاریکەری سەرەکی لە یاریکەرانی یانەی بارسلونا هەڵبژێردراون. خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی یانەی بارسلۆنا بەر لە یاریەکانی جامی جیهانی رایگەیاند کە کاتالۆن بە تەمایە بە شێوەی سەربەخۆ خۆی بۆ بەشداری لە جامی جیهانیی ٢٠١٤ دا ناونوس بکا. ئەوەش ئاگری کێشەکانی نێوان بارسلۆنا و مادریدی هیندەی دیکە گەشاندەوە.
ئامادەکردنی: ئاگری


