خەڵكی خەباتگێری كوردستان!
ئۆگرانی ئازادی، دیموكراسی و دادپەروەری!
دۆستان، دڵسۆزان و ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستان!
لە 22ی پووشپەڕی ئەمساڵ دا،
21 ساڵ بەسەر تاوانی تیرۆری دوكتور قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكرات و هاوڕێیانی دا رادەبرێ. 21 ساڵ لەمەوبەر رێژیمی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی لە ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ دوكتور عەبدولڕهحمان قاسملوو و هاوڕێیانی شەهید كرد. بە تیرۆری دوكتور قاسملوو، بزووتنەوەی نەتەوەیی و رزگاریخوازی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستان، رێبەرێكی لێوەشاوەو بە توانایان لەدەست دا. بەڵام بە پێچەوانەی خەون و نیازی شوومی رێبەرانی كۆماری ئیسلامی، رێگای دوكتور قاسملوو كوێرنەبۆوە، خەباتێك كە ئەو رێبەرایەتیی دەكرد، كۆتایی پێنەهات و ئامانجی ئازادیی ئێران و رزگاریی گەلی كورد لە بندەستی زیاتر لە پێشوو، بوو بە هەوێنی خەبات و تێكۆشان. ئەوەتا چەندین ساڵ دوای شەهیدبوونی ئەو رێبەرە بەنرخە، ئێوە چین و توێژە جۆراوجۆرەكانی خەڵكی كوردستان، ناوی قاسملووتان كردوە بە رەمزی خەبات و یەكگرتوویی و بیرەوەریی تیرۆری ئەو كەسایەتییە گەورەیەتان كردوە بە رۆژی مەحكوومكردنی تیرۆر و سەركوت. ئێستا لە كوردستان بووە بە نەریتێكی نەتەوەیی كە خەڵك لە 22ی پووشپەردا لە هەموو رێگایەكی مومكینەوە ناڕەزایەتی و نەفرەتی خۆیان لە رێژیمی كۆماری ئیسلامی، بكوژی د.قاسملوو و هەزاران رۆڵەی دیكەی كورد، دەردەبرن.
ئەمساڵ لە كاتێك دا یادی شەهید بوونی د.قاسملوو و هاوڕێیانی دەكەینەوە كە ئیعدام و سەپاندنی حوكمی مەرگ بەسەر بەندییە سیاسییەكانی كورددا و سەركوتی چالاكانی مەدەنی و كوشتن و ڕاوڕووتی خەڵكی كاسبكار و زەحمەتكێشی کوردستان توندتر لە پێشوو درێژەیان هەیە. هەر بۆیە داواتان لێ دەكەین 22ی پووشپەڕ بكەنەوە بە دەرفەتێك بۆ نیشاندانی یەكگرتوویی و شێلگیربوونتان لەسەر خەبات دژی ستەم و بێدادی. لەم رۆژەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی وەفاداری بە رێگاو ئامانجەكانی رێبەری شەهید دوكتور قاسملوو، بەهەرشێوەیەك بۆتان دەكرێ بێزاری و نارەزایەتیی خۆتان لە رێژیمی تیرۆریست و سەركوتكەری كۆماری ئیسلامی دووپات بكەنەوە.
بۆ ئەوەی لە رۆژی 22 پووشپەردا یەكگرتوویی، هاودەنگی و هاوخەباتیی ئێوە لە سەرانسەری كوردستاندا هەرچی باشتر بۆ دۆست و دوژمن دەربكەوێ، داواتان لێ دەكەین:
1ـ لەنێو بنەماڵە، لە كۆڕی دۆستان و لە شوێنی كارو تێكۆشان دا لە هەر رێگایەكەوە كە بۆتان دەگونجێ یادی د.قاسملوو بەرز رابگرن.
2ـ كاتژمێر 10ی شەوی 22ی پووشپەڕ، ئەو ساتەوەختەی دوكتور قاسملووی تێدا شەهید كرا، بە یادی ئەو رێبەرەو بە نیشانەی مەحكوومكردنی تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی 3 دەقیقە چرای ماڵەكانتان بكوژێننەوە.
3ـ لەهەر جێگایەك بۆتان كرا، ئاڵای كوردستان هەڵ بكەن، دارو دیوارو شوێنە گشتییەكان بە تراكت و وێنەو پوستێری رێبەری شەهید د.قاسملوو و دروشمی تایبەت بەم یادە بنەخشێنن.
4ـ لەم رۆژەدا بچنە سەر گلكۆی شەهیدان، سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و بەندییە سیاسییەكان بكەن، و هاوپێوەندیی خۆتان لەگەڵ بنەماڵەكانیان و وەفاداریی خۆتان بە ئامانجەكانیان دووپات بكەنەوە.
5ـ لە رۆژی 22ی پووشپەڕدا جلوبەرگی كوردی لەبەر بكەن، گوێ لە سروودی نیشتمانی و ئازادیخوازی بگرن و نیشانی بدەنەوە كە شانازی بە كولتوورو فەرهەنگی خۆتانەوە دەكەن و لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی گەلەكەتان دان.
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!
حیزبی دیموكراتی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی یەكگرتووانەتری ئەم یادە بانگەوازتان دەكا. هیوادارین جارێكی دیكە 22ی پووشپەر بكەنەوە بە رۆژی مەحكووم كردنەوەی تیرۆر و سەركوت.
سڵاو لە یادی د.قاسملووی نەمر
سەركەوتن بۆ گەلی خەباتگێری كورد
حیزبی دیموكراتی كوردستان
كومیسیۆنی تەشكیلات
15/4/1389
5/7/2010


