کوردستان و کورد: رۆژنامهی كوردستان ـ بەشی سیاسی: ئەندامێكی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردستانی راگەیاند كە حیزبی دیموكراتی كوردستان خۆی بۆ گرتنی كۆنگرەی 15 ئامادە دەكا و بڕیارە ئەمساڵ كۆنگرە پێك بێنێ.
«قادر وریا»، بە ئاماژە بەوە كە بە پێی بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دیموكراتی كوردستان(پەسەند كراوی كۆنگرەی 14) دەبێ هەر سێ ساڵ جارێك كۆنگرە ببەسترێ وتی: «لە كۆبوونەوەی رۆژی 15ی جۆزەردانی كومیتەی ناوەندیدا بڕیاری گرتنی كۆنگرە لەم ساڵدا دراوەو كومیتەیەك بۆ ئەم مەبەستە پێك هاتوە.»
ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حدك لە وەڵامی ئەم پرسیارە دا كە ئایا كاتی بەڕێوە چوونی كۆنگرە دیاری كراوە؟ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هێشتا كات(رۆژی)ی دەست پێكردنی كۆنگرە دیاری نەكراوە و وتی: «ئەمساڵ ساڵی كۆنگرەیە. بۆیە كۆنگرەی 15 ئەم ساڵ بەڕێوە دەچێ و پاش هەموو ئامادەكارییەكان دەفتەری سیاسی و كومیتەی ناوەندی كات و شوێنی كۆنگرەكە دیاری دەكەن.»
قادر وریا لەمەڕ ئەركەكانی ئەو كومیتەیەی كە بۆ ئامادەكردنی كۆنگرە پێك هاتوە رایگەیاند: «ئەو كومیتەیە لە ژێر چاودێریی كومیتەی ناوەندیدا بە بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆدا دەچێتەوەو بەڵگەنامەكانی كۆنگرە ئامادە دەكا و هەروەها سەرپەرستیی بەڕێوە چوونی كۆنفرانسەكانی پێش كۆنگرە دەكا».
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەم بەرپرسەی حیزبی دیموكرات جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەم كومیتەیە بە پێی كارەكانی لە بواری جیا جیا چەند گرووپێكی هاوكار هەڵدەبژێرێ و بە شێوەی تایبەت كار لەسەر ئەو بابەتانە دەكەن كە پێوەندییان بە كۆنگرەوە هەیە.
قادر وریا لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ ئەوەی كۆنگرەكە كۆنگرەیەكی زیندوو بێ، كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرە كۆمەڵێك میكانیزم دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی را و سەرنج و تێبینیی ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی لەم بارەوە كۆ بكاتەوە.


