English|فارسی
kurdistan.jpg
kurdustanukurd.jpg
kurdchanal.jpg
radio.jpg

avatar
6 Jun 2010

راگەیەندراو له بارەی پێكهاتنی كۆبوونەوەی كومیتەی ناوەندییەوە


بە ئاگاداریی ئەندامان، دۆستانی حیزب و بیروڕای گشتی دەگەیەنین كە سەر لە بەیانیی شەممە 15ی جۆزەردان بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی ئەسڵی، جێگرو راوێژكاری كومیتەی ناوەندی، كۆبوونەوەی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستان پێك هات.
كۆبوونەوە بە رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای ئازادی بەتایبەتی شەهیدانی ئەم دواییانەی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێكرد. پاشان سكرتێری گشتیی حیزب هاوڕێ خالید عەزیزی باسێكی سیاسیی پێشكەش كرد. سكرتێری گشتی، لە باسەكەی دا ئاوڕی لە رووداوەكانی چەند مانگی رابردووی ئێران و كوردستان دایەوە. لەم باسەدا، هەوڵەكانی رێژیم لە دوو ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەو سەركوتكردنی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵكی ئێران و بەرپەرچدانەوی گوشاری نێونەتەوەیی، تیشكی خرایە سەر. هاوڕێ خالید عەزیزی وێڕای ئاوڕدانەوە لە روانگەو بۆچوون و هەڵوێستەكانی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ رووداوو ئاڵوگۆڕەكانی رابردوودا، بە سەرنجدان بە فاكت و بەڵگەی جۆراوجۆر ئەم ئاكامەی لە باسەكەی وەرگرت كە كۆماری ئیسلامی نە لە ئاستی نێوخۆیی دا توانیوێتی پێش بە بەردەوامی و تەشەنەكردنی ناڕەزایەتییەكانی خه‌ڵك و بزووتنەوەی ئازادیخوازی بگرێ، نە توانیوێتی بە تاكتیك و سیاسەتەكانی لە بوواری ئەتۆمی دا، گوشاری نێونەتەوەیی و ئەگەری گەمارۆی جۆراوجۆر لە خۆی دوور بخاتەوە.
بەشێكی دیكەی باسەكەی سكرتێری گشتیی حیزب تەرخان كرابوو بۆ باس لە ئێعدامی بەندییە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی تاوانی 19ی بانەمەڕ. مانگرتنی گشتیی رۆژی 23ی بانەمەڕی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، و پەیامەكانی ئەم مانگرتنەو كاریگەرییەكانی لە سەر پێوەندیی حیزبەكان، هاوپێوەندیی هاونیشتمانانی ئێرانی لەگەڵ خەڵكی كوردستان و راكێشرانی سەرنجی كۆڕو كۆمەڵە نێونەتەوەیی یەكان بۆ لای سەركوتی بزووتنەوی ئازادیخوازی لە كوردستان و ئێران، نێوەرۆكی ئەم بەشە لە باسەكانی سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانیان پێك هێنابوو.
بەدوای باسەكەی سكرتێری گشتی دا، بەشدارانی كۆبوونەوە بیروڕای خۆیان لە بارەی نێوەرۆكی باسەكە هێنایە گۆڕێ و بە سەرنج و تێبینییەكانیان دەوڵەمەندیان كرد. كۆبوونەوەی كومیتەی ناوەندی، بە رێزو پێزانینەوە مانگرتنی گشتیی خەڵكی كوردستان و هاوپێوەندیی هاونیشتمانانی ئێرانی و كەسایەتی و ناوەندو لایەنە مرۆڤدۆستەكانی جیهان لەگەڵ گەلی كورد هەڵسەنگاندو وێڕای شیكردنەوەی پەیامەكانی ئەم مانگرتنە، لە سەر نێوەرۆكی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی ئەم مانگرتنە پێی داگرتەوە. بەشدارانی پلینۆم خوێندنەوەی وردو هەمە لایەنەی هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان بەتایبەتی لە دوای مانگرتنی گشتیی 23ی بانەمەڕو پێوەندیی ئەم خوێندنەوەیە بە شێوازەكانی خەبات بەتایبەتی خەباتی مەدەنی و جەماوەرییان بە پێویست زانی و لەم بارەیەوە ئەركیان خستە سەر دەفتەری سیاسی و ئورگانە پێوەندیدارەكانی حیزب.
لە بڕگەیەكی دیكەی كاری كۆبوونەوەدا، کومیته‌ی ناوەندیی حیزب، بە سەرنجدان بە پێڕەوی نێوخۆو پێویستیی گرتنی كۆنگرە لە كاتی خۆیدا، كومیتەیەكی بە مەبەستی ئامادەكردنی كۆنگرەی پانزدەیەمی حیزب هەڵبژارد. بەشدارانی كۆبوونەوە لەم پێوەندییەدا باسێكی تێروتەسەلیان لە سەر چۆنیەتیی باشتر بەڕێوەچوونی كارو باری پێوەندیدار بە ئامادەكردنی كۆنگرەی پازدەیەم هێنایە گۆڕێ و كومیتەی ئامادەكردنی كۆنگرەیان راسپارد، تا کاتی پلینۆمی داهاتووی حیزب، پێشنیارو گەڵاڵەی پێویست لە بارەی كاروباری كۆنگرەوە ئامادە بكا بۆ ئەوەی كومیتەی ناوەندی لە پلنیۆمی داهاتوودا بڕیاریان لە بارەوە بدا.
لە سێهەم بڕگەی كاری كۆبوونەوەدا، چەند مەسەلەیەكی پێوەندیدار بە كارو باری رۆژانەی ئۆرگانەكانی حیزب خرانە بەر باس و رێنوێنی و بەرچاو روونی لە بارەیان درا بە دەفتەری سیاسی. کۆبوونه‌وه دوای چوار دانیشتن و بیروڕا گۆڕینه‌وهی بهشداران کاتژمێر 8ی ئێواره کۆتایی پێهات.
دهفته‌ری سیاسیی
حیزبی دێموکراتی کوردستان
15/3/1389 (5/6/20109)

بگه‌رێوه‌| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| Balatarin Balatarin
start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact