ئاماده کردنی: کامڕان سۆهرابی
kamransohrabi@hotmail.com
زیاتر له چه‌ند ڕۆژێکی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ده‌وری ده‌یه‌می سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌ماوه،گه‌رمی و داغی باسه‌كان به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه به چه‌شنێک ئه‌م جاره‌یان سنووره‌کانیشی به‌زاند ،ئه‌گه‌ر جاران له ناو با‌ڵه به ناو جیاوازه‌کانی ناو کۆماری ئیسلامی دا کێشمه کێش و باسی توند د‌ه‌هاته پێش ،ئه‌مجاره‌یان له ناو په‌ڕو باڵه‌کانی ئوپوزسیۆنیش دا بۆته باس و موناقشه و ڕق به ڕقه ،ئه‌گه‌ر جاران سندووقه‌کانی ده‌نگدان ترسی ئاورتێبردانیان له سه‌ر بوو له لایه‌ن موخالفانی ڕیژیمه‌وه به‌لام ئه‌مجاره‌یان وێده‌چێ له لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێکه‌وه پێشوازیشیان لێبکرێت، ئه‌وه ده‌کرێت ناوی بنرێت خه‌باتێکی سه‌رده‌میانه و پێشکه‌وتوانه بۆوه‌دی هێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ڵام تا چه‌ند ئه‌و جۆر خه‌باته نه‌رم و سه‌رده‌میانه له به‌رامبه‌ر دڕه‌نده‌ترین ڕیژیمه‌کانی سه‌رده‌م دا باوی هه‌یه و سه‌رده‌گرێت ئه‌وه پرسیارێکه که ده‌مێکه وه‌ڵامه‌که‌یمان وه‌رگرتۆته‌وه،به‌ڵام زۆر سیاسه‌توانی کورد پێیان وایه که ده‌بێت هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات تاقی بکه‌یه‌وه تا ئه‌وکاته‌ی به مه‌به‌ست ده‌گه‌یت یه‌ک له‌و سیاسه‌توانانه سه‌عید به‌گزاده یه که نزیک به سی ساڵ دژایه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووه‌و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که نابێت هه‌ل له کیس بچێت.
به‌ڕێز به‌گزاده وه‌ک یه‌که‌م پرسیار، به بڕوای جه‌نابت هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆک کۆماریی ئیران بۆچی له‌لایه‌ن رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانه‌وه گرنگێکی زیاتری پێدراوه‌و به‌ربڵاوتر له جاران هاتۆته‌به‌رباسه‌وه؟
زۆربه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران هه‌ر کام له هه‌ل ومه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆیدا به‌جۆرێک سه‌رنجیان پێدراوه‌و رێکخراوه سیاسییه کوردستانییه‌کان هه‌ڵوێست‌و روانگه‌ی خۆیان له‌سه‌ر راگه‌یاندون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان حیزبی دێموکراتی کوردستان پێیوابوو که پێویسته ئه‌و هه‌ڵوێسته یه‌ک‌لایه‌ن‌و سوننه‌تییه‌ی ته‌حریم که ساڵانێکی درێژه دووپات ده‌کرێته‌وه‌و تا راده‌یه‌ک بۆته هۆی پاسیفبوونی هێزه سیاسییه‌کان له لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌لومه‌رج‌و هه‌روه‌ها کز کردنی و دوور که‌وتنه‌وه‌ی تێکۆشه‌رانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی نێوخۆی وڵات, ئاڵوگۆری تێدا پێک بێ‌و ته‌کانێک به‌و بێده‌نگییه بدا، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌کرێ ئیشاره به‌و راستییه بکه‌ین که هه‌ڵوێستی حیزبی ئێمه وه‌ک روانگه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نوێ کۆمه‌کی به‌وه کرد که هه‌موو هێزه سیاسییه کوردستانییه‌کان زیاتر به‌و قه‌زیه‌وه خۆ ماندوو بکه‌ن‌و روانگه‌کانی خۆیان رابگه‌یه‌نن و هه‌وڵ بده‌ن بۆ بۆچوونه‌کانی خۆیان دۆست‌و لایه‌نگر کۆ بکه‌نه‌وه.ئه‌م لێکدانه‌وه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، له هه‌ل و مه‌رجی وڵات تا راده‌یه‌کی زۆر یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌کی باس و موناقشه له نێوان رێکخراوه سیاسیه کوردستانییه‌کاندا. ئه‌وه‌ش به بڕوای من به نۆره‌ی خۆی،ده‌توانێ کۆمه‌ک به هێنانه گۆڕی کۆمه‌ڵێک باس و ته‌حلیلی سیاسی له نێو رێکخراوه کوردستانییه‌کاندا بکا و له کێشه ته‌شکیلاتیه بێ ئاکامه‌کان تا راده‌یه‌ک دوورمان بخاته‌وه.
مه‌به‌ستی حیزبی ئێوه له‌وه که کورد ده‌بێ له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاردا سه‌نگی دیاربێ چییه؟
نادێموکراتیک بوونی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران له‌لایه‌ک‌و سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێسته کانی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی له‌کوردستان زیاتر له‌و راستاییه‌دا بووه که کورد به‌نیسبه‌ت ئاڵوگۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی وڵات بێته‌فاوه‌ت‌و بێده‌نگ بکا. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه خه‌ڵکی کوردستان به‌ده‌یان ساڵه بۆ مافه سیاسی‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی خۆی خه‌بات ده‌کا، له مێژوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئێران به کۆماری ئیسلامیشه‌وه سه‌هم و به‌شی گه‌لی کورد هه‌ر کوشت و کوشتار و وێرانی بووه. ئه‌وانه‌و زۆر فاکتۆری دیکه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکی کورد له کوردستانی ئێران که‌متر له توانا‌و هێزی خۆی به شێوه‌یه‌کی سازماندراو‌و گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ره‌خساودا که‌ڵک وه‌ربگرێ. به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و راستییانه پێمانوایه که بۆ ده‌ربازبوون له‌م حاڵه‌ته بێته‌فاوه‌تییه توانامه‌ندانی نێوخۆی وڵات‌و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه مه‌ده‌نییه‌کان و به گشتی گه‌له‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێویسته له هه‌ر ده‌رفه‌تێک که دێته‌پێش که‌ڵک وه‌رگرن‌و داخوازییه‌کانی خۆیان بێننه‌گۆڕێ.
ئاشکرایه که کۆماری ئیسلامی به‌و ناوه‌رۆک‌و یاسا بنه‌ره‌تییانه‌ی که هه‌یه‌تی ناتوانێ ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌داخوازییه‌کانی گه‌له‌که‌مان دابین بکا، به‌ڵام سروشت و مێژوی خه‌بات ئه‌وه‌ی نیشان داوه که هه‌رچی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به کرده‌وه زیاتر له مه‌یدانی خه‌بات دابن و ویست و داخوازییه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان به شێوه‌ی جۆراوجۆر و مومکین بێنه گۆڕێ ده‌کرێ تا راده‌یه‌ک پاشه‌کشه به رێژیم بکه‌ن. به هه‌ر راده‌یه‌کیش ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز پاشه‌کشه بکا راست به‌و راده‌یه فه‌زای سیاسیی وڵات ده‌کرێته‌وه‌و له نیهایه‌تی خۆیدا براوه‌ی ئه‌سڵیی ئه‌و به‌ربه‌ره‌کانییه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکن.
به له‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو ئه‌و باسانه‌و هه‌وڵ بۆ زیاترچالاک کردنی تێکۆشه‌رانی کورد به گشتی و به‌تایبه‌تی له نێوخۆی وڵات، رێبه‌رایه‌تیی حیزبی ئێمه ده‌مێکه کار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کا که بتوانین هه‌موو لایه‌کمان به‌نیسبه‌ت روداوه سیاسییه گرینگه‌کان هه‌ستیارو هه‌ڵسووڕتر بین‌و به‌تایبه‌تی له‌م ده‌وره‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا سازماندراو و به‌رچاوتر له کێشه‌کاندا حوزوورمان هه‌بێ.
ده‌کرێ بڵێن چ شتێک ئێوه‌ی هێناوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه که له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌دا هه‌ڵوێستتان جیاواز بێ؟
هۆی سه‌ره‌کیی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه چه‌ند لایه‌نی جۆراوجۆر له خۆ ده‌گرێ:
1- ئێمه بڕوامان وایه که ئالوگۆڕیکی به‌رچاوی فه‌رهه‌نگی و سیاسی له ئێران به گشتی و له کوردستان به تایبه‌تی پێکهاتووه و شعوورو توانایی سیاسیی خه‌ڵک زۆر چۆته‌سه‌رێ، ده‌رک‌و پێگه‌یشتنی خه‌ڵکه‌که‌مان بۆ مافخوازی‌و حه‌قخوراوی له جاران زۆر به‌هێزتره، خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیش پڕره‌نگتر بووه.
2- بڕوامان به توانایی‌و وشیاریی سیاسی خه‌ڵکه‌که‌مان هه‌یه‌و پێمانوایه چالاکانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی له نێوخۆی وڵات‌دا به مه‌شوه‌ره‌ت‌و رێنوێنی هێزه سیاسییه‌کانی گۆڕه‌پانی خه‌بات زۆر باش ده‌زانن‌و ده‌توانن له ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵک وه‌ربگرن‌و به‌شێوه‌ی گونجاو داخوازییه‌کانی خۆیان بێنه‌گۆڕێ‌و هه‌وڵ بده‌ن باس‌و ویسته‌کانیان له مه‌حفه‌لی چووک‌و به‌رته‌سک ڕا بۆ مه‌یدانێکی سه‌راسه‌ری بگوازنه‌وه‌و بیانکه‌ن به باسی کۆروکۆمه‌ڵی سه‌راسه‌ری‌و به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات‌و له کۆروکۆمه‌ڵی ره‌سمی‌و ده‌وڵه‌تیدا له گۆڕه‌پانی یارییه سیاسییه‌کاندا به‌شدار ببن.
3- رێژیم له‌م ده‌وره‌ی هه‌ڵبژارد‌نیشدا وه‌ک جاران له‌وه ده‌گه‌رێ که خه‌ڵکی زیاتر له ده‌وری سندوقه‌کانی ده‌نگدان ببینێ‌و به جیهانیانی نیشان بدا که خه‌ڵک پشتیوان‌و لایه‌نگری رێژیمن، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له‌ژێر شوێنه‌وار‌و ته‌ئسیری خه‌بات و تێکۆشانی گه‌لانی ئێران، به‌تایبه‌ت خوێن وخه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا لانی که‌م چه‌ند که‌س له کاندیداتۆره‌کان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ بازارگه‌رمیی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش بێ به‌شێکی که‌م له داخوازییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لانی ئێرانیان هێناوه‌ته به‌رباس. ئه‌وه‌ش به‌هه‌ر مه‌به‌ستێک هاتبێ لایه‌نی ئه‌رێنی و باشی خۆی تێدایه. لێره‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه که له‌و باس‌و ده‌رفه‌تانه که‌ڵکی دروست‌و باش وه‌ربگیرێ‌و لایه‌نی پاوانخوازی رێژیمی پێ‌کز بکرێ‌و له هه‌موو مه‌یدانه‌کاندا هه‌وڵ بۆ به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و نفووزیان بدرێ ئه‌و ئاواته‌شیان که هه‌وڵده‌ده‌ن نیشان بده‌ن خه‌ڵک له ده‌وری دروشمه‌کانیان کۆ ده‌بنه‌وه پووچه‌ڵ ده‌کرێته‌وه.
ئایا پێتانوایه کورد ده‌توانێ مه‌یدان به پاوانخوازان چۆل بکا؟
نه‌ته‌وه مافخوراوه‌کانی ئێران که کوردیش دیارترینیانه و مافی به‌شداری ده‌سه‌ڵاتیان لێ زه‌وتکراوه‌و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌چه‌وسێنه‌وه زۆرایه‌تی به‌رچاوی حه‌شیمه‌تی ئێران پێک دێنن. ئه‌گه‌ر بتوانین هه‌موو لایه‌کمان خه‌بات‌و ویسته‌کانمان لێک نزیک بکه‌ینه‌وه بێگومان ده‌سه‌ڵاتی ئێران به ده‌ست تاقمێکی پاوانخوازه‌وه نامێنێ، ره‌نگبێ ئه‌وه ئێستا چاوه‌روانییه‌کی مه‌عقوول‌و به‌جێ نه‌بێ که کورد به ته‌نیا بتوانێ ئه‌و ئاڵوگۆره پێک بێنێ، به‌ڵام لانی که‌م تا ئێستا به‌م هه‌ڵوێسته توانیویه‌تی مه‌یدانی باسه‌کان له تاراوگه و شاره‌کانی کوردستان ڕا بۆ تاران‌و ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات راگوێزێ، من له‌و بڕوایه دام که ئه‌و ره‌وته کۆمه‌ک به کرانه‌وه‌ی زیاتری باسه‌کان ده‌کاو لانی که‌م کاندیداکان ناچار ده‌کا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر کێشه چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کانی وڵات باس بکه‌ن‌و به‌گشتی ده‌توانێ ئه‌هرۆمێک بێ بۆ پاشه‌کشه‌و کرانه‌وه‌ی فه‌زایه‌کی ئاوه‌ڵاتر.
پێتانوانییه به‌شداریی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا خزمه‌ت به هه‌لومه‌رجی ناله‌باری سیاسیی کۆماری ئیسلامی له‌ئاستی ناوده‌وڵه‌تیدا ده‌کاو کۆماری ئیسلامی ده‌توانێ پڕوپاگاندای پێوه‌بکات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی که‌ڵکی لێوه‌ربگرێت.؟
له راستیدا ئه‌وه‌ش مه‌یداندارییه‌کی سیاسییه‌و بێگومان رێژیم هه‌وڵ ده‌دا به‌لای قازانجی خۆیدا بیشکێنێته‌وه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه که له‌و مه‌یداندارییه‌دا چالاکان‌و نوخبه‌کانی کورد وردبینی‌و وشیاری‌و یه‌کده‌ستی خۆیان بپارێزن‌و هه‌وڵ بده‌ن له‌گه‌ڵ کۆروکۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌و که‌سایه‌تی‌و چالاکانی فارس له راوێژ‌و هه‌ماهه‌نگیدا ببن‌و خاڵه هاوبه‌شه‌کان بدۆزنه‌وه‌و به هه‌موو لایه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ مه‌یدان به ویلایه‌تی فه‌قیهی کۆماری ئیسلامی چۆل بکه‌ن. ئه‌وه نه ته‌نیا به‌قازانجی رێژیم نییه، به‌ڵکوو راست به‌پێچه‌وانه به زیانی پاوانخوازان ته‌واو ده‌بێ و یارمه‌تی به کرانه‌وه‌ی فه‌زایه‌ک ده‌کا که له دوارۆژدا کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌توانن به‌لای قازانجی خۆیانی دابشکێننه‌وه. حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌وڵ ده‌دا چالاک‌تر له پێشوو پشتیوان‌و یاریده‌ده‌رو رێنوێنی خه‌ڵکه‌که‌مان بێ‌و کۆشاتر له جاران له مه‌یداندا دیار بێ.
هه‌روه‌ک باسیشم کرد ریژیم ده‌یهه‌وێ له راده‌ی به‌رچاوی به‌شدارانی ده‌نگده‌ر به قازانجی خۆی که‌ڵک وه‌ربگرێ،به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که هه‌موو کاندیداتۆره‌کان له‌سافی شورای نیگه‌هبانی نیزامه‌وه ده‌رچوون،بۆ هه‌موو که‌س روونه که‌کاندیدای ئه‌سڵی و مه‌وریدی نه‌زه‌ر و ته‌ئیدی ولایه‌تی فه‌قیه کێیه. ئه‌گه‌ر نه‌تیجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان جۆرێک بێ که که‌سێکی دیکه‌ی غه‌یری نوێنه‌ری مه‌وریدی نه‌زه‌ری ولایه‌تی فه‌قیهی لێ بکه‌وێته‌وه بۆ هه‌موو که‌س ده‌رده‌که‌وێ که خه‌ڵک بۆ گووتنه‌وه‌ی نایه‌کی دیکه و مه‌تره‌ح کردنی داواکانیان له مه‌یدان دابوون، نه‌ک بۆ بازارگه‌رمی و یارمه‌تی به پروپاگاندای رێژیم.
ده‌یان ساڵه له ئه‌ده‌بیاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌ک شانۆ ناویان هێنراوه، به‌ڵام ئه‌و شانۆیه له نه‌کاو ره‌نگی واقێعی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت‌و حیزبی دێموکرات تا راده‌یه‌ک پێی‌دڵخۆشه، ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان به پێچه‌وانه‌ی ویستی خه‌ڵک بوو وه‌ڵامی ئێوه به خه‌ڵک‌و به‌و حیزبانه‌ی له دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێوه‌ن چ ده‌بێ؟
ئێمه له هیچ جێگایه‌کدا نه‌مان گوتوه‌و نه‌مان نووسیوه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه مه‌یدانێکی کراوه‌ی ئازاد‌و دێمۆکراتیکی هه‌یه‌و زۆربه، یا به‌شێک له‌ویست و داخۆازییه‌کانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی تێدا وه‌دی دێ و باسێکمان له سه‌ر خۆشبینیی یان دڵ پێخۆشکردن نه‌هێناوته گۆرێ. ئێمه و هه‌موو لایه‌ک باش ئه‌وه ده‌زانین که کاندیداکانی ئه‌مجاره‌ش هه‌ر له سافی شووڕای نیگه‌هبانه‌وه هاتوونه‌ده‌ر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری فرت‌و فێڵی ده‌ستکاریی سندوقه‌کانی ده‌نگ دان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا رابردوویه‌کی درێژی هه‌یه. ئێمه‌کوتومانه با له ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵک وه‌رگرین، ده‌رفه‌تێک که له سایه‌ی خه‌باتی خه‌ڵکدا خوڵقاوه. له هه‌مانکاتدا هیچ چاوه‌روانیش نین شتێکی زۆر نایاب‌و چاره‌نووسساز له‌و هه‌ڵبژاردنه بکه‌وێته‌وه. ئێمه گوتوومانه‌و ده‌ڵێین له موقایسه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوودا لانی که‌م دوو کاندیدا لانی هه‌ره که‌می چه‌وساوه‌یی‌و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی پێکهێنه‌ری ئێرانیان باس کردوه‌و له قسه‌کانی خۆیاندا باس له‌وه ده‌که‌ن که ئێران وڵاتی هه‌مووانه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه رێبه‌ری نیزام به ئاشکرا لایه‌نگری له کاندیدای خۆی ده‌کاو بێرو به‌وێدا بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه ده‌گه‌رێ. ئه‌وانه له‌لایه‌ک نیشانه‌ی ترس‌و خۆفی باڵی پاوانخواز له ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه راده‌یه‌کی که‌می کرانه‌وه‌ی فه‌زای باسه گرنگه‌کانی چاره‌نووسسازی گه‌لانی ئێرانی هێناوه‌ته‌گۆڕێ که ده‌کرێ له‌و ده‌رفه‌ته به قازانجی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران‌و بۆ کرانه‌وه‌ی فه‌زایه‌کی کراوه‌ی سیاسی که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێ.
له وڵامی به‌شی ئاخیری پرسیاره‌که‌دا ده‌بی بڵێم سروشتی پلۆرالیزمی سیاسی ئه‌وه ده‌ڵێ که حیزبه‌کان له جیاوازی بۆچوونه‌کانیاندا ده‌بێ رێز بۆ جیاوازییه‌کان دابنێن و ئه‌گه‌ر رۆژگارێک هه‌موو حیزبه‌کانی سه‌رگۆڕه‌پانی خه‌بات له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌کان یه‌ک بیروبۆچوونیان هه‌بێ ئه‌وکات پێویست به بوونی حیزب و رێکخراوی جیاواز ناکا. راستی و دروستی ئه‌م هه‌ڵوێسته یان پێچه‌وانه‌که‌ی شتێک نییه کاتێکی زه‌مانی کورتی پاش هه‌ڵبژاردن یان هه‌ڵنه‌بژاردنی فڵانه که‌س یان پاشه‌کشه‌ی فیساره که‌س له قسه‌کانی ده‌ربکه‌وێ.ئه‌وه که‌ڵک وه‌رگرتن له شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی خه‌بات و کردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی مه‌یداندارییه له خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌له‌که‌ماندا. گرینگ ئه‌وه‌یه پاش 30 ساڵ نکۆڵی له مافی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، هێندێک له کاندیداکانی سه‌رکۆماریی له ئێران ته‌سلیمی ئه‌و راستیه بوون و دانیان به بێبه‌شی و مافخوراویی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا هێنا.
ئایا هیچ کاندیداتۆرێک له‌ژێر سێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ده‌توانێ مافی که‌مایه‌تییه‌کان له ئێران‌دا دابین بکا یان دانی پێدا بنێ؟
وه‌ڵام: ده‌بێ هه‌موو له‌لایه‌ک ئه‌وه‌مان قبووڵ بێ که له ئێرانی ویلایه‌تی فه‌قیه دا ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزتر له سه‌رۆک کۆمار هه‌یه. هه‌م قانوونی ئه‌ساسی‌و هه‌م بڕیار به‌ده‌سته‌کانی سه‌رووی سه‌رۆک کۆمار کۆسپی گه‌وره‌ن. به‌ڵام باس کردن‌و دان پێداهێنان‌و جێبه‌جێ کردنی ئه‌و مافه که‌مانه‌ی که له قانووی ئه‌ساسیی ئێران‌دا هه‌ن باسێکی دیکه‌یه‌و سه‌رۆک کۆمار ده‌توانێ ده‌کاریان بێنێ، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا باس له ئاڵوگۆڕی قانوونی ئه‌ساسیش ده‌کرێ‌و هاتۆته به‌رباس‌و هه‌ڵلای هه‌ڵبژاردن. چاره‌سه‌ریی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران‌دا چ له‌و ده‌وره‌یه‌دا چاره‌سه‌ر بکرێ -که ئۆمێدی که‌مه-، چ له داهاتوودا کێشه‌یه‌که که ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێ‌و زامنی پاراستنی یه‌کێتی وڵاته.
ئێوه ناراسته‌وخۆ ته‌بلیغ بۆ که‌ڕووبی ده‌که‌ن، ئایا ده‌کرێ ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی ئێوه وه‌ک رێککه‌وتنێکی ناراسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ که‌ڕووبی ناوببرێ‌و له دوارۆژدا هه‌نگاوێکی گه‌وره‌تری بۆ نزیکبوونه‌وه له ناوبراو لێبکه‌وێته‌وه؟
له راستیدا ئێمه ته‌بلیغ بۆ هیچ کاندیدایه‌ک ناکه‌ین، ئێمه کێشه‌مان بۆ مافه‌کانی خۆمان و پاشه‌کشه پێکردن به پاوانخوازانی ده‌سه‌ڵاتداری ئێرانه.پشتیوانی راسته‌وخۆی ئێمه له‌هه‌ر کاندیداتۆرێک کاتێک ده‌بێ که مه‌یدانێکی کراوه‌ی سیاسی ئه‌وتۆ له ئارادابێ که کوردیش بتوانێ کاندیدای خۆی بناسێنێ و کێشه‌ی سیاسی و مافی کورد به‌وراده‌یه که خۆیی له ده‌سه‌ڵاتدا ببینێته‌وه به‌دی هاتبێ. ئه‌وه‌ش لانی که‌م جارێ له ئێرانی ده‌سه‌ڵات پاوانکراودا نابینرێ. به‌ڵام له‌م ده‌وریه‌دا که‌ڕووبی له‌نێو کاندیداکاندا یه‌که‌م که‌س بوو که دانی به مافخوراویی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران دا هێنا، هه‌ر چه‌ند ناوی نه‌ته‌وه ناهێنێ و به قه‌وم ناویان ده‌با، هه‌روه‌ها باسی ئاڵوگۆڕ له قانونی بنه‌ره‌تی ئێران‌دا ده‌کا، ئێمه ئه‌وانه‌مان به موسبه‌ت‌و باش له قه‌ڵه‌م داوه‌و گوتوومانه هه‌نگاوی باشن بۆ ئاڵوگۆڕو له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه نوێنه‌ری رێبه‌ری نیزام هه‌یه که ئێمه پێمان باشه ده‌نگی "نا"ی بدرێتێ. تا ئێستاش هیچ سازانێکی نه ئاشکراو نه نهێنی له‌نێوان ئێمه‌و کاندیداکاندا نییه، ئه‌وه‌ش زیاد ده‌که‌م که له سیاسه‌تدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌که‌مان له هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کانی مومکین که‌ڵک وه‌رده‌گرین‌و هیچ ده‌رگایه‌ک به کۆت‌و زنجیر گاڵه ناده‌ین.
به بڕوای جه‌نابت ته‌حریم کردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک ئه‌حزابه‌وه شوێن له‌سه‌ر به‌شداریی خه‌ڵک داده‌نێ؟ بۆ هێندێک رێکخراوی سیاسیی کوردی هه‌ڵبژاردنه‌کانیان ته‌حریم کرد؟
هه‌ر حیزب و رێکخراوێک به گوێره‌ی سیاسه‌ت و بیر‌و بۆچوونه‌کانی له‌نێو کۆمه‌ڵگادا که‌م یان زۆر دۆست و لایه‌نگری خۆی هه‌یه، له هه‌مانکاتدا هه‌ر حیزب‌و رێکخراوێکی سیاسیی کوردی مافی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولای خۆیه‌تی هه‌ڵوێستی سیاسی خۆی به‌پێی بۆچوون‌و روانین‌و ته‌حلیله‌کانی خۆی رابگه‌یه‌نێ‌و بڵاوی بکاته‌وه. ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ بینش‌و بۆچوون‌و خۆ ماندوو کردنی ئه‌و رێکخراوانه به مه‌سه‌له سیاسییه‌کانی نێوخۆی وڵات‌و خواست‌و نیازه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک‌و ئه‌و سوننه‌ت‌و نه‌ریتانه‌ی که هه‌ر حیزبێک بۆ خۆی به‌پێی بۆچوون‌و تێرامانی خۆی گرینگ‌یان پێده‌دا. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمانوایه رابردوو مێژوویه‌و تێپه‌ریوه‌و ده‌بێ بۆ داهاتوو یارمه‌تیده‌ر بێ، نه‌ک خۆی به چاک‌و خراپ سه‌رله‌نوێ ده‌کار کرێته‌وه. ئێستا نه‌وه‌یه‌کی نوێ له نێوخۆی وڵات هاتووه‌ته مه‌یدان و خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌کا و پێویسته رێکخراوه‌سیاسیه‌کان هه‌لوێست و وڵامه‌کانیان به نیاز و ویسته‌کانی کۆمه‌لانی خه‌ڵک هه‌مه‌گیرتر له جاران بێ.حیزبی دێموکراتی کوردستان پێیوایه کاتی ئه‌وه هاتووه له‌و سوننه‌ته بگوزه‌رێ‌و مه‌رحه‌له‌و مه‌یدانێکی دیکه‌ی خه‌بات به پاراستنی شێوه‌کانی خه‌باتی رابردوو بکاته‌وه. ئێمه هیوادار بووین‌و کاریشمان بۆ کرد که له‌و مه‌رحه‌له‌یه‌ی هه‌ڵبژاردندا حیزبه سیاسییه کوردستانییه‌کانیش لانی که‌م به‌شی هه‌ره زۆرمان هاوده‌نگ بین، به‌ڵام به هۆی لێکدابڕان‌و لێکجیابوونه‌وه‌کانی ئه‌حزابی کوردی ده‌ره‌تانی هاوفکری‌و هاوکاری به‌وجۆره‌ی که بگاته ئاکامێک‌و پێویست بوو به‌دی‌نه‌هات. شکم نییه که هاونیشتمانانمان له نێوخۆی کوردستان رێگا‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌زانن‌و هه‌وڵده‌ده‌ن یه‌کپارچه‌یی‌و یه‌کده‌نگی خۆیان بۆ هه‌رچی باشتر‌و زیاتر هێنانه گۆڕی مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانیان بپارێزن.
ئه‌گه‌ر که‌ڕووبی ده‌نگ بێنێته‌وه، پێتانوایه ده‌توانێ ده‌ستکاریی له سیاسه‌تی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی رێژیم‌دا پێک بێنێت؟
له مه‌یدانی یارییه سیاسییه‌کانی ئێرانداو له چاوه‌دێری سندوقه‌کانی ده‌نگدانڕاجارێ ناکرێ به ته‌واوی ساغ بینه‌وه که کێ ده‌مێنێته‌وه‌و کێ له سندوقه‌کان سه‌ر وه‌ده‌رده‌نێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌ڕووبی یان هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی که دروشمی ئاڵوگۆڕی هه‌ڵگرتبێ‌و ده‌نگ بێنێته‌وه بۆ سه‌رکه‌وتنی خۆی‌و پرۆژه‌کانی پێویستیی به پشتیوانی به‌رده‌وامی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران هه‌یه، له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر به واده‌کانی وه‌فا نه‌کا بێگومان وه‌ک ئه‌وانی رابردوو ئه‌و متمانه‌و پشتیوانییه له ده‌ست ده‌دا‌و لاپه‌ره‌یه‌کی ره‌شی بێ‌ئێعتیمادی بۆ خۆی تۆمار ده‌کاو داهاتووی سیاسیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا.
ئه‌گه‌ر کورد له ئێران بتوانێ به‌شێک له ویسته‌کانی دابین بکا، سیاسه‌تی دوارۆژی ئێوه به‌رامبه‌ر به کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن ده‌بێ؟ ئایا له‌سه‌ر رووخانی ئه‌و رێژیمه هه‌ر سوور ده‌بن؟
هه‌تا ئێستا نه‌مانگوتووه که ویسته‌کانی گه‌لی کورد له چواچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا به ته‌واوه‌تی ئیمکانی جێبه‌جێ بوونیان هه‌یه. حیزبی دێموکراتی کوردستان له کۆنگره‌ی 14ی خۆیدا ستراتێژیه‌کی بۆ خۆی دیاری کردوه‌و پێشی پابه‌نده‌و هه‌تا مه‌رحه‌له‌ی نیهاییش خه‌باتی بۆ ده‌کا. به‌ڵام نه له رابردوودا‌و نه ئێستاش پێمانوانییه که هه‌موو مافه‌کانی کورد یه‌کده‌ست‌و له پاکه‌تێکدا ده‌ست ده‌که‌وێ. له سیاسه‌تی حیزبی ئێمه‌دا هیچ ئه‌گه‌رێک ره‌ت ناکرێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش داهاتوو و ئاڵوگۆڕه‌کانن که سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێست‌و تاکتیکه‌کانی ئێمه دیاری ده‌که‌ن.ئه‌وه‌ی له هه‌موو شت پتر لای ئێمه گرینگه ستراتێژی نه‌ته‌وه‌ییمانه که ئه‌ویش له لای ئێمه نه‌گۆره.
کاک جه‌لیلی گادانی ئه‌ندامی له‌مێژینه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌دوایین لێدوانی خۆیدا بۆ "ماڵپه‌ڕی ره‌وانیوز" ده‌ڵێت: هاندانی خه‌ڵک بۆ به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماریی ئێران رابردووی سی ساڵه‌ی جووڵانه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دێنێته ژێر پرسیاره‌وه؟ جه‌نابت تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه هه‌ی؟
به‌رێز کاک جه‌لیلی گادانی یه‌کێک له که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کانی کورد‌و که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی حیزبی ئێمه‌یه، بۆچوونه‌کانیشی جێگای رێز‌و سه‌رنجدانن. به‌ڵام له حیزبی ئێمه دا بڕیار جه‌معی‌و گشتییه‌و نه‌زه‌ری ئه‌کسه‌رییه‌ت ده‌بێته بڕیاری حیزب. له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی تازه‌ی حیزب سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئێران حیزبی ئێمه بۆ یه‌که‌مجار له مێژووی خۆیدا نه‌زه‌رخوازییه‌کی زۆر به‌رینی له‌نێو ته‌شکیلاتی حیزب‌و بیرمه‌ندان‌و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی حیزبیش کردوه، ده‌نگ‌و بۆچوونی زۆرایه‌تییه‌کی گه‌لێک به‌رچاو به‌لای ئه‌م هه‌ڵوێسته دایه. به‌رێز کاک جه‌لیلیش یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تییانه‌یه که هه‌میشه رێزی زۆری بۆ ده‌نگی گشتی‌و بڕیاری نیهایی حیزبه‌که‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش شتێکی کامیله‌ن مه‌نتیقی‌و ره‌وایه که له حیزبێکدا جیاوازیی بۆچوونی سیاسی‌و لێکدانه‌وه هه‌بێ، ئه‌و کێشه سیاسییانه‌ن حیزب به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن‌و زیندووی راده‌گرن. ئه‌وه‌ش دووپات ده‌که‌مه‌وه که هیچ هه‌ڵوێستێکی نوێ به‌مانای خراپی یان نادروستیی سیاسه‌ت یان هه‌ڵوێستی رابردوو نییه، به‌ڵکوو تێڕامان‌و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه‌یه له واقێعیه‌ته‌کانی سه‌رده‌م.
کامڕان سۆهرابی: له‌وه زیاتر کاتت ناگرم و سوپاست ده‌که‌م که کاتی خۆت بۆ ئه‌م وتووێژه ته‌رخان کرد.
سه‌عید به‌گزاده: منیش سوپاسی ئیوه ده‌که‌م و داوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌كه‌م.
----------------------------
ئاماژه: سه‌عێد به‌گزاده ماوه‌ی 20 ساڵ یه‌كێک له ئه‌ندامانی ڕێبه‌ری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بووه و به دوای کونگره‌ی 14ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئه‌رکی ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێ ئه‌سپێردراوه و دانیشتووی وڵاتی سوئێده.
05/06/2009


