پێشوازی له‌هه‌ڵوێستی موسه‌وی نه‌كه‌ین له‌سیاسه‌ت نازانین
ئا: ئاوێنه
پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو 13/5 (23ی بانه‌مه‌ڕ)، له‌سه‌ر بانگه‌وازی حیزب‌و رێكخراوه سیاسییه‌كان، كوردستانی رۆژهه‌ڵات به‌بۆنه‌ی له‌سێداره‌دانی پێنج هاوڵاتی ئێرانه‌وه كه چواریان كورد بوون، مانگرتنێكی گشتی به‌خۆیه‌وه بینی.
حیزبی دیموكراتی كوردستان یه‌كێك بوو له‌و حیزبانه‌ی كه بانگه‌وازی بۆ ئه‌م مانگرتنه گشتییه كرد، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌م حیزبه "قادر وریا"، له‌م گفتوگۆیه‌ی ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئێمه پێشوازی له‌هه‌ڵوێستی موسه‌وی نه‌كه‌ین كه‌واته له‌سیاسه‌ت نازانین".
ئاوێنه: دوای مانگرتنه گشتییه‌كه‌ی كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، هه‌لومه‌رجی كوردستانی رۆژهه‌ڵات له چ ره‌وشێكدایه؟
قادر وریا: وه‌ك ده‌زانن مانگرتنه‌كه زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستانی گرته‌وه هه‌ر له‌ماكۆوه تا كرماشان‌و ده‌وروبه‌ری، مانگرتنێكی گشتی بوو، زۆربه‌ی دوكانه‌كان داخران، زۆربه‌ی قوتابیه‌كان نه‌چوونه‌وه بۆ ده‌وام، ئه‌وانه‌شی كه چونه‌وه به‌جلوبه‌رگی ره‌شه‌وه چوون. له‌م رۆژه‌دا خه‌ڵك به‌گشتی نیشانی‌دا كه تازیه‌بارو ناڕازییه به‌رامبه‌ر به‌ئیعدام كردنی ئه‌م تێكۆشه‌رانه. به‌دوای ئه‌م مانگرتنه‌دا، هێزه‌كانی رژێم فشاریان زیاتر بووه له‌شاره‌كاندا‌و یه‌كێك له‌وانه‌ی ده‌ستگیرییان كردووه "جه‌لالی ئه‌قوامی"یه كه وته‌بێژی مافی مرۆڤی كوردستانه. هه‌روه‌ها رژێم به‌نیازه تۆڵه‌ی ئه‌و مانگرتنه له‌تێكۆشه‌رانی كورد بكاته‌وه. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا، هه‌ڵمه‌تێك له‌گۆڕێدایه بۆ ئه‌وه‌ی چاودێرانی مافی مرۆڤ سه‌ردانی ئێران بكه‌ن‌و سزای ئیعدام له‌و وڵاته‌دا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
ئاوێنه: به‌بڕوای ئێوه ئه‌م مانگرتنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو حیزبه كوردییه‌كان پێكه‌وه له‌سه‌ر بانگه‌وازه‌كه كۆك بوون؟
قادر وریا: پێمانوایه به‌پله‌ی یه‌كه‌م هۆكاری ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌نگ ئه‌م بانگه‌وازه‌وه هات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو حیزب‌و رێكخراوه كوردییه‌كان هاوده‌نگ بوون‌و وه‌ك یه‌ك قسه‌یان كرد. هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتین رۆژی پێنج شه‌ممه 23ی بانه‌مه‌ڕ مانگرتنی گشتی بێت. ئه‌مه هاوهه‌نگاوی‌و هاو هه‌ڵوێستییه‌كی گرنگ بوو. خه‌ڵك به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامیان دانه‌وه. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش وه‌ڵامی ئه‌م خه‌ڵكه بده‌نه‌وه، پێویسته ئێمه‌ش پتر بایه‌خ بده‌ین به‌كاری هاوبه‌ش‌و زیاتریش له‌یه‌كتر نزیك ببینه‌وه.
ئاوێنه: ئایا ئه‌م جموجۆڵه ده‌كرێت سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ پشتیوانی كرد له‌بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه پێشتر كورد به‌شدارییه‌كی كارای نه‌بووه له‌و ناڕازه‌یه‌تییه سه‌رتاسه‌رییه‌ی ئێران‌دا؟
قادر وریا: پێمانوایه ئه‌م مانگرتنه‌و ئاسه‌واره‌كانی كاریگه‌ری زۆریان ده‌بێت له‌سه‌ر هاوكاریی ئێرانیه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌و ناوخۆشدا، چونكه له‌ڕاستیدا پێشتر ئێمه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵات زۆر گلله‌ییه‌مان ده‌كرد كه به‌داخه‌وه كه‌سایه‌تییه سیاسی‌و ئه‌ده‌بییه‌كان‌و رێكخراوه سباسییه‌كانی ئێران وه‌ك پێویست پشتیوانیان له‌خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كردووه‌و هاوده‌نگییان نه‌كردووه. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ئێرانیه‌كان له‌ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌شدا باش هاتن، خودی موسه‌وی‌و كه‌روبی‌و هه‌ندێك رێكخراو كه له‌بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزدا رۆڵیان هه‌یه‌و به‌شدارن، ئه‌م له‌سێداره‌دانه‌ی تێكۆشه‌رانی كوردیان به‌توندی مه‌حكوم كرد. له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ئێرانییه‌كان زۆر باش له‌گه‌ڵ كورده‌كان به‌شدار بوون له‌و چالاكییانه‌ی كران له‌دژی ره‌فتاره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵێ ده‌كرێت هه‌موو ئه‌مانه ببنه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ لێنزیكبوونه‌وه.
ئاوێنه: به‌بڕوای تۆ هه‌ڵوێست‌و لێدوانه‌كانی موسه‌وی كه ئه‌م له‌سێداره‌دانه‌ی تێكۆشه‌رانی كوردی مه‌حكوم كرد چ كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌بێت له‌نێو لایه‌نه كوردییه‌كاندا؟
قادر وریا: ئه‌گه‌ر پێشوازی له‌م هه‌ڵوێستانه نه‌كه‌ین به‌ڕاستی به‌مانای ئه‌وه‌یه كه ئێمه له‌سیاسه‌ت نازانین، ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی ئازایانه‌و بوێرانه‌یه. هه‌ڵوێستی ئه‌و كه‌سانه باش بوون‌و كورد ده‌بێت ئه‌مه ببینێت. ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌دادوه‌ره گه‌وره‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌وه ره‌خنه‌ی توندی له‌موسه‌وی گرتووه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش هێرشێكی زۆری ده‌كرێته سه‌ر. هیوادارین له‌داهاتووشدا موسه‌وی‌و كه‌سایه‌تییه سیاسی‌و ئه‌ده‌بییه‌كانی ئێران هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر كورد، بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ش كاردانه‌وه‌یان ده‌بێت‌و پێشوازیشی لێده‌كرێت.
ئاوێنه: هه‌نگاوی داهاتووی ئێوه وه‌ك حیزبه كوردییه‌كان چی ده‌بێت؟
قادر وریا: به‌بڕوای ئێمه ئه‌م مانگرتنه پیشانیدا كه ئاماده‌كارییه‌كی زۆر هه‌یه له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی، خه‌ڵك ئاماده‌یی هه‌یه به‌شێوه‌ی ئاشتیانه‌و هێمنانه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ده‌رببڕێ‌و داخوازییه‌كانی بباته پێشێ، ئه‌م ئه‌زمونه نیشانی‌دا كه پێویسته حیزب‌و رێكخراوه كوردییه‌كان ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا بنێن‌و له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌و بایه‌خێكی زیاتر به‌خه‌باتی مه‌ده‌نی بده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌بێت بایه‌خ به‌هاوپه‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێكخراوه ئێرانییه‌كانیش له‌ده‌ره‌وه بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی فشارێك له‌سه‌ر ئێران دروست بكرێت كه سزای ئیعدام نه‌مێنێت.


