ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری ئەمنییەت و مافەکانی مرۆڤ
ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ
حیزب و ڕێکخراوە دێموکڕات و ئازادیخوازەکان
کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی و ئازادیخوازەکان
گەلی کورد لە کوردستانی ئێران سەدان ساڵە لە ژێر چەپۆکیی دا بەسەردەبا و لە پێناوی بەدەست هێنانی سەرەتاییترین مافەکانی، هەزاران قوربانی داوە. هەم لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکانی پێش کۆماری ئیسلامی و هەم لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا هەمیشە لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە وەک هاونیشتمانی دەرەجە دوو چاوی لێکراوە، پەلامار دراوە، هەمو مافێکی لێ زەوت کراوە و وەڵامی بچوکترین داخوازەکانی بە ئاگر و ئاسن دراوەتەوە.
لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا ڕاددەی زوڵم و زۆرەکە بە ئەوجی خۆی گەیشتووە. کوردستان میلیتاریزە کراوە، نیزامی ئەمنییەتی بەسەر دا سەپاوە و هەر جوڵەیەکی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگی بە پێوانەی نیزامی و ئەمنییەتی هەڵدەسەنگێندرێ و بچوکترین ناڕەزایەتی لە ڕژیم، بە قورسترین سزا وەڵامی دەدرێتەوە. تا ئێستا بە سەدان ژن و پیاوی کورد لەسەر چالاکی زۆر ئاسایی کە لە دنیای دێموکڕات و ئازاد دا دەکەونە خانەی ئازادییە سەرەتاییەکانی مرۆڤەوە، شکەنجە کراون، سزای زیندانیی دوور و درێژ و تەنانەت ئیعدامیان بەسەر دا سەپاوە.
نمونەی هەرە تازە ئیعدامی چوار کەس لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد و ئێرانییەکی دیکە لە زیندانی ئێوین لە ڕۆژی ٩/٥/٢٠١٠ دا بوو. فهرزاد كهمانگهر مامۆستای قوتابخانهكانی كامیاران، عهلی حهیدهریان، فهرهاد وهكیلی، شیرین عهلهم هولیو مههدی ئیسلامیان کە لەو ڕۆژەدا لە لایەن جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامییەوە ئیعدام کران، هیچ تاوانێکیان نەکردبوو. ئەوان ئەگەر لە وەڵاتێکی ئازاد دا بونایە، تەنانەت یەک ڕۆژیش زیندانی نەدەکران، بەڵام بێ وەکیل و دادگاییەکی عادڵانە و بێ ئەوەی بتوانن دیفاع لە خۆیان بکەن، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، حوکمی ئیعدامیان بەسەر دا سەپا و بەداخێکی گرانەوە حوکمەکەش جێبەجێ کرا.
ڕژیمی ئێران کوردستانی کردووەتە کوشتارگای ئینسانەکان تا خەڵکی ناوچەکانی دیکەی پێ چاوترسێن بکا. هەرکاتێک لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە بە چالش دەکێشرێ، کۆمەڵێک لە لاوانی کورد کە بێ تاوان لە زیندانەکانی دا ڕاگرتون، لە سێدارە دەدا. هەر ئێستاش 17 چالاکی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگیی دیکە لە ژێر حوکمی ئیعدام دان و مەترسی ئەوە دەکرێ کە بۆ چاوترسێن کردن، ئەوانیش لە سێدارە بدرێن. تەنانەت دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان محەممەد سەدیقی کەبودوەندیش لە زیندان دایە.
ئێمە داوا لە هەمو لایەنگرانی مافی مرۆڤ، لە هەمو دەوڵەت، ڕێکخراوو ئینسانە ئازادیخوازەکانی دنیا دەکەین کە بە هانای لاوانی کور و کچی کوردەوە بێن و ڕێگا نەدەن ببنە قوربانیی دەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی و بۆ چاوترسێن کردن ملیان بە پەتی سێدارەوە بکرێ.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
17 - 5 - 2010


