حه‌سه‌ن حاته‌می
به‌شی یه‌که‌م
ما‌وه‌یه‌که گه‌ڵاڵه‌ی یاسای ئامانجدارکر‌دنی یارمه‌تیی دانه‌کان(قانون هدفمندکردن یارانه‌ها)، له نێوان ئه‌حمه‌دی نیژاد و مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی دا، گیروگرفتێکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی نوێی هێنا ئاراوه.
کێشه‌که له‌وه‌ڕا سه‌رچاوه‌ی گرت که ئه‌حمه‌دی نیژاد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌که‌ی خۆی داخوازی 40 هه‌زارمیلیارد تمه‌نی داهات، بۆ"ده‌وڵه‌ت"ه‌که‌ی ده‌کرد. مه‌جلیسیش قبووڵی نه‌کرد. ناوبراویش هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاپرسی گشتیی له مه‌جلیس بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کرد.
خامنه‌یی – رێبه‌ری ئیسلامی و هه‌مه‌کاره له‌باری یاسا نووسراو نه‌نووسراوه‌کانی نیزام-، له 1 ی خاکه‌لێوه له مه‌شهه‌د کوتی: پێویسته ئه‌و دوو "قوه"،یانی یاسا دانان و ئیجرایی پێکه‌وه هاوکاری بکه‌ن. بۆ به‌ڕێوه‌بردنی "امر ولی مطلقه‌ء فقیه"، له رۆژی 30 خاکه‌لێوه‌ی 1389 (19 ی ئاوریلی 2010)، مه‌جلیس ناچار کرا، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی نهێنی بگرێ!؟
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌شێوه‌یه‌کی ده‌نگی فێڵاوی "ستمزاجی" یا به قه‌ولی فارسه‌کان "استمزاجی"، به 161 ده‌نگی ئه‌رێنی له کۆی 220 نوێنه‌ری ئاماده‌بوو، ئیزنیان به کابینه‌ی کوودێتایی ئه‌حمه‌دی نیژادی به‌سه‌رکۆمارکراو دا، هه‌تا گه‌ڵاڵه‌که‌ی له مانگی گوڵان (بانه‌مه‌ڕ) دا، ئیجڕا بکا و ئیمکاناتی ماڵیشی بۆ ته‌رخان بکرێ!؟
ده‌نگی "ستمزاجی"، بیروڕاوه‌رگرتنێکی ئاسایی، بێکارگه‌ر و لاوه‌کییه و تایبه‌تمه‌ندیی یاسایی نییه. ئه‌وکرده‌وه‌یه له‌حالێکدابوو که پێشتر مه‌جلیس 2 جار به زۆرینه‌ی ده‌نگ، گه‌ڵاڵه‌ی ناوبراوی په‌سند نه‌کردبوو. له‌ڕاستی دا ئیستاش ئه‌وگه‌ڵاڵه‌یه، له‌چوارچێوه‌ی یاساکانی به‌رایی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، سه‌باره‌ت به ده‌زگای یاسا دانان و پێوانی رێکارێک که زۆربه‌ی مه‌جلیس به گونجاندنی راده‌یه‌ک له تێبینییه‌کانی موخالیفان و په‌سندی شووڕای نیگابان، باری ئاسایی به‌خۆوه ده‌گرێ، تێنه‌په‌ڕیوه. که‌وابوو هه‌ر له ده‌سپیک دا، گه‌ڵاڵه‌که به‌زۆری و ده‌سه‌ڵاتی خامنه‌یی داسه‌پاوه. چونکه هه‌ر دوای په‌سند کرانه "ستمزاجی"یه‌که، ئه‌حمه‌د ته‌وه‌کولی – سه‌رۆکی لێکۆلینه‌وه‌کانی مه‌جلیس-، ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی وه‌ک "بدعت" له قه‌ڵه‌م دا و عه‌لیی موته‌هه‌ری – نوێنه‌ری بناژۆیی مه‌جلیس-، به "کسر شأن مجلس" ناوی برد. پێشیان سه‌یربوو چۆن میسباحی موقه‌ده‌م – سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی تایبه‌تی تۆێژینه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕانی ئابوور‌ی- که پێشتر موخالیف بوو، ئه‌وجار موافیق کرابو.
ئه‌و گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌حمه‌دی نیژاد و کابینه ئه‌میییه‌تی- نیزامییه‌که‌ی، به‌سه‌ر مه‌جلیسی هه‌شته‌می داسه‌پاند، مه‌سه‌له‌ی عورفی پارڵمانی - وه‌ک ده‌نگی خه‌ڵک، به‌هه‌موو که‌موکووڕیه‌کانییه‌وه.- ناکارامه‌تر له‌وه‌ی هه‌بوو، کرد و به قه‌ولی کوردی:"ته‌نیا پرسه گورگانه" ی پێکرا!؟
ئه‌و گه‌ڵاله‌یه به بۆچوونی موحسین رێنانی- مامۆستای ئابوور‌ی له زانستگای ئیسفه‌هان-،: یه‌کێک له گرینگ‌ترین رێفۆمی ئابوور‌ی کۆماری ئیسلامی له 30 ساڵی رابردوو دایه و هاوسه‌نگیی چاکسازی کشت و کاڵی(ارباب- رعیتی)، ده‌ورانی په‌هله‌وی دوویه‌مه. به‌ڵام میکانیزمه‌کان و روانگه‌کان، هه‌لومه‌رجی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی، به‌تایبه‌تی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێکخراوی بازرگانی جیهانی دا زۆر جێی سه‌رنجن و ده‌تواندرێ، به پێی ئه‌و پێورانه شکستی گه‌ڵاڵه‌که، له 6 مانگی یه‌که‌می جێبه‌جێ کردنی دا، جێی چاوه‌ڕوانی بێ!؟
سیاسه‌تدانه‌رانی ئابوور‌ی کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتیان دا، دوو بۆچوونیان له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی گه‌ڵاڵه‌ی ئابوور‌ی هه‌بوو. یه‌که‌م روانگه فیقهی: به‌پێی ئه‌و بۆچوونه، ده‌ڵین فڵان کار ئه‌نجام بدرێ و فیساره رێوشوێن ده‌بێ ره‌چاو بکرێ!؟ بێئه‌وه‌ی چاو له وه‌زعی کۆمه‌ڵگای زیندوو وبه‌گه‌شه و نه‌شه‌ی ئێران و به‌پرسیار بکه‌ن، که شته‌کانی سه‌ربه‌سته و مرید و دره‌وێشی به ئاسانی قبوڵ ناکرێن. دوویه‌م روانگه‌ی میکانیکییه: که ده‌ڵێ ئه‌و پووڵه‌ی لێره هه‌ڵده‌گرین و گیروگرفته‌کانی شوێنێکی دیکه‌ی پێ جێبه‌جێ ده‌که‌ین!؟
ئه‌و ڕوانگه و بۆچوونانه، مه‌سه‌له‌ی ئابوور‌ی، وه‌ک نازیندوو چاو لێده‌که‌ن. به‌ڵام زیندوویه. چونکه زیندوویه، یه‌که‌م: مێشکی هه‌یه و ره‌فتاری رابردووی بۆ ئێستا و داهاتووش کاریگه‌ری ده‌بێ. دوویه‌م: له به‌رانبه‌ر نشته‌ر‌گه‌ریی بێ ئیمکانات دا، دژکرده‌وه نیشان ده‌دا. ئه‌و" دوکتور"انه‌ی ده‌یانهه‌وێ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه یه‌کجار پان و به‌رین و پڕخه‌رجییه ئه‌نجام بده‌ن، بۆخۆیان نه‌خۆشن و نه‌خۆشه‌که‌شیان، ئابوورییه‌کی له‌حاڵی گیانه‌ڵڵا (اغما) دایه. هه‌روه‌ها ئابووریزانێک ده‌ڵێ: ئابوور‌ی وڵاتی ئێمه، وه‌ک فڕۆکه‌یه‌کی ده‌چێ که به خه‌ڵکانی نێو فرۆکه‌که ده‌ڵێ: که‌مه‌ربه‌نده‌کانتان ببه‌ستن. به‌ڵام 30 ساڵه هێشتا نه‌یکوتوه بیانکه‌نه‌وه.
داگڵاس نوڕس – براوه‌ی خه‌ڵاتی ئابوور‌ی نوبێل-، 40 ساڵه، مێژووی ئابوور‌ی وڵاتان موتاڵا ده‌کا، به‌و ئاکامه گه‌یشتوه که: مه‌سه‌له‌ی ئابوور‌ی ته‌نیا له‌رێگای پووڵ ناتوانێ سه‌رکه‌وتوو بێ. سه‌ر‌مایه، جێگۆڕکێی پوڵ و ته‌نانه‌ت چاکسازی نرخه‌کانیش گه‌شه‌کردنیان لێناکه‌وێته‌وه. به‌ڵکوو چه‌ند نیهادگه‌لێک وهه‌له‌مه‌رجه‌کانی و ژێرخانی هه‌ر گۆمه‌ڵگایه‌ک که تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه، جێ‌گێر نه‌بن، که‌ره‌سه باشه‌کانی ئابوور‌ی باشیش، وڵامده‌ر نابن.
ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه سه‌رکه‌توو نابێ چونکه ئابوور‌ی ئێران له حاڵه‌تی راوه‌ستان (رکود) دایه، نه‌ک گه‌شه‌کردن. پووڵیش که کراوه‌ته بنه‌ڕه‌تیترین که‌ره‌سه له ئابوور‌ی ئێران دا، هه‌ڵکشانی پتره له داکشانی و سه‌قامگرتوو نییه. بۆیه کۆمه‌ڵگا تووشی ئاوسان(تورم)ی پتر ده‌بێ.- هه‌ر ئێستا ئاوسان له نێوان 15% و 25%، له‌هاتوچۆ دایه.- وره‌شکستبوونی زیاتری کارخانه و کارگه‌کان و بێکاربوونی هه‌زاران کرێکار و مووچه خۆر و ناره‌زایه‌تییه مه‌ده‌نیی و کومه‌ڵا‌یه‌تی لێده‌که‌وێته‌وه. ناڕه‌زایه‌تیی پتر له 10 مانگی رابردووی شه‌قامه‌کانی تاران و شاره‌گه‌وه‌ره‌کان، له‌نێو لاوان، ژنان و زانستگاکان دا، به‌شێوه‌ی"بالقوه" له ئارا دان. ئاکارێکی ده‌رفه‌ت خوڵقێن ژیله‌مۆکانی بن خۆڵه‌میش، وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌نه‌وه و...
درێژه‌ی هه‌یه.
حه‌سه‌ن حاته‌می 29 ی ئاوریلی 2010.
سه‌رچاوه‌کان:
"شاخصها و یادداشتهای اقتصادی، مقاله‌ء "نسخه‌ای که درمان رونق نیست" از محسن رنانی- استادیار اقتصاد دانشگاه اصفهان-، سایت ایران امروز.
سایت روز آنلاین.


