رێوره‌سمه‌که کاتژمێر 6ی ئێواره به خوێندنه‌وه‌ی سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب له لایه‌ن کۆڕی هونه‌ریی یه‌کیه‌تی لاوانی دێموکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له فینلاند ده‌ستی پێ‌کرد و به دوای ئه‌وه‌دا ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له یاد و خه‌باتی شه‌هیدانی رێگای ئازادیی کوردستان راگه‌یه‌ندرا. پاشان له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رنامه هاوڕێیان که‌ریم ره‌سوڵی و شه‌هێن زادئه‌حمه‌د وێڕای به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان، به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کۆپله شێعری پێوه‌ندار به 2ی رێبه‌ندان و دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، پێشوازیی له‌و یاده پیرۆزه کرا. هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆژه هاوکات بوو له گه‌ڵ چله‌ی ماته‌مینیی کادری تێکۆشه‌ری رادیۆ ده‌نگی کوردستان کاک ته‌ها عه‌تیقی، که له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رنامه‌وه یادی کرایه‌وه و ئاماده‌بوان رێزیان له خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌و نه‌مره گرت. به پێشکه‌ش کردنی سروودی "کۆمار" به‌رنامه‌که درێژه‌ی کێشا.
له ده‌سپێکی خوێندنه‌وه‌ی په‌یامه‌کاندا، په‌یامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی رێوره‌سمی 2ی رێبه‌ندان، له لایه‌ن کاک ئه‌یوب سوری، به‌رپرسی رێکخراوی فینکورد خوێندرایه‌وه که په‌یامی هاوبه‌شی کۆمیته‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یه‌کێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یه‌کێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له وڵاتی فینلاند و رێکخراوی "فینکورد"ی له خۆ گرتبوو.
له‌و په‌یامه‌دا وێڕای ئاوڕدانه‌وه له ده‌سکه‌وته‌کانی کۆماری کوردستان، تیشک خرابووه سه‌ر بارودۆخی هه‌نوکه‌یی گه‌لی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و تێیدا هاتبوو: " ئه‌مساڵ له کاتێک دا رێز له یادی کۆماری کوردستان ده‌گرین که گه‌له‌که‌مان له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دا له هه‌ر کاتێکی مێژویی زیاتر له ئامانجه‌کانی خۆی نێزیک بۆته‌وه."
له به‌شێکی دیکه‌ی په‌یامی کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ریی رێوره‌سمی 2ی رێبه‌ندان دا، به‌ڕێز ئه‌یوب سوری باسی له بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد و وتی: "رۆژهه‌لاتی کوردستانیش ئه‌مساڵ له هه‌لومه‌جێکدا یادی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان ده‌کاته‌وه که به‌خۆشییه‌وه ئاسۆی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران له‌هه‌موو قۆناغه‌کانی ڕابردوو ڕوونتر دیاره. بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری به‌دژی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرو کۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامی، که له‌مێژساڵه ده‌ستی پێکردوه، له‌پاش کۆدیتای شوومی ئاخونده توند ئاژۆکان به‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له هاوینی رابردوو دا، پێی ناوه‌ته قۆناغێکی تازه‌وه."
هه‌ر له‌م باره‌وه به‌رپرسی رێکخراوی فینکورد ئاماژه‌ی به‌گوشاری هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان کرد و وتی: "رێژیم بۆ چاوترسێن کردنی ئازادیخوازانی ئێران، گوشارێکی له راده‌به‌ده‌ری بۆ سه‌ر چالاکان و تێکۆشه‌رانی خه‌باتی مه‌ده‌نی کورد له ناوخۆی وڵات هێناوه و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که له ماوه‌ی رابردوو دا دوو که‌س له‌و چالاکانه ئێعدام کران، هه‌ر ئێستا لانیکه‌م 21 تێکۆشه‌ری کورد له ژێر حوکمی سێداره دان. پشتیوانی و به‌رگری له ئێعدامی رۆڵه‌کانی کورد ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی و ده‌سبه‌جێی هه‌موومانه." له‌م پێوه‌ندیه‌دا بانگه‌وازی له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان کرد تا یه‌کده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست به پێکهێنانی میتینگ و خۆپیشاندان یان به سه‌ردانی ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات له وڵاتانی رۆژئاوا، بۆ رزگاریی گیانی ئه‌و به‌ندکراوانه تێ‌بکۆشن.
له به‌شێکی دیکه‌ی رێوره‌سمه‌که‌دا، کچان و کوڕانی کۆڕی هونه‌ریی لاوانی رۆژهه‌ڵات له فینلاند به پێشکه‌ش کردنی چه‌ند تابڵۆی هه‌ڵپه‌ڕکێ سه‌رنجی ئاماده‌بوانیان بۆ لای خۆیان راکێشا و رێوره‌سمه‌که‌یان رازاوه‌تر کرد. پاشان په‌یامی حیزب و رێکخراوه‌کانی به‌شداری رێوره‌سمه‌که به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه خوێندرایه‌وه:
په‌یامی پارتی دێموکراتی کوردستان، به‌ڕێز عێمران که‌رکوکی
په‌یامی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان، کاک جه‌بار که‌رکوکی
په‌یامی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، رێزدار لوقمان نه‌جاڕی
په‌یامی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران، کاک شوانه شێخه
په‌یامی بزوتنه‌وه‌ی دێموکراتیکی یارسان، کاک به‌شیر ئه‌میرخانی
په‌یامی ناوه‌ندی چاک، کاک سالار سۆفی
هه‌روه‌ها بروسکه‌ی پیرۆزبایی کۆمپانیای چاوان
له ناوئاخنی په‌یامه‌کانیش دا سرودێکی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، له لایه‌ن کاک فه‌رهاد ساڵحی و به هاوکاریی کۆڕی هونه‌ریی لاوانی رۆژهه‌ڵات له فینلاند پێشکه‌ش کرا. هه‌روه‌ها له په‌راوێزی رێوره‌سمه‌که‌دا نوێنه‌رانی ئه‌و حیزب و رێکخراوانه به ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ند و که‌سایه‌تیی کورد کاک ناسر ره‌زازی کۆبوونه‌وه و جه‌ختیان له سه‌ر پته‌وترکردنی پێوه‌ندی و هاوکاریی نێوانیان کرده‌وه.
پاشان هونه‌رمه‌ندی لاو کاک فه‌رهاد ساڵحی به پێشکه‌ش کردنی چه‌ندین سروود و گۆرانی ئاماده‌بوانی هێنایه جۆش.
له به‌شێکی تری رێوره‌سمه‌که‌دا، به‌ڕێز کاک سه‌ید ئه‌حمه‌د حسینی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی فینلاند، به چه‌ند وته‌یه‌ک سپاس و رێزی کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکه‌ش به‌و حیزب و لایه‌نانه کرد که له مه‌راسمه‌که‌دا ئاماده‌بوون و په‌یامی پیرۆزباییان به‌و بۆنه‌وه خوێنده‌وه. هه‌روه‌ها له‌وحی رێزلێنانی پێشکه‌ش به‌و هاوڕێیانه کرد که له باشتر به‌ڕێوه‌چوونی رێوره‌سمه‌که‌دا زه‌حمه‌ت و ماندووبونیان کێشابوو.
به‌شی کۆتایی رێوره‌سمی شێست و چواره‌مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان کاک ناسری ره‌زای و هاوڕێیه‌تی موسیقای مامۆستای موزیکی کوردی کاک ره‌شید فه‌یزی نه‌ژاد و هونه‌رمه‌ندانی دیکه رازایه‌وه. هونه‌رمه‌ند ره‌زازی به خوێندنی سروود و گۆرانی کوردی به زۆربه‌ی زاراوه‌کانی کوردستان دڵی ئه‌ویندارانی هونه‌ر و گۆرانی کوردی هێنایه جۆش و خرۆش و کچان و کوڕانی دڵ پڕ له ئه‌وینی ئازادی و ئۆگری خه‌بات، هونه‌ر و کولتور کورد به گه‌رمی پێشوازیان له‌و بۆنه پیرۆزه کرد.
وێنه‌ی زیاتر لێره‌وه چاو لێبکه



