ناوه‌ندی هه‌واڵ: ڕۆبێرت گه‌یتس،ی وه‌زیری به‌رگری وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا داوای له وڵاتانی زلهیزی جیهان کرد بۆ پێشگیری و په‌کخستنی به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێران به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتووانه گوشارکانیان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته زیاتر بکه‌ن و سه‌پاندی سزای زیاتر له به‌رنامه‌ی کاری خۆیاندا بگونجێنن.
گه‌یتس ئه‌و وتانه‌ی له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانی دا که له‌گه‌ڵ ئیگنازیۆ ڕوسا،ی وه‌زیری به‌رگری ئیتالیا پیکی هێنا بوو کرد و داوای له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانی جیهان کرد که به مه‌سئولیه‌ته‌وه ڕوبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌کانی ئیران ببنه‌وه. ناوبراو وتی: تا کاتێک که گشت وڵاتانی خاوه‌ن ده‌سه‌لاتی جیهان به شیوه‌یه‌کی یه‌گرتوو و یه‌ک هه‌ڵوێست ڕووبه‌ڕووی ئێران نه‌بنه‌وه، ئه‌و وڵاته واز له پیتاندنی ئۆران‌یۆم و به‌رنامه‌ی ناوه‌کی خۆی ناهێنێت.
له ماوه‌ی 2 ڕۆژی ڕابردوو دا ئه‌وه دووهه‌مین جاره که وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێران‌دا له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی گشتی دا لێدوان ده‌دات. ناوبراو 2 ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له تورکیه ڕایگه‌یاندبوو که به‌رزه‌فڕییه‌کانی ئێران بووه‌ته مایه‌ی دڵگرانی ئیمه و وه‌ک مه‌ترسییه‌کی ڕاسته‌قینه بۆ سه‌ر وڵاتانی ئوروپایی دێته ئه‌ژمار.
له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ر یه‌که له وڵاتانی بریتانیا، ئاڵمان، فه‌ڕانسه و ئیتالیا نیگه‌رانی خۆیان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وته‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئێران‌دا ده‌ربڕی و ئه‌و بڕیاره‌یان به هه‌ره‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه بۆ سه‌ر ئاسایش و هیوری جیهان ناوبرد و به پێشێلکارییه‌کی ئاشکرای ڕێکه‌وتننامه نیوده‌وڵه‌تییه‌کانیان زانی.


