لوقمان زه‌هرایی
22ی رێبه‌ندانی ئه‌مساڵ، شۆرشی گه‌لانی ئێران بۆ ڕزگاری له ده‌ست ئیستبداد وسه‌ره‌رۆیی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی وگه‌یشتن به ئازادی ودێموکراسی پێ ده‌نێته نێو 31که‌مین ساڵی خۆی وپاش تێپه‌ر بوونی 30 ساڵ به سه‌ر خۆ داسه‌پاندنی حکومه‌تی ڕه‌شی ئیسلامی سیاسی له ئێران‌دا، گه‌لانی ئێران هێشتاش بۆ گه‌یشتن به دێموکراسی و سه‌ربه‌ستی وژیانێکی به‌خته‌وه‌روئازاد که راپه‌رینیان بۆ کرد وخوێنیان بۆ دا هه‌ر له مه‌یدان دان. کوردستان له ماوه‌ی ئه‌و 30 ساڵه دا خوێناوی‌ترین وڕه‌شترین رۆژانی پڕ له کاره‌ساتی له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی شومی ئاخونده‌کان به رێبه‌ری خومه‌ینی تێپه‌راندووه وئاکامی فه‌رمانی جیهادی پیری خه‌رفاوی جه‌ماران جگه له کوشتن وسوتاندن ووێران کردنی شاروگونده‌کانی کوردستان وتێک دانی ژێرخانی ئابوری کوردستان چیدیکه‌ی به دواوه نه‌بووه. حکومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی تاران جگه له په‌یره‌وه کردن و درێژه‌دان به سیاسه‌تی ئینکاروداگیرکاری هیچ شتێکی دیکه‌یان ته‌جروبه نه‌کردووه ودایم وڵامی داخوازه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان به ئاسن وئاور داوه‌ته‌وه. کوردستان هه‌موو کات له خانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌منیه‌تی سه‌رانی کۆماری ئیسلامی دابووه وستراتیژی ده‌وڵه‌تانی حاکم به سه‌ر ئێران‌دا سه‌رکوت کردن وبێ ده‌نگ کردنی کوردان بووه به هه‌ر نرخێک .
دوو هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ به‌رێوه بردنی ئه‌و سیاسه‌ته وبێ به‌ش کردنی کورد له مافه‌کانی ده‌وریان گێراوه. یه‌که‌م، ڕوانینی ناسینۆنالیزمی پاوان خوازی فارس که به ناسیۆنالیزمی ئێرانی خۆی پێناسه ده‌کا وبوونی ئێرانی فره نه‌ته‌وه وفره زمان حاشا لێ ده‌کا وئێران ومێژووی ئێران له زمان ومێژووی گه‌لی حاکم واته فارسه‌کاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و''پاراستنی چوارچێوه‌ی عه‌رزی ئێران'' بۆته تاپۆیه‌کی نه‌شکاو وهێلی سوور بۆ دژایه‌تی وبه‌ربه‌ره‌کانی کردنی هه‌ر جۆره داخوازێکی ڕه‌واو ئینسانی گه‌لانی دیکه‌ی ئێران به تایبه‌ت کورده‌کان که هه‌ر ده‌م له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی خه‌بات دا بوون بۆ به دێموکراسی کردنی ئێران.
دووهه‌م، هه‌وڵ دانی ئاخونده شێعه‌کانی حاکم به سه‌ر ئێران‌دا بۆ په‌ره‌پێدانی مه‌زهه‌بی شێعه له ئێران دا ولاواز کردنی پێگه‌ی سوننی مه‌زهه‌به‌کان به شێوازی جۆراوجۆر چ له رێگای په‌روه‌رده‌وه بووبێ وچ له رێگای راگه‌یاندن وچ له زه‌خت کردن بۆ سه‌ر ماموستایانی ئه‌هلی سوننه‌ت ورووخاندنی مزگه‌وت وشوێنه پیرۆزه‌کانی سووننیه مه‌زهه‌به‌کان. ئه‌و زه‌خته مه‌زهه‌بیه کورده‌کانیشی که رێژه‌یه‌کی به‌رچاویان سوننه مه‌زهه‌بن گرتۆته‌وه و چه‌وسانه‌وه‌ی مه‌زهه‌بیش به چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی زیاد بووه. لاواز کردنی پێگه‌ی سوننی مه‌زهه‌به‌کان ته‌نیا به ئێران نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه وبه‌ڵکوو له سنوره‌کانی ئێرانیش تێپه‌ریه‌وه وگه‌یوه‌ته وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه مه‌زهه‌ب ونانه‌وه‌ی کێشه بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان ویارمه‌تی دان گروپگه‌لی وه‌کوو حه‌ماس وجیهادی ئیسلامی وه‌کوو دوو گروپی سوننی مه‌زهه‌ب له دژی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینیه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی مه‌حمو‌د عه‌باس خۆی حیکایه‌ت له سیاسه‌تی ئاخونده شیعه‌کان ده‌کا بۆ کێشه دروست کردن له نێو موسولمانه سوننیه کاندا. یارمه‌تی دانی گروپی تاله‌بانی سوننه مه‌زهه‌ب بۆ دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان و هاوپه‌یمانیان ودانی جێگه وپێگه به نزیکان وسه‌رانی رێکخراوی ''القاعده'' له ئێران دا خۆی هه‌موویان ئه‌و راستیه به باشی ده‌رده‌خه‌ن که کۆماری ئیسلامی به‌دوای چ ئامانجێک دا ده‌گه‌رێ. ده‌ست تێوه‌ردان له کاروباری سیاسی وڵاتی یه‌مه‌نی به زۆرینه سوننی مه‌زهه‌ب وپشتگری شیعه‌کانی ئه‌و ولاته ودانی چه‌ک وپاره بۆ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی یه‌مه‌ن به‌شێکی دیکه‌ی پلانی ستراتیژێکی کۆماری ئیسلامی پێک ده‌هێنێ بۆ لاواز کردنی وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه مه‌زهه‌ب. ئه‌گه‌ر بگه‌رێنه‌وه سه‌رلایه‌نی مه‌زهه‌بی کوردی رۆژهه‌ڵات ده‌کرێ بلێم که سه‌رانی کۆماری ئیسلامیش هه‌ر به‌وڕوانگه‌وه سه‌یری کورده‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان ده‌که‌ن که رێژه‌یه‌کی به‌رچاویان سوننه مه‌زهه‌بن وله ڕوانگه‌ی کۆماری ئیسلامی شیعه‌وه ئه‌وانیش کافرن وسزاواری مردنن.
له‌و په‌یوه‌ندیه دا ئه‌وه جێگای تێرامان ولێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌که کوردی رۆژهه‌ڵات چۆن توانێوتی چ وه‌ک لایه‌نی سیاسی وچ وه‌ک لایه‌نی ئاینی به‌ربه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی بکا وده‌سکه‌وتی کوردی رۆژهه‌ڵات له ماوه‌ی 30 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده شیعه‌کانی حاکم به سه‌ر ئێران‌دا چ بووه وئایا ناسیۆنالیزمی کوردی توانیوێتی خۆی پێناسه بکا و فره نه‌ته‌وه‌بوونی ئێران بخاته روو وبیکا به کێشه‌ی رۆژ بۆ ناسیۆنالیزمی حاکم ؟
به بڕاوی من یه‌کێک له قه‌یرانه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات شه‌فاف نه‌بوونی سیاسه‌تی خۆ پێناسه کردن وه‌کوو کوردن بوون بووه وبه دایم سیاسه‌تی منه‌من وشه‌رمن له لایه‌ن رێبه‌رانی حیزبه سیاسیه‌کان به‌رێوه چووه ونه له رابردوو دا ونه ئێستاشی له گه‌ڵ بێ نه‌یانتوانیوه تابۆی عه‌قلیه‌ت وبیری راسیستیانه‌ی ''پاراستنی چوارچێوه‌ی عه‌رزی ئێران '' که له لایه‌ن ناسیۆنالیزمی فارس هاتۆته گۆرێ بشکێنن وپێناسه‌یه‌کی نوێ بخه‌نه روو. هه‌موو کات زۆرتر هه‌وڵ دراوه که وا نیشان بدرێ که گۆیا کورد '' تجز‌یه طلب'' نیه . ئه‌وه له کاتێکدایه که کوردستان داگیرکراوه وسیاسه‌تی داگیرکارانه‌شی له دژی به‌رێوه ده‌چێ. په‌یره‌وه کردنی ئه‌و سیاسه‌ته ونه‌بوونی شه‌فافیه‌ت له باس کردنی داواکانی کورد وه‌کوو ئه‌وه‌ی که کورد خۆی ده‌یهه‌وێ نه‌ک وه‌کوو ئه‌وه‌ی که ناسیۆنالیزمی حاکم مه‌به‌ست وئاره‌زوویه‌تی هه‌موو کات بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که له سیاسه‌تی ئه‌حزابی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌ک بان ودوو هه‌وایی دروست بێ که ئه‌ویش جگه له زه‌ره‌وزیانی گه‌وره هیچ ده‌سکه‌وتی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا نه‌بووه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوو دا به تایبه‌ت دوای مه‌رگی خومه‌ینی وبه ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خامنه‌یی به فرت‌و فێل وساخته کاری به‌رده‌وام کێشه وململانه له نێوان باڵه‌کانی جۆراوجۆری ده‌سه‌ڵات له ئێران دا هه‌بووه، به ڵام ئه‌و مه‌لمه‌لانه‌یه هیچ کات به قه‌ده‌رئه‌م جاره که له ئاکامی کودتای بێ ته‌قه‌ی سپای پاسداران له دوای ده‌وری ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری هاتۆته ئاراوه کۆماری ئیسلامی تووشی ته‌نگه‌ژه وقه‌یران ولێک هه‌ڵوه‌شان له ناوخۆیه‌وه نه‌کردووه وئه‌وه‌تا له دوای چه‌ندین مانگ تێپه‌ر بوون به سه‌رهه‌ڵبژاردن دا شه‌قامه‌کانی تاران وشاره گه‌وره‌کانی دیکه‌ی ئێران بونه‌ته مه‌یدانی ناره‌زایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانی به میلیۆنی گه‌لانی ئێران له دژی رێژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی.
ئه‌و جوڵانه‌وه‌ی که له ئاکامی کودتای هه‌ڵبژاردن هاتۆته ئاراوه وخۆی به جوڵانه‌وه‌ی ''سه‌وز'' پێناسه ده‌کا بۆته هۆی خولقاندنی کێشه‌ی زۆر گرینگ بۆ کۆماری ئیسلامی ورێژیمیش به‌هه‌موو رێگایه‌وه‌که‌وه هه‌وڵی لاوازکردن وله ناو بردنی ده‌دا. به ڵام مادام به میلیۆنان له خه‌ڵک له سه‌ر شه‌قامه‌کانن ئه‌و جوڵانه‌وه‌ی به کۆماری ئیسلامی سه‌هله به ئامریکاش که گه‌وره‌ترین زل هێزی جیهانه له ناو ناچێ!
باشه ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه که ته‌فسیری جۆراجۆری لێ ده‌کرێ وسه‌رانی ناسراوی وه‌کوو ''موسوی ، کروبی، خاتمی'' داوای نه‌مانی کۆماری ئیسلامی ناکه‌ن ودژایه‌تیان له گه‌ڵ سیستمی ''ویلایتی فقی '' نیه وته‌نیا به قه‌ولی خۆیان داوای هیندێک گۆران له ناو سیستم دا ده‌که‌ن وپێیان وایه که قانونی ئه‌ساسی کۆماری ئیسلامی زه‌رفیه‌تی ئاڵ وگۆری هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی له ئه‌سله‌کانی ''انقلاب'' وله ئامانجه‌کانی ''امام خمینی'' لابدا و دوور بکه‌وێته‌وه ده‌بێ به‌ره‌و کام لا بڕوا وکام خه‌ت ورێبازی سیاسی بگرێ که بگاته سه‌رکه‌وتن وکۆماری ئیسلامی له مه‌یدان وه‌ده‌ر بنێ ؟ ئایا هه‌ر به‌وشێوازه که موسه‌وی وکه‌روبی وخاته‌می باسی لێ ده‌که‌ن ده‌بێ بڕاوته پێش یان نه‌خێر ده‌بێ زۆر له‌وه‌ی که هه‌یه رادیکاڵتر بکرێ وبۆ ئه‌وه‌ی ببێته هۆی گۆرانی سه‌ره‌کی له ئێران‌دا؟ ئایا چه‌ندی دیکه خه‌ڵک ده‌بێ شاهیدی مه‌رگی رۆله‌کانیان بن له سه‌ر شه‌قامه‌کان وله ناو زیندانه‌کان دا؟
ئایا ئه‌و رێگا چاره‌ی که له دواین بڵاو کراوه‌ی موسه‌وی وکه‌روبی دا بۆ به قه‌ولی خۆیان چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات وخه‌ڵک پێشنیار کراون به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ل و مه‌رجه‌که ئارام بێته‌وه وله رێگای لێک تێگه‌یشتن ودانیشتن رێگا حه‌للی پێویست بدۆزرێته‌وه؟ به بڕوای من ئه‌وه‌ی موسه‌وی وکه‌روبی ده‌یکه‌ن زۆرتر بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شه ده‌گه‌رێته‌وه که لێیان کراوه وئه‌وانیش له ترسی گیانی خۆیان ونزیکانیشیان و له به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆشیان بێ هه‌وڵی ئارام کردنه‌وه وه زعه‌که ده‌ده‌ن هه‌رچه‌ند تاکوو ئێستا له لایه‌ن وه‌لی فه‌قی وداروده‌سته ی ده‌وڵه‌تی کودتا قسه‌کانیان به هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه وته‌نیا هه‌ڕه‌شه وگوڕه‌شه‌ی زیاتریان لێ کراوه.به باوه‌ری من ئه‌و پێشنیارانه‌ی که ئه‌وان کردوویانه به تایبه‌ت هی موسه‌وی هیچی ئه‌وتۆی بۆ گه‌لانی ئێران تێدا نیه.
زۆر باس له‌وه ده‌کرێ که ئێمه ی کوردی رۆژهه‌ڵات چۆن هه‌ڵس وکه‌وت له گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی سه‌وز بکه‌ین وله‌و په‌یوه‌ندیه‌دا بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه وبه داخه‌وه کوردی رۆژهه‌ڵات به گشتی دوچاری سه‌رلێشێواوی بووه وخۆی بۆ ساخ نابێته‌وه که ئایا له گه‌ڵ جوڵانه‌وه سه‌وز بکه‌وێ، له ته‌نیشتی بڕوا ویان هه‌ر له دووره‌وه سه‌یری ڕووداوه‌کان بکا ؟ به بڕاوی من ئه‌گه‌ر خۆمان هه‌ر چاوه‌ڕوان بین و وه‌کوو پیرێژنان له به‌ر خۆمانه‌وه هه‌ر بۆڵه بۆڵمان بێ ونه‌زانین چمان ده‌وێ وبلێین بۆ جوڵانه‌وه‌ی سه‌وز ئێمه‌ی کورد ناخوێنێته‌وه،بۆ چی مافه‌کانی ئێمه‌ش له بڵاوکراوه‌کانی موسه‌وی وکه‌روبی دا ڕه‌نگ ناداته‌وه، ئه‌وه چاوه‌ڕوانێکی بێ جێ یه. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که به عام ئه‌حزابی سه‌راسه‌ری فارس زبان به چه‌پ وبه راسته‌وه وچ ئه‌وانه‌ی که ئه‌مرۆ خۆیان وه‌کوو دم راستی جوڵانه‌وه‌ی سه‌وز له ناو خۆی ئێران وله ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێناسه ده‌که‌ن پێیان خۆش نیه مه‌سه‌له‌ی کورد ببێته مه‌سه‌له‌ی رۆژ وئه‌وه‌نده‌ی بۆشیان بکرێ به سه‌ری دا بازده‌ده‌ن وهه‌روه‌ک ده‌بینین له میدیاکانی ناو خۆی وبه تایبه‌ت ده‌ره‌وه وڵات زۆر که‌م باس له ره‌نج و ئازاری کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ده‌که‌ن وته‌نانه‌ت به خشپه باس له ئێعدامی رۆله‌کانی کورد ده‌که‌ن ،به‌ڵام بۆ هی خۆیان هه‌موو دونیا تێده‌گه‌ینن .
ده‌کرێ له‌و به‌ینه دا ئاماژه به رۆلی دوو میدیای فارس زمان بکه‌م که بینه‌ری یه‌کجار زۆریان له ناوخۆ وده‌ره‌وی ئێران هه‌یه که ئه‌وانیش ته‌له‌ڤیزیۆنی به‌شی فارسی ئامریکا وبی بی سی فارسین که ئامانجدارئه‌و سیاسه‌ته ده‌به‌نه پێشه‌وه وهه‌وڵ ده‌ده‌ن له باسه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ئێران که‌متر کێشه‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێران ویه‌ک له‌وان کورد بێته به‌رباس وهه‌ولێشیان ئه‌وه‌یه که له ناو جوڵانه‌وه‌ی سه‌وزیش دا ئه‌و نه‌خش و رۆله بۆ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران قایل نه‌بن وبه نیشاندانی ئه‌وه‌ی که گۆیا هه‌موو موخالیفانی کۆماری ئیسلامی ئه‌مرۆ له ناو خۆ له گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی سه‌وزن وله فره ره‌نگی یان به فره ره‌نگ کردنی ئه‌و جوڵانه‌وه‌ی ترسیان هه‌یه.
به بڕوای من کورد نابێ هه‌مان سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی که له سه‌د ساڵی رابردوو به‌رێوه بردووه دیسان دووپات بکاته‌وه. نابێ کورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێ که له تاران وه‌کوو ناوه‌ندی ده‌سه‌لاتی ناسیۆنالیزمی فارس وشێعه چ برێارێکی له سه‌ر چاره‌نووسی ده‌ده‌ن. کورد ده‌بێ خۆی به به‌رنامه ودروشم وتاکتیک وستراتیژی روونی خۆیه‌وه وبه ئاڵا وسه‌مبولی خۆیه‌وه بێته مه‌یدان وله‌و ده‌رفه‌ته که هه‌ر 100 ساڵ جارێک دێته پێش که‌ڵک وه‌ربگرێ. ئه‌مرۆ باشترین وله‌بارترین ده‌رفه‌ته بۆ کورد که کێشه ی خۆی بێنێته به‌رباس وهه‌وڵ بدا له کێشه‌ی نیوان باڵه‌کانی رێژیم له لایه‌ک وکێشه‌ی خه‌ڵک وده‌سه‌ڵات له لایه‌کی دیکه ئه‌وپه‌ری که‌ڵکی سیاسی خۆی وه‌رگرێ. ئێمه‌ی کورد نابێ هه‌ر چاوه‌ڕوانی قه‌زا وقه‌ده‌ر بین وهه‌ر به کوتنی ''ئینشاڵلا به‌وزوانه رێژیم ده‌روخێ '' دڵی خۆمان خۆش بکه‌ین و ده‌بێ خۆمان پێش ده‌ستی بکه‌ین وبوونی خۆمان ومافه‌کانمان بسه‌پێنین.
ئێستا که رۆژی 22ی رێبه‌ندان 31 که‌مین ساڵرۆژی شۆرشی گه‌لانی ئێران له پێشه با له‌و ده‌رفه‌ته زێرینه ئه‌وپه‌رێ که‌ڵکی خۆمان وه‌رگرین وبه خۆ رێکخستن له ده‌ره‌وه وناوه‌وی وڵات وبه هاوده‌نگی هاواری مافه‌کانی خۆمان بکه‌ین. با چیدیکه سیاسه‌تی بێ ده‌نگی ڕه‌چاو نه‌که‌ین وهه‌ر رۆژێک چاوڕه‌وانی ته‌رمه‌ی رۆله‌یه‌کی ئیعدام کراوی بنه‌ماله‌یه‌کی کورد نه‌بین. ئه‌گه‌ر هه‌موو هاوده‌نگ له گه‌ڵ باقی شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران له مه‌یدان دابین رێژیمی ئاخونده‌کان ناتوانێ رۆله‌کانی گه‌له‌که‌مان ئاوا بێ ترس بکا به قوربانی. کۆماری ئیسلامی زۆری پێ خۆشه که کوردستان وباقی شوێنه‌کانی دیکه‌ی ئێران بکه‌ونه په‌راوێزه‌وه و خۆپێشاندان وناره‌زایه‌تی هه‌موو شاروگونده‌کانی ئێران نه‌گرێته‌وه.
سکوتی بێ مانای ئێمه‌ی کورد که 30 ساڵه بۆ ئازادی ودێموکراسی ومافی نه‌ته‌وایه‌تیمان خه‌بات ده‌که‌ین هیچ ده‌سکه‌وتێکی بۆ ئێمه‌ی کورد به دواوه نابێ. جێگای خۆیه‌تی حیزبه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و ده‌رفه‌ته له‌باره که هاتۆته پێش که‌ڵک وه‌رگرن وکێشه بێ ماناکانیان که له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییمان دانیه وه‌لا بنێن وخۆیان رێکخه‌ن و هه‌موویان یه‌ک ده‌نگ له گه‌ڵ چالاکانی سیاسی ومه‌ده‌نی ناوخۆی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ به‌شداری به‌رینی میلیۆنی خه‌ڵک له ناو خۆ وده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌وڵ بده‌ن وبه دروشم وره‌نگ وسه‌مبولی نه‌ته‌وه‌یی خۆمانه‌وه به دونیا نیشان بده‌ن که ده‌وڵه‌تی کودتا نوێنه‌رایه‌تی گه‌لانی ئێران ویه‌ک له‌وان کورد ناکا وهه‌موو گه‌لانی ئێران خوازیاری ئاڵ وگۆری بنه‌ره‌تی ودامه‌زرانی سیستمێکی دێموکراتیکی سیکولار له سه‌ر ئه‌ساسی رێز لێنان له مافی ئینسانه‌کانن بۆداهاتووی ئێران.
4.2.2010
لوقمان زه‌هرایی


