ئه‌میر بابا‌خانی
ئێره ده‌نگی کوردستانی ئێرانه... دایکم قابڵه‌مه‌یه‌کی دۆکڵیوی کورده‌واری وه‌سه‌رنابوو و بابیشم به مقه‌سته باغه‌وانی ژه‌نگاوێکه‌ی خه‌ریکی هه‌ڵقرتاندنی گه‌ڵا سیس و زه‌رده‌کانی باغچه‌ی نێو حه‌ساره خنجیلانه‌که‌مان بوو. دایکم حه‌ساره‌که‌ی ئاوپڕژێن کرد بوو و به‌ڕه کۆنه‌که‌ی له‌سه‌ر کورسیه گه‌وره‌که‌مان راخست بوو.
چاوه‌ڕوان بووین دۆکڵیوه‌که‌مان ساز بێ که ده‌نگی شمشاڵه‌که‌ی مامه قاله له ناکاو به نه‌عره‌ته‌یه‌ک بڕا و گرمه‌ی" سه‌رنج بده‌ن، سه‌رنج بده‌ن" ورده گۆرانیه‌که‌ی ژێر لێوی بابمیشی پچڕاند و بابیشم به ره‌سته‌ی " حه‌ک ده‌به‌رت مرم ئه‌حمه‌د " سه‌رنجی بۆ لای ده‌نگه‌که راکێشاین. دیاره ئه‌من ئه‌حمه‌دی بابم نه‌ده‌ناسی، ئه‌گه‌رچی هه‌موو رۆژێ گوێم له ده‌نگی ده‌بوو به‌ڵام ئه‌حمه‌دی بابم وای ده‌نه‌ڕاند و بابم وه‌های به مقه‌سته‌که گه‌ڵا زه‌رده‌کانی هه‌ڵده‌قرتاند و دایکم وه‌های فرمێسک هه‌ڵده‌وه‌راند و حه‌ک خوڵایه بیانپارێزی، حه‌ک بێمزه‌ڕه‌ت بن، حه‌ک ده‌ستخۆشی پێده‌کووتن، بوو به هه‌وێنی ئه‌وه‌ی که رۆژانی داهاتووش ئه‌گه‌ر له کۆڵان هه‌لوکێن و گۆئێنم ده‌کرد و ده‌م ئه‌نگاوت یه‌ک به‌خۆم هاوارم ده‌کرد، تیرباری بی کێی سی دوو قه‌بزه، که‌ڵاشینکۆف شه‌ش قه‌بزه... ده‌نگی کاک ئه‌حمه‌دی بابم و شمشاڵی مامه قاله و وشه‌ی وه‌ک سه‌رنج، قه‌بزه، پێشمه‌رگه، خوێن، برین، شه‌هید و دوژمن و ده‌یان وشه‌ی تازه‌تر هاتبوونه نێو قاموسی ژیانم و به‌ره‌و واده‌یه‌کیان ده‌بردم که به بڕوام له ئه‌حمه‌ده‌که‌ی بابم نیزیکتر ده‌بوومه‌وه، به‌ڵام لاڵاییم گاتێ نیزیک بوونه‌وه له ئه‌حمه‌ده‌کان نابێته بوون به ئه‌حمه‌دێک.
دیسانیش ده‌نگی شمشاڵه‌که‌ی مامه قاله و کاک ئه‌حمه‌ده‌که و ده‌نگێکی دیکه‌ش. به‌ڵام ئه‌و ده‌نگه نه‌ی ده‌نه‌ڕاند، باسی دووکه‌ڵ و هات و هاواری نه‌ده‌کرد، باسی ته‌قه‌ی نه‌بوو، باسی ... باسی.... باسی...
ده‌نگی ئامۆژگارێک بوو، به‌ڵام ئامۆژگاریم پێ خۆش نیه. ده‌نگی مامۆستایه‌ک بوو. ئه‌من مامۆستای جوغرافیایی قوتابخانه‌که‌مان زۆر خۆش ده‌ویست. ده‌نگی ئه‌و کاک ئه‌حمه‌ده تازه‌یه زۆر وه‌ک ده‌نگی مامۆستاکه‌مان ده‌چوو. رۆژه‌کانی هه‌ینی ده‌هاته‌وه ماڵی مه. هه‌ر که ده‌ستی پێده‌کرد، بانگی بابم ده‌کرد و ده‌مکووت: بابه وه‌ره کاک ئه‌حمه‌ده‌که‌ی دیکه. بابیشم بزه‌یه‌کی ده‌هاته سه‌ر لێو.
له لای مه ئه‌گه‌ر میوان هه‌موو رۆژێ بێته ماڵێ، ئیدی میوان نیه و ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه، بۆیه قه‌تم پێ‌خۆش نه‌بوو له ماڵان بم و ده‌نگی کاک ئه‌حمه‌دم گوێ لێبێ، پێم خۆش بوو ده‌نگی کاک ئه‌حمه‌د هه‌ر له ماڵێ مه بێ و به‌س.
که گه‌وره‌تر بووم ئه‌وجار پێم خۆش بوو، نه‌ک بۆ ماڵه‌کانی گه‌ڕه‌که‌که‌مان، به‌ڵکوو کاک ئه‌حمه‌د بۆ ماڵه‌کانی هه‌موو دنیا بچێ.
له باشوور تا باکوور، له رۆژهه‌ڵات تا رۆژئاوایی له‌تێک له کوردستانه‌که‌م بۆن و به‌رامم بۆ ده‌هات. کاک ئه‌حمه‌د باسی به‌فری نه‌تواوه‌ی ئارارات و که‌ژی سه‌ربه‌ته‌می قه‌ندیل و به‌رزایی شاهۆ و خرۆشی سیروان و مه‌ندی زرێبار و سه‌ختی بێستوون و چنگی داکووتاوی خه‌زایی و بێ‌ره‌حمی ته‌ره‌غه و سه‌رسووڕ‌هێنه‌ری زمزیران و قایمی قه‌ڵای دم دم و خۆڕاگری قه‌ڵای سارم به‌گ و کونی فه‌قره‌قا و پانایی ته‌ختی سوله‌یمانی بۆ ده‌کردم. ئه‌و فێری ئه‌وینی ده‌کردم. ئه‌وین به خاک، ئه‌وین به ژیان. ئێمه وه‌کوو گوێگره‌کان تاسه‌ی بستێکمان له خاکی نیشتمان نه‌ده‌کرد. هه‌موو حه‌وتووان له‌گه‌ڵ کاک ئه‌حمه‌ده‌که‌ی من سه‌ردانی خاکی پیرۆزمان ده‌کرد. هه‌تا کاک ئه‌حمه‌ده‌که‌ی من ده‌هاته‌وه، کاک ئه‌حمه‌دی بابم شه‌ش جاری دیکه ده‌هاته‌وه ماڵێ مه.
ئێره ده‌نگی کوردستانی ئێرانه... بزه‌ی سه‌رلێوی بابم بڕا، قابڵه‌مه دۆکڵیوه‌که‌ی دایکم رژا، چزه چزی کوژانه‌وه‌ی ئاوردانی نانی ماڵه‌که‌مان تێکه‌ڵ به شمشاڵه‌که‌ی مامه قاله کرا. ئه‌وڕۆ ئه‌مه میوانمان هه‌بوو، تازه بوو، کوڕی ماڵێ نه‌بوو، کاک ئه‌حمه‌ده‌که‌ی بابم نه‌بوو. بابم ده‌نکه سیغاره‌که‌ی داگیرساند و له به‌ر خۆیه‌وه به تووڕه‌یی ئه‌وه‌نده‌ی کووت: " ئه‌ویشمان چوو. "
حه‌وتوو رابرد، مانگیش رابرد، ساڵیش رابرد، کاک ئه‌حمه‌ده‌که‌ی منیش به ماڵێ مه‌دا نه‌هاته‌وه.
ئه‌وه‌ی مامۆستا فێرم بکا، قه‌تی له بیر ناکه‌م، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ده‌رسی ئه‌وینداری بێ. وام لێهاتبوو مامۆستاکه‌مان جار و باره پێی ده‌کووتم "ئه‌حمه‌د". له پۆله‌که‌مان نه‌عره‌ی سرنج بده‌ن، سرنج بده‌نی من دار و دیواری ده‌له‌رزاند، به‌ڵام ده‌مزانی نه بابم به که‌یفێی بوو نه مامۆستاکه‌شمان. مامۆستا تازه‌که باسی چیای بۆ ده‌کردم، شێعری ئه‌وین به چیاکانی نیشتمانی بۆ ده‌کووتم، خۆشم ده‌ویست. به‌یانیه‌ک له پۆله‌که چاوه‌ڕوانی بووین، نه‌هاته‌وه، نه‌مدیته‌وه. کووتیان چۆ بۆ چیا، ئاخر ئه‌ویش جوغرافیایی پێده‌کووتین. وه‌دوایی پێ و شوێنی که‌وتم. ده‌رسی شێعر و شاخ و پێشمه‌رگه‌م خوێند. ره‌د بوومه‌وه. شێعر ده‌ریایه‌ک بوو تێیدا خنکام، شاخ به‌رزائییه‌ک بوو نه‌یگه‌یشتمێ، پێشمه‌رگه‌ش کاک ئه‌حمه‌ده‌که‌ی من بوو، قه‌تم نه‌دی.
به بابم کووت. کووتی رۆڵه ئێمه وه‌کوو گوێگره‌کان، هه‌تا ئه‌حمه‌ده‌کانمان ماون ده‌نگیان بۆ هه‌تا هه‌تایه نه‌بڕێ، تاسه‌ی حزووریان ناکه‌ین. باشه رۆڵه له مێژه له ماڵه‌کانمان رۆیشتوون و نه‌هاتوونه‌وه. ئه‌دی ئه‌تۆ قووتابی باش، بانگت کردبانه‌وه ماڵێ. ئاخر له‌و رۆژه‌وه که رۆئیشتوون، ئاوردانی نێو ماڵێ مه هه‌ر کوژاوه‌ته‌وه.
کووتم بابه: ئه‌گه‌ر به ده‌ستی من بوایه......


