ئا: ئازادبانه‌یی پاش ده‌ستپێکی سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی خه‌ڵک دژ به ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دیارده‌ی دروشم نووسین له سه‌ر ڕووپه‌ری دراوی کاغز له ناو ئێران‌دا به شیوه‌یه‌کی سه‌رسووڕهینه‌ر زیادی کردووه، به شیوه‌یه‌ک که کاربه‌ده‌ستانی بانکی ناوه‌ندی ئێران بڕیاریان داوه گشت ئه‌و دراوانه کۆ بکه‌نه‌وه که دروشمیان له سه‌ر نووسراوه. بانکی ناوه‌ندی ئیران ڕۆژی 17ی به‌فرانباری وه‌ک دووایین ڕۆژ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پولانه بۆ خه‌زینه‌ی حکومه‌ت دیاری کردووه.
حکومه‌تی ئێران پێش سه‌رهه‌ڵدانه‌کان و به شیوه‌یه‌کی ئاسایی ناچار بوو ساڵانه 600 تا 700 ملیۆن به‌ڵگه پوڵی کاغزی دڕا‌و و خراپ له بازار دا کۆبکاته‌وه که ئه‌و بره کۆکراوه‌یه هه‌ر ساڵه به زیاتر له 30 ملیارد تمه‌ن" یان 30 ملیۆن دۆلار" ئه‌خه‌مڵێندرا، و له جیاتی دراوی تازه چاپ کراو ئه‌که‌وته بازاره‌وه، به‌ڵام پاش سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی ئه‌مساڵ و دیارده‌ی درووشم نووسین، له‌وانه‌یه ئه‌و ڕێژه‌یه بۆ 2 به‌رامبه‌ر زیادی کردبێت.
سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک به شۆرای شاری تاران ئاشکرای کردووه که هه‌ر ئێستا زیاتر له 270 ملیۆن وه‌ره‌قه‌ی دراوی کاغزی درشت و ورد له بازاری تاران دا هه‌ن که ده‌بێ کۆ بکرێنه‌وه. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و دراوه نووسراوانه به کێشه‌یه‌کی گرینگ بۆ بانکی ناوه‌ندی ئێران و سه‌رئه‌نجام بۆ حکومه‌ت ناو ده‌بات و ده‌ڵێت: کێشه‌که ته‌نیا له کۆکردنه‌وه پوڵه‌کاندا نیه، به‌ڵکوو کێشه ئه‌وه‌یه که ده‌بێ ئه‌و پوڵانه له‌ناو ببرێن و له جێگه‌ی دراوی نوێ بخرێنه بازاراوه که ئه‌مه‌ش به نرخێکی گران له سه‌ر حکومه‌ت ئه‌وه‌ستێت.
دروشم نووسین له سه‌ر دراوی کاغز یه‌کێک له‌و رێبازانه‌یه که دژبه‌رانی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی له‌م دواییانه دا بۆ ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی و بێزاری خۆیان به شیوه‌یه‌کی به‌ر بڵاو گرتوویانه پێش. ئه‌و کاره بووته هۆی تووره‌یی نوێنه‌ره توندڕه‌و و بن ئاژۆکانی ناو مه‌جلیسی ئێران و هه‌ر بۆیه ڕۆژی 21 ی ڕه‌زبه‌ر یه‌کێک له نوێنه‌رانی مه‌جلیس به ناوی " فه‌رهاد تجری مخبر" که به‌رپرسایه‌تی کومیته‌ی لێکۆڵینه‌وه له سکالای گیراوه‌کانیشی له ئه‌ستۆ دایه،داوای له بانکی ناوه‌ندی ئێران کرد به په‌له و بێ ڕاوه‌ستان و له زووترین کات ئه‌و دراوه کاغزانه له بازاڕ دا کۆبکه‌نه‌وه.
تاقم و ده‌سته توندڕه‌وه‌کانی لایانگری حکومه‌ت له‌و بڕوایه دا که ئه‌و دراوه نووسراوانه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵات ئه‌خاته مه‌ترسییه‌وه و یه‌کێک له نوێنه‌رانی مه‌جلیس ده‌ڵێت ئه‌وه ئه‌رکی حکومه‌ته که پێش به هه‌ر دیارده‌یه‌ک بگرێ که ئاسایش و هیمنایه‌تی وڵات ئه‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
چاوه‌دێرانی بارودۆخی ئیران نووسینی دروشم له سه‌ر دراو، به شیوه‌یه‌کی نوێ له دژایه‌تی ڕژیمی ئێران له لایه‌ن دژبه‌رانی حکومه‌ته‌وه ده‌زانن و پێیان وایه که به کۆ کردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و دراوه نووسراوانه‌ی ئه‌مرۆ له بازاڕ دان نه‌ک کێشه‌که چاره‌سه‌ر ناکرێ به‌ڵکوو له داهاتووش دا ئه‌و ڕه‌وته هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، به تایبه‌ت که ئێستا ئیتر خه‌ڵک هه‌ستیان به حه‌ساسییه‌تی ڕژیم و تاقمی ده‌سه‌لاتدار به‌و کاره کردووه و جگه له‌وه‌ش ئاسانترین و بێ کێشه‌ترین ڕێگه‌یه بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی ئێران‌دا.


