(بۆ مه‌رگی نا‌وه‌ختی کاک ته‌ها)
هه‌یاس کاردۆ
یه‌که‌م هه‌واڵی سه‌ر له به‌یانیی ئه‌مڕۆم(29ی دیسامبر) بیستنی له‌لێدان که‌وتنی دڵه گه‌وره‌که‌ی کاک ته‌های عه‌تیقی بوو. سه‌ره‌تا حه‌په‌سام و تاوێک مات و بێده‌نگ چاوم له وێنه‌که‌ی کرد. بێ ئه‌وه به‌خۆم بزانم دڵۆپه فرمێسکه‌کان وه‌ک ئاوی ره‌وانی کانیاو به لاچاوه‌کانم دا هاتنه خوار و چۆراوگه‌یان به‌ست. ئینجا به فرمێسک و هه‌نیسک لێدان به‌ڵام به‌پڕتاو گه‌رامه‌وه دیوه ره‌ق و ته‌قه‌که‌ی کاری رادیۆ و یه‌ک به‌یه‌ک سیمای ئه‌و که‌سانه‌م هاتنه‌وه بیر که بۆ کاری رۆژانه‌ی رادیۆ له جم و جۆڵ دابوون. ئه‌حمه‌د و خه‌ج و مه‌نسوور سێ یاری لێک دانه‌براوی کاک ته‌ها ئه‌وانه که هاوخه‌رج و هاوراز و هاومزڵ بوون. ئینجا کاک سه‌عید که هه‌موو به‌یانیان له ته‌نیشت کاک ته‌های ساده و له سه‌ر مۆکێته ره‌قه‌که‌ی ساده و خۆماڵی یانه داده‌نیشت و بابۆله‌ی په‌نیر و گوێزی ده‌خوارد. هه‌موو به‌یانان که من وه‌ژوور ده‌که‌وتم کاک ته‌ها ده‌گه‌ڵ چاخواردنه‌وه‌ی، خه‌ریکی دابه‌ش کردنی به‌رنامه‌ی کاری رۆژ بوو. کاک سه‌عیدیش به قه‌ڵه‌مه تیژه‌که‌ی وتاره سیاسی یه‌کانی هه‌ڵدر دادڕ ده‌کرد. سیامه‌ک و ره‌زا و سه‌لیم که ئه‌وانیش سێ هاومه‌نزڵی ئه‌و به‌ری دیوه‌که‌ی کاک ته‌ها و ئه‌وان بوون ده‌هاتنه ژوور و چاوه‌ڕوانی بڕیاری تازه بوون. ئه‌و دیوه هه‌م دیوی خه‌و، هه‌م دیوی خواردن، هه‌م دیوی میوانان و هه‌م دیوی کاری ئه‌و تێکۆشه‌رانه بوو. کاک ته‌ها سه‌رپه‌رستی ئه‌و ده‌سته له خه‌باتکارانی دیمۆکڕات بوو که خالیسانه خزمه‌تیان ده‌کرد و ماندوویی نه‌ناناسانه ئه‌رکیان به‌ڕیوه ده‌برد.
ئێستا فرمێسکه‌کانم ویشک بوون و دڵه کوته‌که‌م که‌م بۆته‌وه. به‌ره‌به‌ره هه‌ست ده‌که‌م ده‌چمه نێو ده‌ریای ژیانی سه‌رفیرازانه‌ی کاک ته‌ها و تاوێک له وجوودی مه‌باره‌کی خورد ده‌بمه‌وه. ئاخر کاک ته‌ها ئینسانیکی مه‌باره‌ک به‌و مانایه بوو که من خۆم ده‌زانم. ئه‌و ئینسان به‌مانای ته‌واوی وشه بوو. کاک ته‌ها له‌و رۆژه‌وه ملی له خزمه‌ت به گه‌ل نا، بێ چاوه‌ڕوانی کاری کرد و بێ منه‌ت هه‌وڵی دا. ئه‌و هیچی نه‌ده‌ویست. نه گه‌ڕانی به‌لاوه گرینگ بوو، نه بۆ جل و به‌رگی رازاوه ده‌یڕوانی و نه به‌دوای وه‌سه‌ر یه‌ک نانی ماڵی دنیاوه بوو. به‌شێک له‌و یارمه‌تی یه که‌مه‌ی حیزب ده‌یدایه ده‌ده‌ستی مه‌نسووری ده‌کرد بۆ خه‌رجی هاوبه‌ش و به‌شه‌که‌ی دیکه‌ش بۆ شووشه ئاره‌قێک که سه‌ری حه‌وتوانه به ئیشتیا ده‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د و کاک سه‌عید ده‌یان خوارده‌وه و جار و بار به‌شی ئیدیکه‌شیان ده‌دا. ئه‌و نه‌زمه‌ی به‌هیمه‌تی کاک ته‌ها له‌رادیؤ جێگیر ببوو، مه‌گه‌ر له سیستمی بانکداریی نیزامی سه‌رمایه‌داری دا هاوشێوه‌ی هه‌بێ. کاک ته‌ها ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ته‌وه‌قوعی هیچی له حیزب نه‌بوو، هه‌موو توانا و لێهاتوویی خۆی بۆ به‌رده‌وامیی کاری رادیۆ نیشان ده‌دا. به‌راستی ئینسان ده‌بێ چه‌نده له‌خۆبوردوو بێ که وه‌ک کاک ته‌ها بۆ ماوه‌یه‌کی به‌ردرێژ کاری به‌رده‌وام بکا و به‌رووی که‌سیشی دانه‌داته‌وه؟ ئه‌و له‌و که‌سانه بوو بۆ ده‌رکردنی ناو و وه‌گیر که‌وتنی به‌رپرسایه‌تی هه‌وڵی نه‌ده‌دا. بۆ ئه‌و، کار و به‌رنامه رێژی گرینگ بوو.
ده‌گه‌ڵ وشه‌وشه‌ی نووسینه‌که‌م وێنه‌ی کاک ته‌ها و هه‌ستان و دانیشتنه‌کانی و پێکه‌نین و جه‌فه‌نگه‌کانیم دێنه‌وه به‌رچاو. داوی لێبووردن ده‌که‌م ئه‌گه‌ر ناتوانم درێژه‌ی بده‌م. رێز گرتن به درێژدادڕی نیه. بۆ من کاک ته‌ها گرینگ بوو نه‌ک پێدا هه‌ڵگوتنی. هه‌رچی بێڵێم و بیکه‌م تازه هیچم بۆ ناکرێ. بۆیه ده‌ڵێم تکایه هه‌تا تیکۆشه‌ران له ژیان داماون رێزیان لێ بگرن، چونکه ته‌مه‌ن به‌ری کورته.
گوڵی ته‌مه‌نی کاک ته‌ها هه‌تا بڵێی بۆندار و جوان و ناسک بوو. گوڵی ئاوا هه‌رچه‌ند سیس ده‌بێ به‌ڵام له بۆن ناکه‌وێ. یادی کاک ته‌ها و خزمه‌ته له‌بیر نه‌کراوه‌کانی و ئه‌وین به‌گه‌ل و نیشتیمانه‌که‌ی له‌بیر ناکرێن. ناوی کاک ته‌ها بۆ هه‌تا هه‌تایه له دڵم دایه.
بۆ هاوسه‌ری دووجار کۆست که‌وتووی کاک ته‌ها، ئه‌سمه‌ر خانم داوای سه‌بر و له‌سه‌ره‌خۆیی ده‌که‌م و هیوادارم خه‌می له‌ده‌ست دانی ئه‌و هاوسه‌ره دڵسۆزه بکاته وره و توانا و لێهاتوویی زیاتر له پێناو پیڕاگه‌یشتنی باشتر به منداڵه‌کان.
هه‌یاس کاردۆ
29/12/2009
ئوستڕالیا


