ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات: ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه ده‌قی وتوێژی رۆژنامه‌ی "ئاسۆ"یه له گه‌ڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان که له ژماره‌ی 1076ی رۆژی چوارشه‌ممه 14/10/2009 له ژماره بڵاو کراوه‌ته‌وه.
ئاماژه: بارودۆخی ئێران پاش راگه‌یاندنی ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی دیه‌یه‌می سه‌ركۆماری ئاڵۆزه. ئه‌م ئاڵۆزیه‌ش تا ئێستا به‌رده‌وامه‌و بۆته جێ سه‌رنجی میدیا جیهانییه‌كان و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه بڕیار ده‌ره‌كان. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بێگومان رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته ده‌توانێ بابه‌تێكی كاریگه‌ر بێ. به‌ڵام ئایا تا چه‌نده توانیویانه ده‌ور بگێڕن؟ ئۆپۆزسیۆنی كوردی یه‌كێك له‌و فاكتۆرانه‌یه كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا هه‌میشه جێ سه‌رنج بووه بۆ ئێرانییه‌كان، به‌ڵام پرش‌و بڵاوی نێوان هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زه‌ربه‌ی له‌م بابه‌ته داوه و كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی داناوه. بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م بابه‌تانه "خالید عه‌زیزی"، سكرتێری گشتیی "حیزبی دیموكراتی كوردستان" له‌م دیداره‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی رۆژنامه‌ی ئاسۆ ده‌داته‌وه.
ئاسۆ: سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی ئێران ئاڵۆزییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن هه‌ڵسه‌نگاندنتان چۆنه؟
خالید عه‌زیزی: پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران ئه‌وه گه‌وره‌ترین رووداوه كه تا ئێستا له گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا هاتۆته گۆڕێ. له رابردووش‌دا ئه‌م جۆره كێشانه له‌لایه‌ك له‌نێوان قۆڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات و له‌لایه‌كی دیكه‌وه له نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاتدا له ئارادا بووه. به‌ڵام سروشت‌و چه‌ندو چۆنی، ره‌وت‌و پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕه‌كان، ئێستای ئێران به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ رابردوو لێك جیا ده‌كاته‌وه. واته، سروشتی هه‌ڵبژاردنه‌كان جۆرێك بوو كه هه‌ر چوار پاڵێوراوه‌كه له‌لایه‌ن داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی( وه‌كوو شورای نیگابان) كۆماری ئیسلامییه‌وه په‌سه‌ند كرا بوون، به‌ڵام ململانێیه‌كان جۆرێك بوو كه كۆمه‌ڵێك بابه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا گۆڕێ‌و ته‌نانه‌ت له سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی ئێران بڵاوبووه‌وه‌و ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵك به‌دواداچوونی بارودۆخه‌كه بكه‌ن. له ئاكامی ئه‌مه‌دا لایه‌نی ریفۆرمخواز دژی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه به پاوانخوازان ناسراون، كۆمه‌ڵێك شتی هه‌بوو كه باسی بكا. مادام ئه‌مه له گۆڕێ‌دا بوو كه‌ش‌و هه‌واكه وای لێهات كه خه‌ڵك ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بۆ گرنگ بێ. بۆیه خه‌ڵك راسته‌وخۆو چالاكانه چوونه نێو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه. به‌شداری چالاكانه‌ی خه‌ڵك بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئه‌و بارودۆخه له‌و وڵاته بێته گۆڕێ.
ئاسۆ: ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا له ئێران هاتۆته گۆڕێ ده‌كرێ بڵێن ده‌رفه‌تێكه بۆ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان كه ساڵانێك بوونیان دانی پێدانانرێ و چه‌وساونه‌ته‌وه‌و مافی سیاسی نه‌بووه، بێنه مه‌یدان؟
خالید عه‌زیزی: كاتێك دینه سه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی ئێران كێشه‌كه ئاڵوزتر ده‌بێته‌وه. هه‌ر چه‌ند ئێران وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یه، به‌ڵام قورسایی ئه‌و نه‌ته‌وانه به قه‌رای یه‌ك نییه. جیاوازیان له‌گه‌ڵ یه‌ك زۆره. له ئێران‌دا هه‌میشه فارسه‌كان‌و ئازه‌رییه‌كان قورسایی زیاتریان له گۆڕانكارییه‌كان و روخان‌و دروست كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له تاران‌دا هه‌بووه. نه‌ته‌وه‌ی كورد كه له پله‌ی سێهه‌مدایه، سه‌ره‌ڕای خه‌باتێكی دوور‌و درێژ، سه‌ره‌ڕاێ چالاكیی حیزبایه‌تی و كاری سیاسی ئه‌كتیڤ، كاری به كۆمه‌ڵ‌و مه‌ده‌نی به قه‌را ئازه‌رییه‌كان‌و فارسه‌كان له رووی جه‌ماوه‌ره‌وه قورسایی نییه كه بتوانێ ده‌وری سه‌ره‌كی بگێڕێ. نه‌ته‌وه‌كانی دیكه وه‌ك عه‌ره‌ب،و به‌لوچ و... له پله‌ی خوارتردان‌و له په‌راوێزدان. مادام ئه‌مه موزایكی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانه، ئێمه ناتوانین چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران له داهاتوودا به یه‌ك ئه‌ندازه له چه‌ندو چۆنی هاوكێشه‌كاندا ده‌وریان هه‌بێ. هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه سروشتی جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی ئه‌و نه‌ته‌وانه له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازه. مادام ئێران وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یه، مادام له ئێران نه‌ته‌وه‌كان كه‌م و زۆر ویست و داخوازییه‌كانی خۆیان هێناوه‌ته گۆڕێ، راده‌ی رێكخستنی ئه‌و نه‌ته‌وانه له‌سه‌ر داوای نه‌ته‌وایه‌یی خۆیان بوارێكی زۆر دروست ده‌كا بۆ هاتنه گۆڕی كێشه‌و داخوازییه‌كانی ئه‌وان. به‌ڵام رێكخستی ناسیۆنالیستی نه‌ته‌وه‌كان له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا ده‌وری تایبه‌ت ده‌گێڕێ. جیگای خۆیه‌تی كه بڵێم به هۆی ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی له‌چاو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له ئێران به هێزتره‌و كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی‌دا 30 ساڵه بۆته بابه‌تێكی جیددی‌و بۆ كۆماری ئیسلامی‌و له رای گشتی خه‌ڵكی ئێران‌دا زه‌قه و گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له‌سه‌ر یه‌ك كێشه‌كه بۆته "ئه‌مری واقیع"و ئینكار ناكرێ.
ئاسۆ: باشه له‌م رووه‌وه ده‌كرێ بڵێن كه بارودۆخی ئێستای ئێران هه‌لێكی تایبه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی كورد هه‌وڵ بدا له‌و خانه‌یه‌دا زیاتر بێته گۆڕێ و كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرێ؟
خالید عه‌زیزی: لانی كه‌م تا ئه‌و جێگه‌ی كه په‌یوه‌ندی به"حیزبی دیموكراتی كوردستان"ه‌وه هه‌بێ، ئێمه له واقیعدا به خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی ئێران، به ئه‌زموون وه‌رگرتن له كێشه‌ی خۆمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی له 30 ساڵی رابردوودا‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی باڵانسی هێزه‌كان له نێوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا لێكدانه‌وه‌یه‌كی نوێمان كردوه‌و هێناومانه‌ته گۆڕێ. هه‌ر چه‌ند حیزبی دیموكراتی كوردستان حیزبێكی نایاساییه له نێو خۆی ئێران و له رووی سیاسی‌و یاساییه‌وه رێگای پێنادرێ كه چالاكی‌و جمووجووڵی هه‌بێ، به‌ڵام ئێمه هاتینه سه‌ر ئه‌وه باوه‌ڕه به جۆرێكی دیكه بچینه نێو گه‌مه‌كان. ئێمه ئه‌و جاره به نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ده‌یه‌می سه‌ركۆماری ئێرانه‌وه، هه‌وڵماندا له‌و ململانێیانه‌دا به جۆرێك كێشه‌ی كورد بێنینه گۆڕێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حیزبی دیموكراتی كوردستان له یه‌كه‌م هه‌نگاودا به پێچه‌وانه‌ی جاره‌كانی پێشوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ته‌حریم نه‌كرد، به‌ڵكوو كێشه‌ی كوردی له‌و نێوانه‌دا هێنایه گۆڕێ، په‌یوه‌ندی به چالاكانی سیاسی كورد له نێو خۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چالاكانی سیاسی ئێرانه‌وه كرد. پێمان راگه‌یاندن كه هه‌رچه‌ند حیزبه‌كه‌ی ئێمه له ئێران حیزبێكی یاسایی نییه، ئێمه به باشی ده‌زانین ئێوه هه‌وڵبده‌ن كه ئاوڕێك له‌و بابه‌تانه بدرێته‌وه. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا یه‌كێك له پاڵێوراوه‌كانی پۆستی سه‌ركۆماری(مێهدی كه‌ڕڕوبی) به‌یاننامه‌یه‌كی 8 مادده‌یی بڵاو كرده‌وه كه به به‌راوه‌رد كردن له‌گه‌ڵ رابردوودا هه‌ندێ شتی باس كردبوو كه ئێمه له چاو فه‌زای سیاسی ئێران به باشمان زانی و تاوتوێمان كرد‌و هه‌وڵماندا كه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ئه‌و ده‌رفه‌ته بقۆزنه‌وه‌و ویست‌و داخوازییه‌كانی خۆیان بێننه گۆڕێ. بۆیه ئێمه وه‌ك حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌و باوڕه‌دا بووین ئه‌و لایه‌نه‌ی كه به قۆڵی ریفۆرمخواز ناسراوه‌و دوای راگه‌یاندنی ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له لایه‌ن قۆڵی پاوانخوازه‌وه(عه‌لی خامنه‌یی‌و مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نژاد) كه‌وتنه به‌ر زه‌خت‌و سه‌ركوت، ئه‌گه‌ر بێنه سه‌ركار باشتره. ئه‌وان له خامنه‌ی‌و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد باشتر بوون. ئه‌وه ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی بكرێ له داهاتوودا رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك پرسیار و بڕیاریان بكه‌یته‌وه. حیزبی ئێمه خوێندنه‌وه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه مادام ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد به ته‌نیا توانای ئه‌وه‌مان نییه كۆماری ئیسلامی بڕووخێنین‌و 30 ساڵیشه دژی خه‌بات ده‌كه‌ین، چ بكه‌ین له مه‌یدانێكی دیكه‌دا كۆماری ئیسلامی تووشی قه‌یران بكه‌ین. خوێندنه‌وه‌كه ئه‌وه بوو كه ئێمه بتوانین له ئاستی ئێران‌دا بچینه نێو كۆمه‌ڵێك گه‌مه‌ی نوێ‌و له نێو ئێرانییه‌كاندا دۆست په‌یدا بكه‌ین. به جۆرێك له نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا له ئێران‌دا پرسیار دروست بكه‌ین كه به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌ن (ئه‌گه‌ر بكرێ) له پێناو به‌ره‌و پێش بردنی پرسی كورددا ویست‌و داخوازییه‌كان بێنه گۆڕێ.
ئاسۆ: ناته‌بایی نێوان هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه زۆر جار باسی لێ ده‌كرێ ئه‌مڕۆ بۆته ئاسته‌نگێكی جیددی له به‌رده‌م خه‌باتی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا. له‌مێژه باس له‌وه ده‌كرێ كه جۆرێك لێك تێگه‌یشتنێك دروست بكرێ، پاشان بوار بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كتر خۆش بكرێ‌و له ئاكامدا له چوارچێوه‌ی به‌ره یا هاوپه‌یمانییه‌كدا له ده‌وری یه‌ك كۆببنه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا شتێكی عه‌مه‌لی‌و دیار له‌و پێناوه‌دا نابینین. بۆ ئه‌و دۆخه تا ئێستا هیچ ئاڵوگۆڕێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌و وه‌ك خۆی ماوه؟
خالید عه‌زیزی: ژیانی سیاسی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه به تێكڕایی هه‌موو رێبه‌ری حیزبه‌كان‌و به‌شی سه‌ره‌كی كادر‌و پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی ئاشكرایان ئێستا له تاراوگه‌ن‌و له ناوخۆی كوردستان نین‌و ئه‌و ژیانه یه‌كسانه ماوه‌یه‌كی زۆر درێژه‌ی كێشاوه، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه جۆرێك ماندوویه‌تی باڵ به‌سه‌ر هه‌موو ئێمه‌دا بكێشێ. نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه، كاتێك كه جووڵانه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی له ئێران ده‌ستی پێكردو خاته‌می بوو به سه‌ركۆمار‌و له په‌رله‌مانی شه‌شه‌می ئێران‌دا كورده‌كان "فراكسیۆنی نوێنه‌رانی كورد"یان پێكهێنا، ئه‌م فه‌زایه یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌قڵیه‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی رووناكبیرانی كورد ببووژێته‌وه‌و داخوازی هه‌بێ‌و خۆی له پانتای سیاسی ئێران‌دا بێنێته گۆڕێ. ئه‌وكات زۆربه‌ی حیزبه‌كان سیاسیه‌تی ته‌حریم كردنیان گرته‌به‌ر. جیاوازیان له نێوان ریفۆرمخوازان‌و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه له ئێران دا نه‌ده‌نا. ته‌نانه‌ت له‌و روانگه‌شه‌وه كه متمانه‌یه‌ك بده‌ن به چالاكانی سیاسی كورد له نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌چوونه نێو مه‌سه‌له‌كه‌وه. بۆیه ئه‌و نموونه‌م هێناوه كه بڵێم پانتای سیاسی ئێران 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، واته له سه‌رده‌می خاته‌میدا تۆزێك باش بوو، به‌ڵام ئێمه وه‌ك حیزبه‌كان نه‌مانتوانی كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرین. ئه‌و پاسیڤیزمه ببووه هۆی ئه‌وه‌ی كه دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ك له خوێندنه‌وه‌ی نێوخۆی ئێران دروست ببێ. دووركه‌وتنه‌وه له‌وه‌ی كه ئێران گۆڕاوه. كوردستان گۆڕاوه. مادام ئه‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له رووی خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی نێوخۆی ئێران باڵی به‌سه‌ر حیزبه‌كاندا كێشا بوو، له لایه‌ك پاسیڤ بووین‌و له لایه‌كی دیكه‌وه كێشه‌و ناكۆكی نێوخۆیی په‌ره‌ی ئه‌ستاند‌و دوایی ئه‌و له‌تبوون‌و جیابوونه‌وانه حیزبه‌كانی گرته‌وه. كاتێك ئه‌و له‌تبوون‌و جیابوونه‌وانه روویدا(كه به‌شێكی زۆری هیچ په‌یوه‌ندی به ستراتیژی سیاسی‌و كێشه‌ی جیددی له‌سه‌ركێشه‌ی كوردستان‌و ئێران نه‌بوو)، زۆرتر میكانیزمی پێكه‌وه هه‌ڵكردن به بنبه‌ست گه‌یشتبوو. مادام ئه‌و له‌تبوون‌و جیابوونه‌وانه هاتنه گۆڕێ، ئه‌و له‌تبوونانه بوون به هۆی ئه‌وه‌ی كه لایه‌نه‌كان یه‌كتر قبووڵ نه‌كه‌ن، هه‌ركه‌س لایه‌نی خۆی به ره‌وا بزانێ‌و شه‌رعیه‌ت به خۆی بدا‌و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه بخاته په‌راوێزه‌وه. ئه‌مه سیناریۆێكه كه هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه. ئه‌م دۆخه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی له‌باری ده‌روونییه‌وه له‌تبوون‌و جیابوونه‌وه‌كان سێبه‌رێك بخاته‌سه‌ر چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی ئه‌و حیزبانه له‌گه‌ڵ یه‌كتر. به‌هه‌رحاڵ تا ئێستا به‌داخه‌وه بوارێكی وا دروست نه‌بووه كه ئه‌و حیزبانه بتوانن له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و میكانیزمێك بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كدی ببیننه‌وه. ئێمه وه‌ك حیزبی دیموكراتی كوردستان، لانیكه‌م له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، به شێوه‌ی جۆراوجۆر چ له راگه‌یاندراوی فه‌رمیدا له چ بڕیاراتی كۆبوونه‌وه‌كانماندا به پێداگرییه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه میكانیزمێك ببینینه‌وه بۆ نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان. یه‌كێك له میكانیزمه‌كان ئه‌وه‌یه كه بۆ جارێكیش بووبێ له ده‌روازه‌ی ئاڵوگۆڕه‌كانی نێوخۆی كوردستان‌و ئێرانه‌وه سه‌یری حیزبایه‌تی بكه‌ین، نه‌ك له ده‌روازه‌ی حیزبایه‌تییه‌وه سه‌یری ئاڵوگۆڕه‌كانی نێوخۆی كوردستان‌و ئێران بكه‌ین. ئێمه وه‌ك حیزبی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌مان هێناوه‌ته پێشێ. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه ئێمه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری ئێران‌دا گرتمان، رێك له‌م پێناوه‌دا بوو. ئێمه به خۆێندنه‌وه‌ی بارودۆخی نێوخۆی كوردستان‌و ئێران سیاسه‌ت ده‌كه‌ین، نه‌ك به‌پێی سروشتی حیزبێك كه له تاراوگه‌یه‌و رێبه‌ریه‌كه‌شی له‌تاراوگه‌یه.
ئاسۆ: باشه روانگه‌ی حیزبه‌كانی دیكه به‌رامبه‌ر به‌م هه‌وڵه‌ی ئێوه چ بووه؟
خالید عه‌زیزی: له‌سه‌ر خاڵێكی دیار ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكه‌م، لانیكه‌م له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی 30 ساڵه‌ی(رۆژی 28ی گه‌لاوێژ) خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان له به‌رامبه‌ر فتوای جیهادی "خومه‌ینی" دژی خه‌ڵكی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌كانی رۆژهه‌لاتی كوردستان دانیشتین‌و ئه‌وه‌مان هێنا گۆڕێ كه چ بكه‌ین هاوئاهه‌نگییه‌ك دروست بكه‌ین‌و ئه‌و رۆژه مێژووییه بكه‌ینه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ك. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی حیزب‌و لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆبووینه‌وه، ته‌نانه‌ت په‌یامێكمان بۆ لایه‌نی"حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" نارد‌و وتمان پێمانخۆشه ئه‌وان له شتێكی ئاوادا به‌شدار بن. له ئاكامدا ئه‌م هه‌وڵانه‌وه ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه كه ئێمه له‌سه‌ر یه‌ك تێكست(ده‌ق) رێككه‌وتین. ئه‌وه‌یش ئه‌وه بوو كه ئه‌و په‌یامه هه‌ر حیزبێك به نێوی خۆیه‌وه بڵاوی بكاته‌وه. ئه‌وه هه‌نگاوێك بوو كه ده‌بێ له‌مه‌وبه‌دوا میكانیزمی دیكه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه.
ئاسۆ: ئاماژه‌تان به حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرد. ئێستا ده‌بینین هێشتا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی وا نییه له نێوان ئێوه(حیزبی دیموكراتی كوردستان)و ئه‌واندا. ئایا هیچ هه‌وڵێك له ئارادایه ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئاسایی بێته‌وه. یا نا مه‌رجێكی تایبه‌تان له‌و باروه هه‌یه؟
خالید عه‌زیزی: ئێمه زۆر جار ئاماژه‌مان پێكردوه له‌تبوونی حیزبی دیموكرات به‌رهه‌می هه‌ره‌س هێنانی میكانیزمی پێكه‌وه هه‌ڵكردن بوو. مادام به‌رهه‌می ئه‌مه‌یه ده‌بێ له میكانیزمێك بگه‌ڕی كه بكرێ له داهاتوودا ببێته رێگا چاره‌یه‌كی گونجاو. هه‌ر دووكمان حیزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانین، له رێگا چاره‌كاندا كه‌م‌و زۆر لێك نزیكین، رابردوومان هاوبه‌شه، هه‌ر دوو لاشمان له رابردوودا له‌سه‌ر كه‌وتنه‌كان‌و شكسته‌كانی حیزبی دیموكراتدا به‌شدار بووین. ئه‌گه‌ر وایه ئێستا قسه له‌سه‌ر داهاتوو ده‌كه‌ین. حیزبێكی سیاسی نابێ له خانه‌ی لێكدانه‌وه‌ی كێشه‌كانی رابردوودا گیر بكا، به‌ڵكوو ده‌بێ بیر له رێگا چاره بۆ كێشه‌كانی داهاتوو بكاته‌وه.
ئاسۆ: خۆ ئێستا جیاوازیه‌كی زۆر له رووی سیاسییه‌وه له نێوان هه‌ر دوو لا هه‌ست پێده‌كرێ؟
خالید عه‌زیزی: ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به په‌ێڕه‌و پرۆگرامه‌وه هه‌بێ، جیاوازییه‌كان ئه‌وه‌نده گه‌وره نین. هه‌ر چه‌ند كۆنگره‌ی چوارده‌ی ئێمه هێندێك ئاڵوگۆڕی له په‌ێڕه‌و پرۆگرامدا هێنا ئاراوه، به‌ڵام ئه‌وانه كۆسپی جیددی نین. كاتێك ده‌كرێ قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین كه ئێمه هه‌ر دوو لا قبووڵ بكه‌ین كه له‌تبوونی حیزبی دیموكرات چاك یان خراپ"ئه‌مری واقیع"ه‌و ته‌واو. ئه‌مه یه‌كه. دووهه‌م: هه‌ر دوو لا له‌و واقیعیه‌ته تێبگه‌ین كه چالاكییه‌كانمان له ئاستی نێوخۆ و له ئاستی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هیچ كێشه‌و كۆسپێك نیه بۆ ئه‌ویتر، به‌ڵكوو ئه‌وه گۆڕه‌پانێكی دیكه‌یه بۆ به‌هێز كردنی جووڵانه‌وه‌ی كورد. ئێمه له رووی یاسایی، ته‌كنیكی، سیاسی‌و دیپلۆماتیك‌و راگه‌یاندن‌و رێكخستنه‌وه هیچ كێشه‌و گرفتێكمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه نییه. هیوادارین ئه‌وانیش هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نییه. به كورتی ته‌مه‌نی مرۆڤایه‌تی و په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كان له خیزبایه‌تی كۆنتره، بۆیه مرۆڤ نابێ هه‌رگیز له‌سه‌ر حیزبایه‌تی‌و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی دوژمنایه‌تی یه‌كتر بكا.
ئاسۆ: به‌م پێیه هیچ مه‌رجێكتان بۆ دانیشتن‌و دیالۆگ نییه ؟
خالید عه‌زیزی: مادام هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان نییه، هیچ مه‌رجێكیشمان بۆ دانیشتن‌و قسه كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه نییه. هه‌ر له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، زۆر لایه‌نی سیاسی كه دۆستی هه‌ر دوو لامانن، چ حیزب‌و چ كه‌سایه‌تی، لێره، له ناوخۆ، له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشتنیان بووه، داوایان لێكردوین كه بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی‌و ته‌نانه‌ت یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوولا ئێمه دانیشتنمان هه‌بێ. ئێمه هه‌میشه له وڵامدا وتوومانه بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی پێشوومان هیچ مه‌رجێكی تایبه‌تمان نییه. ئه‌گه‌ر رۆژێك پێكه‌وه دابنیشین ده‌بێ هه‌موو شتێك باس بكه‌ین‌و رابردووی ئه‌و كێشانه لێك بده‌ینه‌وه‌و بتوانین مكانیزمێك ببینینه‌وه له‌سه‌ر چه‌ندو چۆنی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا و هاوكاریمان له‌گه‌ڵ یه‌كدی. ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵانییه‌ت‌و مه‌نتق به‌وه گه‌یشتین كه ئه‌و دوو حیزبه یه‌ك بگرنه‌وه با یه‌ك بگرنه‌وه‌و ئێمه ئاماده‌ین.
ئاسۆ: ئێوه كه هیچ مه‌رجێكی تایبه‌تان نییه ئایا مه‌رجیش له‌و لایه‌نه قبووڵ ناكه‌ن؟
خالید عه‌زیزی: ئێمه بۆ دانیشتن نه مه‌رج‌و شه‌رت بۆ ئه‌وان داده‌نین‌و نه مه‌رج‌و شه‌رت له‌وان قبووڵ ده‌كه‌ین. ئێمه هه‌ر دوولامان حیزبی نایاسایین له ئێران‌دا، هه‌ر دوولامان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتین، له تاراوگه‌ین، هه‌ر لایه‌نێكمان بڵێ من ئه‌وه‌نده‌م خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵه‌و ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵه، ئه‌وانه هه‌مووی بانگه‌شه‌یه. تا رۆژێك له رۆژان هه‌ر دوو حیزبی دیموكرات نه‌چوونه‌ته‌وه نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك‌و له هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و دیموكراتیك‌دا خه‌ڵك ده‌نگی خۆی نه‌داوه، دیاری نه‌كردوه كه ئه‌و حیزبه چه‌ند كورسی وه‌به‌ر ده‌كه‌وێ‌و ئه‌وی دیكه چه‌نده‌و... هیچ لایه‌نێكمان ناتوانێ بڕیار له‌سه‌ر پۆزیشێن(موقعیت)ی خۆی بدا. بۆیه ئێمه مه‌رج دانان به دروست نازانین له هیچ لایه‌كه‌وه. باشترین قازی(دادوه‌ر) سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدانی خه‌ڵكه، نه‌ك قه‌زاوه‌تی ئه‌ندامانی تۆڕی هه‌ر دوولا.
ئاسۆ: ئه‌وان وه‌ك مه‌رجێك باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئێوه نێوی خۆتان بگۆڕن. چۆن چاو له‌م مه‌رجه ده‌كه‌ن؟
خالید عه‌زیزی: له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نێودا پێمخۆشه ئاماژه به چوار لایه‌نی بكه‌م. لایه‌نێكی مێژووییه: له مێژووی حیزبی دیموكراتدا هه‌م نێوی "حیزبی دیموكراتی كوردستان" هه‌بووه و هه‌م نێوی"حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران". یه‌كه‌م جار ئه‌م حیزبه له‌سه‌ر ئه‌مری "پێشه‌وا" به نێوی حیزبی دیموكراتی كوردستان دامه‌زراوه‌و و له‌كاتی كۆماری كوردستانیش كه حیزبی دیموكراتی كوردستان دایناوه به نێوی حیزبی دیموكراتی كوردستان بووه. ئه‌وه له رابردوودا به‌ڵگه‌كان له‌به‌ر ده‌ستدان‌و چاو له رۆژنامه‌ی كوردستان‌و راگه‌یه‌ندراوه‌كان ده‌كه‌ی هه‌موو ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن. زۆر دواتر ئاڵوگۆڕێك به‌سه‌ر نێوه‌كه‌دا هاتووه‌و ئه‌و نێوه بۆته "حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران". پاش ئه‌وه‌ی حیزبی دیموكرات ئه‌و له‌تبوونه‌ی به‌سه‌ر داهات، لایه‌نێك كه ئێمه‌ین نێومان"حیزبی دیموكراتی كوردستان"ه‌و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ش نێوی "حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران"ه. ئه‌وه لایه‌نی مێژووییه‌كه‌ی. لایه‌نی یاساییه‌كه‌ی: حیزبی دیموكرات چ "حیزبی دیموكراتی كوردستان"و چ "حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" بێ له ئێران نایاساییه. لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی: ئه‌و ماوه‌ی كه ئێمه به نێوی"حیزبی دیموكراتی كوردستان"ه‌وه له چالاكی نێو ده‌وڵه‌تیداین چ له ئه‌مریكا، چ له ئه‌ورووپاو چ له په‌یوه‌ندی خۆمان له‌گه‌ڵ شوێنه یاساییه‌كان هیچ گرفتێكمان له‌سه‌ر "نا" بۆ نه‌هاتووه‌ته پێش‌و دڵنیام ئه‌وانیش هیچ گرفتێكیان نییه به‌و نێوه. ئه‌و دوو نێوه له واتای ئینگلیزییه‌كه‌ی‌و كورتكراوه‌ی ئینگلیزییه‌كه‌یدا، به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازن. ئێمه پێكه‌وه له ئه‌نترناسیۆنالدا بووین و ناوی هه‌ر دوولاشی تێدایه‌و بۆ ئه‌نترناسیۆنال‌و حیزبه‌كانی به‌شدار له‌وێ كێشه نه‌بوو. ئێستاش بێ كێشه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌كان له ئه‌ورووپاو ئه‌مریكا هه‌یه‌و بۆ هیچ لایه‌كیش كێشه نه‌بووین. ئه‌وه لایه‌نی نێو ده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی. لایه‌نی سیاسییه‌كه‌ی: كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له ناوخۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێیان ناخۆش بووه كه ئه‌و حیزبه له‌ت بووه، لایه‌نگرانی حیزبی پێشوو كه‌م‌و زۆر دابه‌ش بوونه. هه‌ر دوولا ئێستا چالاكی خۆیان ده‌به‌نه پێشێ. رۆژانه‌ش ئێمه هیچ گرفتێكمان نییه له به‌كارهێنانی ئه‌و نێوه‌دا. به‌ڵام له هه‌مووی ئه‌وانه گرنگتر هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد داهاتوو بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌دا.


